سەردێڕ:

نەوەی نوێ وەک ھێزێکی کارا لە روبەروبوونەوەی حوکمرانە گەندەڵەکاندا

5/31/2020 10:53:03 AM
2517 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

سەرەڕای ئەوەی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ھێزێکی سیاسی نوێیە و تەنھا دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەر بووە، بەڵام توانیویەتی شێوازێکی نوێ لە کاری حیزبی و ئۆپۆزسیۆنبوون دابھێنێت و لەم قۆناغەشدا، وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک دەربکەوێت، لە ھەمان کاتدا بەردەوام کار لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری دەکات بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵییەکانی دەسەڵات، سەرەڕای ئەوەی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دەنگدەرە، لە لایەکی ترەوە بەھۆی ھەڵوێستە روون و ئاشکرا و بوێرانەکەیەوە بەرامبەر بە گەندەڵیەکانی دەسەڵات، لە ئێستادا بووەتە جێگەی ئومێدی بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، نەوەی نوێ بە پلانێکی ستراتیجی بڕیاری داوە کە تواناکانی خۆی لەکاری لاوەکیدا بەفیڕۆ نەدات و راستەو خۆ بچێتە ناو جەماوەر و لەگەڵ کێشەکانیاندا بژی و راستەوخۆ چاودێری دەسەڵات بکات، ئەم پلانەشی لە واقیعدا بەرجەستە کردووە و سەرۆک و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی وخۆبەخشەکانی، وەک چاودێرێکی چالاک و ھۆشیار ھاوشان لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تردا، بەردەوام چاودێری گەندەڵیەکانی حکومەت دەکەن و توانیویانە لە زۆر وێستگەی ھەستیاردا ڕای بگرن.

لە دوایەمین ئەو وێستگانەشدا کەنەوەی نوێ توانی حکومەت رابگرێت و ببێتە پێشەنگی ھێزە سیاسیەکان و جەماەوەریش، ئەوکاتە بوو کە سەرۆکی حکومەت پاش ١٠ مانگ لە پێکھێنانی حکومەت وتارێکی خوێندەوە، کە ھەمووی رەشبینی و بێ ھیوایی بوو، لە وتارەکەیدا ووتی: حکومەت ٢٧ ملیار دینار قەرزارە و ھیچ دەستمایەیەکی نیە و دەستکەوتی نەوت لە مانگێکدا ٣٠ ملیۆن دۆلارە، ئەم لێدوانانە ئاماژەی مەترسیداری لێ دەخوێندرایەوە لەوانەش، جارێکی تر دەستبردن بوو بۆ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران.

بەڵام شاسوار عەبدول واحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ٢٤ کاژێر لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، رایگەیاند کە حکومەت قەرزار نیە و ئەو داتایانە راست نین کە بڵاوی دەکاتەوە، لە راگەیاندنەکەیدا ئەوەی رونکردەوە کە حکومەت لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لە ھەموو داھاتەکانی ناوخۆ و نەوت و ھاوکاری ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە ٧٤ ملیار دۆلار بووە و لەم رێژەیەش تەنھا ٣٠ ملیاری داوە بە موچە، کەواتە دەکرێت بپرسین ئایە ئەوەی تر چی لێھاتوە؟
لەدوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەو زانیاریانەی بۆ رای گشتی  ئاشکراکرد، کاردانەوەیەکی گەورەی جەماوەری و رێکخراوەیی و حیزبی بەدوای خۆیدا ھێنا، تەنانەت بووەھۆی ئەوەی کە کاریگەری گەورە لە سەر سەرۆکی پەرلەمان دروست بکات کە سەر بە یەکێتیە و ھاوبەشێکی سەرەکی حوکمڕانیە لە گەڵ پارتی، ئەو لە راگەیەنراوێکدا ووتی حکومەت قەرزار نیە و ئەوداتایانەش راست نین کە بڵاو کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە و بەرپرسی بۆردی قەرزەکانە و ئامانج رەحیمیش سەرپەرشتیاری پرۆژەکەیە، لەدوای ئاشکراکردنی ئەو داتایانە لە لایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە ، ١٧ ئەندام پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن  داوای بانگھێشتکردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیانکرد بۆ پەرلەمان بۆئەوەی رونکردنەوە بدەن لە سەر ئەو قەرزانە .

سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیان بانگکرد بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی رونکردنەوە بدەن لە سەر ئەو ٢٧ ملیار دۆلارەی کە دەڵێن حکومەت قەرزارە، ئەمە سەرەرای ئەوەی کە ئەو لێدوانانەی شاسوار عەبدول واحید دانگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو لەلای ھاوڵاتیان و لە سۆشیال میدیاشدا پشتیوانیەکی باشی لێکرا، لە راستیدا ئەو وتارەی سەرۆکی حکومەت کەباسی لە ٢٧ ملیار دۆلار قەرزکرد لە سەر حکومەت بووە جێگەی گومانی زۆر لەلایەن  ئابوریناسان و پسپۆڕانی بواری بانکی و شارەزایانی بواری دارایی، چونکە سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا نە باسی سەرچاوەی قەرزەکەیکرد، نە رێژەی سوەکەی خستەروو، نە باسی دەستکەوتی ساڵانەی داھاتی ناوخۆی کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بۆ دە ساڵ دەچێت، کە بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان و پەرلەمان بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری وردەکاری ئەم قەرزە نیە، حکومەت بۆ سەلماندنی راستی قەرزەکان و رەواندنەوەی گومانەکان، دەبوایە بەشەفافی باسی لە دەستکەوتی ساڵانەی ناوخۆ بکردایە بە نەوت و ئەوانی تریش، پاشان خەرجیەکانیشی باس بکدایە لەموچە و خزمەتگوزاریەکان، لەدوای ئەوە ئینجا باسی قەرزی بکردایە، چونکە بەپێی رێژەی ئەم قەرزانە ھەر ھاوڵاتیەکی ھەرێمی کوردستان ٤٥٠٠ دۆلار قەرزار دەبێت، لەکاتێکدا کە پێشتر لە داتایەکی تردا بودجەی مانگانەی تاک لە ھەرێمی کوردستاندا بە ٤٠٠ دۆلار خەمڵێندرابوو، ئەمەش مانای وایە مانگانە تاک چی دەست دەکەوێت، دەبێت بدرێتەوە بە قەرز، کەواتە سەرۆکی حکومەت بەم وتارەی زیانێکی گەورەی بە ناوبانگی خۆی و حکومەتەکەی و ئەنجومەنی وەزیران و پارتەکەشی گەیاند، چونکە ئەوەی خستەروو کە ئەو سەرۆکایەتی حکومەتێکی بێ تواناو بێ پلان و شکستخواردوو موفلیس دەکات و تەنھا رێگەش لە بەردەمیدا دەست لەکار کێشانەوە و پێکھێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتە.