سەردێڕ:

جەنگی کۆرۆنا و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی هەرێم

3/24/2020 7:25:33 PM
4787 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەوەی ئێستا دەبینرێت جەنگی جیھانی سێیەمە، بەڵام  سیمای ئەم جەنگە جیاوازە لە دوو جەنگەکەی تر، چونکە ئەو دوو جەنگەی تر روبەڕوبوونەوە بوو لە نێوان دوو بەرەی شەڕ، لە نێوان وڵاتە زلھێزەکانی سەر گۆی زەویدا، بەڵام ئەم جەنگەیان لەنێوان ھەمو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدایە لەگەڵ ڤایرۆسێکدا کە ناوی کۆرۆنایە، ھێرشەکە لە لایەن ڤایرۆسەکەوە بۆسەر ھەریەک لە وڵاتەکان بەشێوەیەکی تایبەتە، لەبەرئەوە ھەر وڵاتێک خۆی بەرپرسیارە لە روبەروبوونەوە و بەرگریدا.

ئێمەش ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستاندا بەرەیەکی ئەو شەڕەین، بەحکومەت و ئۆپۆزسیۆن و ھاوڵاتییان بەگشتی بەرپرسیارێتی روبەروبوونەوەی ئەو دوژمنەمان لە ئەستۆدایە، پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکان و مامۆستایانی ئاینی و مزگەوت و ھەموو فەرمانگە حکومییەکان، بارێکی نائاساییان ڕاگەیاندوە و ئامادەی بەرگرین لە پێناو پاراستنی ئایندەی نەوەکانماندا، ئەم جەنگە لە مێژودا نموونەی نەبووە، چونکە ئێستا سەردەمی بەجیھانیبوونە و چارەنووسی ھەموو مرۆڤایەتی لە زۆر شتدا بەیەکەوە بەستراوە، بەتایبەتی بواری ئابوری.

کەرەستەکانی ئەم جەنگە ھاوشێوەی جەنگە تەقلیدیەکان نییە و لە ستراتیجییەتی ئەمنی و سەربازی و سیاسیدا ھیچ پێگەیەکی نییە، میکانیزمی روبەروبوونەوەی ئەم دوژمنە نوێیە پەیوەستە بە کۆمەڵێک رێکاری نوێوە، کەزیاتر پزیشکەکان و شارەزایانی تەندروستی پەی پێ دەبەن نەک سەرکردە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکان، بەڵام ئەوەی بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران، گوێ گرتنە بۆرێنمایی پزیشکەکان و پشتیوانیکردنی بەرەکانی جەنگە، کە یەکەم شت بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەرەکان و بەھێزکردنیانە بۆئەوەی درێژە بە بەرگری بدەن و سەنگەر چۆڵ نەکەن.

لەم کاتەدا دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسە سیاسییەکان دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی بۆ ئەوەی پشتیوانی گەل بن و پشتیان لێنەکەن، چونکە لە مێژودا بەرپرس و سەرکردەکانی کورد مێژوویەکی دیاریان ھەبووە لە خیانەت و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمن و ھەرەسھێنان بە خەونی سەربەخۆی گەلی کوردستان.

ئەمجارەیان جیاوازە لە ھەموو رووداوەکانی مێژوو، چونکە دوژمنی ئەمجارە دانوستان لەگەڵ کەسداناکات و خیانەت لەکەس قبوڵ ناکات و خیانەتکاران لە پێش جەنگاوەرەکاندا لەناودەبات، لە دوای راپەڕینەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ڕێگەی گەندەڵییەوە سامانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە دەبەن، بەخەیاڵی ئەوەی لە ئایندەدا نەوەکانیان بچنە ڕۆژئاوا و بە ئاسودەیی بیخۆن، بەڵام ئەمجارەیان مەترسییەکە لە ڕۆئاوا لە ھەموو شوێنێکی تر زۆرترە، کەواتە ڕێگەیەک نییە بۆدەرچوون.

 دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەبێت بە بەرپرسیاریەتێکی مێژوییەوە و بە پلانێکی ستراتیجییەوە بێنە بەرەی گەل و پشتیوانی لەم شەڕە چارەنووسسازەبکەن، چونکە تێکشکانی گەل لەم شەرەدا واتە تیاچوونی ھەموومان، کە پێش ھەموومان سەرکردە و بەرپرسەکان دەگرێتەوە، ئەم جەنگە ھەموانی گەیاندۆتە بەردەم یەک چارەنووس کە ئەویش یان سەرکەوتنی یان تیاچوونی ھەمووان.

پێویستە حوکمڕانانی کوردستان ئەم رووداوە بۆیان ببێتە خاڵی وەچەرخان و بەخۆدا چوونەوە، دڵسۆزانە بێنە مەیدان، ئەخلاقی خیانەت و درۆ و گەندەڵی وازلێبھێنن و وەک سەرکردە و بەرپرسێکی دڵسۆزی نیشتیمانی بێنە مەیدان و مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، ئەویش بەوەدەبێت کە راستگۆیانە و بەشێوەیەکی شەفاف مامەڵە لەگەڵ سامانی نیشتیمانیدا بکەن.

لە لایەک کەرەستەی پێویستی پزیشکی بۆنەخۆشخانەکان دابین بکەن و گرنگی بەڕۆڵی  پزیشکان وتەندروستکاران بدەن، ھەروەھا ڕۆڵی ھەموو جەنگاوەرانیتر لەبیرنەکەن، بەتایبەت پێدانی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا و بەدەمەوەچوونی کەسانی ھەژار و نەدار و قەرەبووکردنەوەی ھەموو ئەو چین و توێژانەی کە بەھۆی ئەم پەتایەوە زیانمەند دەبن، چونکە سەروەت و سامانی کوردستان زۆرە و زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەدەم ھەموو پێداویستییەکانی خەڵکەوە بێت.

ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵە بکەن، مێژوویەکی نوێ بۆخۆیان تۆمار دەکەن و ھەر ئەمەشە دەبێتە مایەی سەرکەوتن بەسەر ئەم دوژمنەدا.