سەردێڕ:

گەندەڵی.. بابەتێک گەورەتر لە فەتوا

6/30/2020 11:59:44 AM
5144 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەنجومەنی باڵای فەتوای ھەرێم، لە فەتوایەکدا موچەخۆری بندیوار و وەرگرتنی دوو موچە و ئەوانەی کە بە نایاسایی خانەنشین کراون بە حەرام لەقەڵەم دەدات.

لەسەر ئەم فەتوایە ئەنجومەنی باڵا ڕوبەروِی گەلێک ڕەخنەبوونەوە، لە ڕاستیدا بەم کارەیان ڕۆڵی زانایانیان نادیدە گرتوو بەپرسیاریەتی ئاینیان کردە ڕۆڵێکی پەراوێزی و لەم دۆخەی ئێستاشدا فەتواکە خزمەتێک بوو بەو چاکسازیەی کە ئێستا حکومەت دەیەوێت جێبەجێی بکات، لە فەتواکەدا باس لە سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵی نەکراوە کەلە ئێستادا حکومەت و پارتە حکومڕانەکان ڕابەڕایەتی دەکەن، کە ئەمەش دەبوایە بابەتی سەرەکی فەتواکە بوایە و ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەو سیستمەیان بکردایە کەبەرپرسە لە گەندەڵی، چونکە ئەگەر سەرنج لە قورئانیش بدەین خوای گەورە ڕاستەخۆ ڕو دەکاتە سەرکردەکانی ستەمکاری و گەندەڵی و پێیان دەفەرموێت، (ان اللە لا یصلح عمل المفسدین).

ھەروەھا لە چیرۆکی موسا و فیرعەونیشدا خوای گەورە ڕاستەخۆ ڕوبەروی فیرعەن دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا پرسی گەندەڵی و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی، بە بنیاتنانی سیستمێکی سیاسی و دیموکرات و کراوە و داد پەروەر دەبێت، کە ئەمەش بابەتی فەتوا نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسی گشتییە و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ھەموو پارتە سیاسیەکان و جەماوەر و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد بەھەموو بیروڕا جیاوازیەکانیەوە بەشداری تێدا بکەن و مامۆستایانی ئاینییش لەو بوارەدا دەبێت بە ڕۆڵی خۆیان ھەڵبسن.

بە پێی ئەم فەتوایە مامۆستایانی ئاینی وەک گروپێکی چاودێر و بێ لایەن سەیری نەھامەتی گەلەکەیان دەکەن و فەتواکەش ھاوشێوەی بەیاننامەیەکە کەھەر لایەنێکی تر دەری دەکات بۆ ناڕازیبوون بۆ ئەو دۆخەی کە لە ئارادایە، کە ئەمەش پێچەوانی ھەڵوێستی پێغەمبەران و پەیامەکانیان بووە. چو‌نکە ئەوان ڕاستەوخۆ ڕابەڕایەتی گەلەکانیان کردووە و لەبەرەی پێشەوەی خەڵکدا بوون دژ بە ستەمکاری و گەندەڵی و ئامانجی گەورەشیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بووە ( لقد ارسلنا رسلنا بالبینات وانزلنا معھم الکتاب والمیزان لیقوم الناس بالقسط).
لە کاتێکدا کە گەلی کوردستان بە ھەموو چین و توێژ و بیروڕا جیاوازیەکانییەوە کەوتونە ژێر ھەژموونی گوندەڵی و ژیانێکی ناھەموار بەسەر دەبەن، دەبوایە مامۆستایانی ئاینی وەک کەسانی خاوەن پەیام و شوێنکەوتەی پێغەمبەران لەبەرەی پێشەوەی چاکسازان بونایە دژ بە گەندەڵی، جا ئەو گەندەڵکارانە لە ھەر پارت و ئاین و ھەر گروپێکدا بن.

دەبوایە مامۆستایانی ئاینی نمونەی پاکی و چاکی و ڕاستگۆیی بوونایە و سەرەتا ئەم ھەوڵەیان لە خۆیانەوە دەست پێ بکردایە کە پشتیوانیان نەکردایە لە گروپێکی حکومڕانی گەندەڵ ئەگەر سەر بەھەر پارتێک بوونایە چەنکە خوای گەورە دەفەرموێت : (ولا ترکنوا الی الذین ظلموا فتمسکم النار)، چونکە لە ناو مامۆستایانی ئاینیشدا بەشێکی زۆریان دەبینین کە پشتیوانی لە پارتە حکومڕانە گەندەڵەکان دەکەن و ئامادە نین تەنھا بە وتەیەکیش بەرەو ڕوویان بوەستنەوە و داوای چاکسازیان لێ بکەن و دژ بە گەندەڵیەکانیان بوەستنەوە، بەم کارەشیان شەرعیەتیان بە گەندەڵی داوە و خۆشیان زۆر بە کەسێکی لاواز نیشان دەدەن لە بەرامبەریاندا.

ئەرکی سەرەکی مامۆستایانی ئاینی لە ئێستادا دەبوو داوا لە پارتە سیاسیەکان و جەماوەر و رَێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بکەن کە ڕیزەکانیان ڕێکبخەن بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵکاران، چونکە وەک خوای گەورە دەفەرموێت، ( والذین کفروا بعضھم اولیاء بعض، الا تفعلوە تکن فتنە فی الارض و فساد کبیر).

گەندەڵکاران ھەموویان لەبەرەیەکدان و یەک ئامانجیان ھەیە کە دژایەتی چاکسازان و سەپاندنی ھەژموونی خۆیانە بەسەر گەلدا، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە مامۆستایانی ئاینی خاوەن پلانێکی یەکگرتوو بونایە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و کۆتایھێنان بەو سیستمە سیاسیە گەندەڵەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، چونکە خوای گەورە دەفەرموێت، (ولتکن منکم امە یدعون الی الخیر و یامرون بالمعروف و ینھون عن المنکر).

ئەو گروپەش کە لە ئایەتەکەدا باس کراوە دەبێت کەسانی زانا و تێگەیشتوو و ئەکادیمی بن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی گەل بکەن و نەھێڵن گەندەڵکاران باڵی ڕەشی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا واڵا بکەن، لەم فەتوایەی ئەنجومەنی باڵادا بەھیچ شێوەیەک باس لە بکەرە باڵاکانی گەندەڵی نەکراوە ، کە ھۆکاری سەرەکی گەندەڵین و ڕۆژانە و مانگانە سەدان ملیۆن دۆلار لە داھاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان و داھاتی ناوخۆ و بەفیڕۆ دەدەن و لە ڕێگەی بەرپرس و کۆمپانیا حیزبیەکانەوە  دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەڵام بە ھیچ جۆرێک باس لەمانە ناکات و تەنھا فەتواکەی ڕوو دەکاتە ئەو ھاوڵاتیانەی کە ئەوانیش قوربانی ئەو سیستمە گەندەڵەن کەلە ئارادایە، چونکە لە سیستمێکی دیموکرات و حکومەتێکی چاکدا ھەرگیز دیاردەیەکی وا دروست نابێت و گەندەڵکارانیش لەھەر پۆست و پلەیەکدا بن ڕوبەڕوی یاسا دەبنەوە و سزای خۆیان وەردەگرن.