سەردێڕ:

کۆتایی پەرلەمان و ھەلێک بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە

5/8/2020 1:02:57 PM
8226 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەم ھەنگاوەی پەڕلەمانی کوردوستان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەڕلەمانتاران  شتێکی تازە نیە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەتەیە کە حوکمڕانانی ھەرێمی کوردوستان ھەیانە بۆ کاری سیاسی و ئەو جیھانبینیە خێڵەکیەی کە دەیانەوێت لە واقیعدا بیچەسپێنن، ئەوانەی کە بەدرێژایی ٢٩ ساڵی ڕابردوو حوکمی ھەرێمی کوردوستانیان کردوە ھیچیان خاوەنی یٔایدیا و فەلسەفەی حوکم نەبوون، لەبەر ئەوە ئەو دروشمانەش کە بەرزیان کردۆتەوە، لە دیموکراسی و سۆشیال دیموکراتی و لیبرالیزم، بێجگە لە درۆیەکی گەورە ھیچیتر نەبوە ، ئەوەش کە بینراوە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن تەنھا بۆ شەرعیەتدان بوە بە گەندەڵییو دزی و تاڵانکاری. 

لەبەر ئەوە دسەڵاتی٢٩ ساڵەیان ئەو ڕاستیەی سەلماندوە و جەماوەر و ھێزە سیاسیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ئەو ڕاستیە دەزانن، لەبەر ئەوە لە ھەمو کێشەکان لەگەڵ ناوەند و وڵاتە ھەرێمایەتیەکانیش ئەوان بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ کردون کە دووبنەماڵە و دوو گروپی سیاسی و بازرگانن نەک پیاوی دەوڵەت و حوکمڕان، لەبەر ئەوە ئەوەی کە ئێستا بەسەر پەڕلەمانیان ھێناوە بەرھەمی ئەو جۆرە جیھانبینیە بچوک و بەرتەسکەیە کە لە نێو یٔەشکەوتەکاندا ھەڵیان گرتوە و یٔێستاش لە واقیعدا بەرجەستەی دەکەن، ئەوان لە بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراوەکانی وەک پەڕلەمان تێ ناگەن و ناشیانەوێ گەشە بکات و ڕۆڵی کارای ھەبێت، لە دوای ٢٠١٣وە کار بۆ ئەم ڕۆژە دەکەن کە پەڕلەمان وەک لقێکی حیزبی بێت و چیان ویست بەو شێوە بکات، پەڕلەمان ھەتا ٥٠ بە ٥٠ بو ھەروابو، بەڵام لە دوای ٢٠٠٩خەریکبو لە دەستیان دەربچێت، یٔێستا لەم خولەدا وایان لێکردوە، کە بەویستی خۆیان بێت، لەمەشدا تەنھا پارتی تاوانبار نیە، بەڵکو یەکێتیش تاوانبارە، لەلایەک بەھۆی ڕازیبون بە بەریٔەنجامی تەزویری ٢٠١٨، لەلایەکی تریش، ڕازیبون بەدابەشکردنی  سەروەت و سامانی کوردوستان لەگەڵیدا ،لەبەرئەوە ڕاستە لەم کارەدا یەکێتی تیانیە، بەڵام پاڵ بە پارتیەوە دەنێت کارەکە بکات، کە کردیشی ھەڵوێستێکی نیشتیمانی ئەوتۆی نیە کەڕای بگرێت.

لە یٔێستادا ھەست دەکرێت، کە پەڕلەمان بەتەواوی شکۆیان شکاند و پارتی بەدەر لە ھەمو حیزبەکان دەتوانێت چۆنی بوێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات، بەمەش پرسیار دەکەوێتە سەر کۆی حیزبەکان، کە ئایا لەدوای ئەم ڕوداوە بەچ ڕویەکەوە دەچنەوە ئەو پەڕلەمانەی کەھەمو توانا و دەسەڵاتەکانی لەکار خراوە و تەنانەت بەبێ بونی سەرۆکی پەڕلەمانیش دەتوانێ ھەمو کارەکان ڕایی بکات، لەم کاتەدا بوونی ئەوان لە پەڕلەماندا، بێجگە لە پاشکۆبون مانایەکی تری نیە، چونکە ناتوانن ھیچ ڕۆڵێکیان ھەبێت و ھەمویان دەبنە فەرمانبەر و حیزبی باڵادەست کە پارتیە، چی پێ ووتن دەبێت ئەوە بکەن و ئەگەر لە ڕێنماییەکانی ئەوانیش لابدەن، چارەنوسیان وەک سۆران عومەری لێ دێت، لێرەدا بەرپرسیاریەتێکی گەورە دەکەوێتە یٔەستۆی پەڕلەمانتارانی دەرەوەی پارتی کە ئەم ڕەوشە قبوڵ نەکەن و شکۆیەک بۆ خۆیان و پەڕلەمان بگێڕنەوە، ئەویش ھەمویان بەیەکەوە بەرەیەکی نیشتیمانی دروست بکەن، بەتایبەتیش یەکێتی ھەڵوێستی شێلگیرانەی ھەبێت و بەو سوکایەتیە ڕازی نەبێت کە پێی کراوە، بۆ ئەم مەبەستە بایکۆتی پەڕلەمان بکەن و ھاوشێوەی عێراق داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن، چونکە بەم ڕەوشەی یٔێستای پەڕلەمان و لە بەر ئەوەش کە لەسەر بنەمای تەزویر و بەشداری  کەمینەی خەڵک لە ھەڵبژاردندا دروست بوە قابیلی چاکبوون نیە، کەواتە تاکە ڕێگە ھەڵوەشانەوە و ھەڵبژاردنێکی نوێیە، بەڵام بەو مەرجەی کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە تەزویر بێت و ئەوکاتەش دەردەکەوێت کە چ حیزبێک جەماوەری  ھەیە و کێ جڵەوی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردوستان بەدەستەوە دەگرێت.