سەردێڕ:

حوکمڕانانی ھەرێم و پیادەکردنی جۆرێکی نوێی رەگەزپەرستی

6/6/2020 1:54:39 PM
3449 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

کورد لە مێژوودا بەردەوام قوربانی دەستی رەگەز پەرستی بووە، ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سیاسی شۆڕشە یەک بەدوا یەکەکانی کوردیش بکەین ھەموویان لە کاردانەوەی رەگەزپەرستی ئاینی و نەتەوەیی و رەگەزیەوە بووە، بۆ ئەم مەبەستەش قوربانیەکی زۆریان داوە و بە دەیان ھەزار شەھید و بریندار و کەم ئەندامی بەدوای خۆیدا ھێناوە، ھەموو تاکێکی کورد ئەو ھەستە ناسیونالیزمەی بۆ دروست بووبوو، کە نەتەوە باڵادەستەکان تەنھا لەبەر کوردبوون ئێمە دەچەوسێننەوە و زیندانی و جینۆسایدمان دەکەن و ھەوڵی بە سوتماک کردنی نیشتیمانەکەمان دەدەن و رێگە نادەن کوردستان پێش بکەوێت و گەشە بکات و ھاوڵاتیانی بەختەوەربن.

ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، رەگەز پەرستی بەھەموو جۆرەکانیەوە کوردی کردووەتە نیشانە و دەیان کارەساتی مرۆیی لە کوشتن و جینۆساید و راوەدوونان و بە عەرەبکردن  و بە تورک کردن و بە فارس کردنی ئەنجامداوە، کورد لە بەرەنگاری و شۆڕش نەوەستاوە، دوژمن نەیتوانیوە کۆڵی پێ بدات، تا لە ئەنجامدا لە راپەڕینی ۱۹۹۱دا سەرکەوت و توانی ھەرێمی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی کوردیدا بنیات بنێت، بەو ھیوایەی کە ئەمە قۆناغی کۆتایی ھاتن بێت بە ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوە و خیانەت و ھەمووان وەک ھاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەمافەکانیان شاد ببن.

بەڵام سەد مەخابن دوای ۲۹ساڵ لە حوکمی دەسەڵاتدارانی کورد، ھاوڵاتیان لە شار و شارۆچکەکان ھاوشێوەی ۹۱ دێنە سەر شەقام و ھاواریانە لە دەست گەندەڵی و نا عەدالەتی و دزینی سەروەت و سامانی خەڵک و بێ کاری و بێ کارەبا و ئاویی و قۆرغکردنی ھەموو جومگەکانی دەسەڵات بۆ دوو حیزب و دوو بنەماڵە و سەرھەڵدانی جۆرێکی تر لە رەگەزپەرستی و چەوسانەوە و بێمافکردن. 
ئەو رەگەزپەرستیەی ئێستا لە کوردستان پیادە دەکرێت، زۆر ترسناکترە لەوەی کە بەعسیەکان لە کۆن و فارس و تورکەکان لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن.

چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ھاوڵاتیان و گەنجان بێکار دەکات و شەق لە مامۆستا ھەڵدەدات و بە فیشەک رووبەڕووی خۆپیشاندەر دەبێتەوە و رۆژنامەنوس دەکوژێت و فەرمانبەر  و مامۆستا و موچەخۆر دەکاتە کۆیلەیەکی ریسوا و بێماف، ئەو دەسەڵاتە کوردیەیە کە بەرھەمی سەدان ھەزار شەھید و لافاوی خوێنێکە لەمێژوودا.

ئەوەی حوکمڕانەکانی ھەرێم دژ بەگەلەکەی خۆیان دەیکەن جۆرێکی ترە لە رەگەزپەرستی، چونکە ئەوەی ئەمان دەیکەن زۆر زیاترە لەوەی کە دوژمنەکان کردویانە، ئەمانە سەروەت وسامانی دەبەن، گەنجەکانی بێکار دەکەن پەروەردە و تەندروستییان کردووەتە بازاڕێک بۆ پارەپەیداکردن، ئازادییان سنوردارکردووە، مانایەکیان بۆ دیموکراسی نەھێشتۆتەوە، ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەییان لای گەنجان خستۆتە ژێر پرسیار، ھەموو ئەمەش ئەنجامی دەدەن لەژێر سایەی حوکمڕانێکی کوردیدایە، واتە ئەوەی جاران داگیرکەران ئەنجامیان دەدا، ئەمان بەزیادەوە دەیکەن، لە ئێستادا ئەوەی حوکمڕانەکان دەیکەن دەرچونە لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکانیان و مێژووی خەباتی سیاسی و بانگەشەکانی ھەڵبژاردن، ھەموو ئەمانەش بە بەر چاوی دوژمنەکانەوە دەکرێت.

کەواتە لێرەوە ئەوان راستیەکی ترمان پێ دەڵێن، کە پێویست ناکات جارێکیتر بە سوپا و فڕۆکە بێن نیشتمانەکەمان داگیر بکەن، بەڵکو ئەمانە بپارێزن لە ئەوان زیاتر گەلی کورد دەچەوسێننەوە و لەسەر ئاستی جیھان شوناسی کوردبوونی دەشێوێنن.