سەردێڕ:

ھاوار بۆ کازمی لە پای چی؟

9/16/2020 8:56:50 PM
3583 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەگەر سەیری ھەڵوێستی ھاوڵاتیانی کوردستان بکەین لە کاتی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان، ھە ست بە نیگەرانی و ناڕەزاییەکی زۆر دەکرێت، کە بۆماوەی نزیک لە سی ساڵە لە دەروونی تاکی کوردیدا کەڵەکە بووە، بەم ھۆیەشەوە کاری کردووەتە سەر دید و تێڕوانین و بیرکردنەوەی، تەنانەت ئینتیمای بۆ نیشتیمان و نەتەوەش.
ئەگەر سەیری ھاواری دایکانی ئەنفال و جینۆساید بکەین وەک لە سەردانەکەی بۆ شاری دھۆک بینرا، یان ئەو جوتیارانەی کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی چاوەڕێی گەیشتنی کازمی بوون و پاشان بە چ شێوازێک پێشوازی لێکردن و چۆن داواکارییەکانیان خستە بەردەستی، کە ھەموویان ھاواریان بوو بۆ ئەو پارەیەی چەندین ساڵی گەنمەکانیان پێ بدرێت و ئیتر ھیچ کە گاڵتە بە ھەست و کەسایەتییان نەکرێت.
وەک لە سەردانەکەدا بینرا ئەمە لە ھەڵەبجە و لە شوێنەکانی تریش روویان داوە، بۆ ئەوە تەنانەت خودی پارێزگای سلیمانی ۲٨ داواکاری خستووەتە بەردەستی، وەک یاداشتێک پێی داوە.


ئەگە ر بەشێوەیەکی ورد توێژینەوە بۆ ئەم سەردانە بکەین، ئەوەی ھەستی پێدەکەین کە زۆرینەی ھاوڵاتیانی کوردستان ھەست ناکەن حکومڕانێکی دڵسۆز لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و لە خەمی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیاندا بێت، یان خاوەنی خەمێکی نیشتیمانی بێت بۆ گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە . 
ئەو چالاکی و جموجۆڵ و سەردانانەی کازمی کە کردوونی لە کوردستاندا. رووی راستەقینەی ئەم دەسەڵاتەی ھەڵماڵی. چونکە ئەم حکومڕانییە لە نێوان خۆیان وھاوڵاتیاندا بۆشاییەکی گەورەیان دروست کردووە.


ئەوان لە دۆخێکدا دەژین و خەڵکیش لە دۆخێکی تر. حکومڕانان و بەرپرسان لە ھەرێمی کوردستاندا گرفت و ھاواری ھاوڵاتیانیان لە بیردا نییە، ئەوان سەر گەرمی پێکەوەنان و کەڵەکە کردنی سەرمایەن. بەو ھۆیەشەوە ئەم حکومڕانییە لە نێوان خۆیان و ھاوڵاتیاندا بۆشاییەکی گەورەیان دروست کردووە. ئەوان لە دۆڵێکدا دەژین و خەڵکیش لە دۆڵێکی تر. 


حکومڕانان و بەرپرسان لە ھەرێمی کوردستاندا گرفت و ھاواری ھاوڵاتیانیان لە بیرچووەتەوە، ئەوان سەرگەرمی سەفا و ژیانی خۆش و کەڵەکە کردنی سەرمایەن، ئەوان ھەروەک ھەموو سەرکردەیەکی تر تاکڕەو و عە سکەرتار و بێباکن، شتێک نییە بە لایانەوە بە ناوی دەنگی ھاوڵاتی و رەخنە و چاودێری و بارودۆخی ژیان و بە دەمەوەچوونی داواکارییەکانیان. 


زۆرجاریش لەڕێگەی بەرپرسەباڵاکان و حکومەت ھاوڵاتیان بە نابەرپرس و کەمتەرخەم لە قەڵەم دەدەن. ئێستا جەماوەری کوردستان خەڵکانێکی بێ پشت و پەنان و ھەموو دەرگاکان لەبەردەمیاندا داخراوە. ھەر لەبەر ئەوەیە کە کەسێکی وەک کازمی سەردانی کوردستان دەکات، زۆرینەی خەڵک چەپڵەی بۆ لێدەدات بە ھانایەوە دەچێت و لەئێستاشدا ئەگەر ھەرێمی کوردستان سیادەی حکومڕانیەکەشی بکەوێتە بەر مەترسی بە لایەوە شتێک نییە.


ئەم نوخبە حوکمڕانە لە ئێستادا لاوازترین زنجیرەی بەڕێوەبەرایەتی پیادە دەکات. بەلایەوە گرنگ نییە کوردستان و ھاوڵاتییەکان چییان بەسەر دێت و بەرەو چ ئاڕاستەیەک ھە نگاو دە نێت. چونکە بە درێژایی ئەو مێژووە، دەرکەوت ئەمانە پیاوی حکومڕانی نین و بەڕێوەبردنی حکومەت و دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و دادگاکان لە لاوازترین خاڵدایە. 
ئەوانەش نین کە وەک ھەر سەرکردەیەکی دڵسۆز و خاوەن پلان خزمەت بە ئایندەی نیشتیمانەکەیان بکەن، لەبەرئەوەشە لەئێستادا جەماوەر باش ئەمانە دەناسن و بەتەواوی دەستی لێ شتوون، ئەگەر ھەلێکیشی بۆ بڕەخسێت لە راپەڕینێکی جەماوەریدا کۆتایی بە دەسەڵات و حکومڕانیان دەھێنێت.