سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی

7/2/2020 10:51:13 PM
9470 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی لە لایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێوە، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵێنانەی کە نەوەی نوێ بە ھاوڵاتیانی کوردەستانی دابوو، چونکە بەلای نەوەی نوێوە خانەنشین بوونی پەرلەمانتاران بە لە سەدا ھەشتای موچەکانیان، لەلایەک بارگرانیەکی زۆر دروست دەکات لە سەر بودجەی حکومەت، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر بەراوردی بکەین بە موچەی فەرمانبەران کارێکی زۆر ناڕەوایە، کەبە چوار ساڵ پەرلەمانتار موچەیەکی خانەنشینی وەربگرێت کە دە قاتی فەرمانبەرێک بێت.

لە لایەکی تریشەوە ئەو خانەنشینیە زەبەلاحە وایکردوە کە پاڵێوراوەکانی پەڕلەمان ئەوەندەی ھەڵپەی گەیشتنیانە بە پۆست و ئیمتیازات ئەوەندە مەبەستیان نیە کە لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە دۆزی گەلەکەیان بکەن.

لەبەر ئەوە نەوەی نوێ دەیەوێت ئەمە بکاتە پڕۆژەیەک و پاشان ببێت بە یاسا بۆ ئەوەی پەرلەمانتار سەنگی ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێت و بەڕۆڵی و بەرپرسیارێتی خۆی ھەڵبسێت بەتایبەت لە چاودێریکردنی حکومەت و بەدواداچونی گەندەڵیەکان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیەکانی ھاوڵاتیان.

لەبەر ئەوە نەوەی نوێ بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی خۆی ئەگەر ئەم پرۆژەیە لە لایەن پەرلەمانیشە وە قبوڵ نەکرێت، سەرەتا دەیەوێ لە فراکسیۆنەکەی خۆیەوە دەست پێ بکات، واتە ئەم کارەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ نە موزایەدەیە بە سەر ھیچ فراکسیۆنێکیتردا، نە لەبەر ئەوەشە کە پەرلەمانتار کانی شمولی ئەو خانەنشینیە نەکەن.

لەلایەکی تریشەوە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ماوەی ڕابردودا ئەو ڕاستیەیان سەلماندووە کە بەڕاستی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن و بەرگرییەکی سەرسەختانە دەکەن لە مافەکانی ھاوڵاتیان، لە ڕوی بەرەوڕووی نەوەی گەندەڵی و بەدواداچون بۆ داھاتی نەوت و گاز و داھاتە کانی ناوخۆ، لەلایەکی تر بنیاتنانی حکومەتێکی چاک و فشار خستنە سەر حکومەت بۆ شەفافیەت لە ڕوی دارایی و گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەڕلەمان و رێگەگرتن لە کۆمپانیای حیزب و بەرپرسان کە سەروەت و سامانی کوردوستان بە ھەدەر بدەن.

لە بەر ئەوە ڕەتکردنەوەی خانە نشینیەکەش بۆ ئەوەیە کە بڵێن ئێمە لەخۆمانوە دەست پێ دەکەین و ئامادەین قوربانی بە بەرژەوەندیەکانی  خۆمان بدەین لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک و چەسپاندنی مافەکانی .