سەردێڕ:

نەوەی نوێ وەک فریادڕەسێک بۆ پەروەردەی هەرێم

3/26/2020 1:37:46 PM
4553 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

نزیکەی مانگێک زیاتر دەبێت بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆناوە پرۆسەی پەروەردە لە ھەرێمی کوردوستاندا وەستاوە ۰بەڵام لەراستیدا راگرتنەکە زۆر بێ پلان و دید و تێروانینێکی زانستیانە بوو، چونکە لەم کاتەدا کە خوێندن نزیکەی دوو مانگی ماوە و زۆربەی پڕۆگرامەکان خوێندراون نەدەبوایە بەو بێ بەرنامەییە خوێندن بوەستێت .
دەبوایە وەزارەتی پەروەردە بەخەمێکی قوڵ و پلانێکی ستراتیجیەوە روبەروی دۆخەکە ببوایەتەوە و چارەسەرێکی پێبووایە کە ئایا بەچ شێوازێک خوێندنی ئەمساڵ تەواو بکرێت و بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بین؟ 
راستە لە ئێستادا پەتاکە کوشندەیە و قوتابیان دەبێت بچنەوە ماڵەوە، بەڵام دەبێت ئەو راستیە بزانین کە لەئەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی زانیاریەدا زۆر رێگەی ترھەیە کە دەتوانرێ درێژە بەخوێندن بدرێت لە دەرەوەی قوتابخانە بەتایبەتیش لە سەر ئاستی وەزارەت و حکومەت کارێکی ئاسانە، چونکە دەتوانرێت ھەمو کەرتەکانی تر ناچار بکرێن  کە یارمەتی سەرخستنی پرۆژەکە بدەن۰ 
بەڵام بەداخەوە نە سەرۆکی حکومەت و نەوەزیری پەروەردە باسیان لە پڕۆژەیەکی بەدیل نەکرد بۆدرێژەدان بە پرۆسەی پەروەردە ۰
ئەم دۆخەی ئێمە تێی کەوتووین سەرەتایە و نازانرێت کۆتاییەکەی تا چ کاتێکە، لەبەر ئەوە دەبێت حکومەت بگەرێت بەشوێن رێگە چارەی نوێدا، چونکە خۆناکرێت ئیتر ئێمە پەلوپۆمان بشکێت و بەدیار خەمەکانەوە بگرین.
دەبووایە دوای داخستنی دەرگای قوتابخانەکان وەزارەت شێوازی خوێندنی بگۆریایە بۆ ئۆنلاین یان لە ڕێگەی کەناڵێکی فەزاییەوە درێژەی بە خوێندن بدایە بۆئەم مەبەستەش مامۆستای  پسپۆری دیاریبکردایە و کات و نەخشەی وانەکانی دیاری بکردایە و بۆئەم مەبەستەش دایبابانی ئاگادار بکردایە کە ھاوکاری مناڵەکانیان بن لەکاتی پەخشکردنیدا لەلایەکی ترەوە وانە بنەرەتیەکانی وەک بیرکاری و  زمانەکان وزانستی دیاری  بکردایە بەھەمان شێوە بۆ پۆلەکانی ۷بۆ۹ ھەروەھا ئامادەییەکانیش ,بەڵام بەومەرجەی وانەکان بکرێن بە ۲۰ خولەک و بە پوختی بوترێنەوە ,بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت ستافێکی مامۆستای پسپۆرو لێھاتوو دیاریبکرێن.
راستە ئەم پەتایە  کوشندەیە و دەبێت خۆی لێ بپارێزین، بەڵام گەرانەوە بۆماڵ  نابێت بگۆرێت بۆزیندان، بەڵکو لە ماڵەوەش مرۆڤ دەتوانێت بە ئالیەتی جۆراو جۆر درێژە بە چالاکیەکان بدات و ھەست بە زیندوێتی خۆمان و مناڵەکانمان بکەین. ئێمە ھەریەکەمان بەرپرسیارین، بەڵام حکومەت لەبەرئەوەی بەرپرسیاریەتێکی گشتی لە ئەستۆدایە و توانای جێبەجێکردنی پلانەکانی ھەیە دەبێت ئەو بۆبواری پەروەردە بێخەم نەبێت و بەپەلە چارەسەر بۆدۆخەکە دابنێت و بەشێوازی سەرکردە وەزیری پەروەردە پلانی بۆچارەسەری گرفتەکان ھەبێت.
لەم کاتەدا کە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە ھیچ پلانێکی ئاشکراو دیاریان نەبوو بۆتێپەراندن و چارەسەری ئەم قەیرانە نەوەی نوێ وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی سەرۆکەکەیەوە پڕۆژەیەکی راگەیاند، کە ئەویش کردنەوەی کەناڵێکی پەروەردەیی بوو بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، سەرەتا بۆپۆلی ۱۲ و پاشانیش بۆ پۆلەکانیتر، بۆئەم مەبەستە ستافێک لە مامۆستایانی پسپۆر دیاریکراوە بۆ وتنەوەی وانەکان.
خۆی لەراستیدا ئەم کارە بەشێکە لە بەرپرسیارێتی وەزارەتی پەروەردە و حکومەت، ئەوەی کە نەوەی نوێ دەیکات جۆرێکە لەکاری حکومەتی سێبەر، بۆئەم مەبەستە پێویستە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە بێنە سەرخەت و سوپاسی نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی بکەن و ئەم پڕۆژەیەش وەک خەمێکی نیشتیمانی و ھەوڵێکی بوێرانە لەقەڵەم بدەن بۆخزمەتکردنی قوتابیان سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر ئەوانیش خەمخۆری قوتابیان و پڕۆسەی پەروەردەن بێن و ھەمو کارئاسانیەکیان بۆبکەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.