سەردێڕ:

پارتە نوێیەکەی عەلی باباجان وەک ھەڕەشەیەک لەسەر ئایندەی ئەردۆغان

3/19/2020 1:37:11 PM
6397 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ھەمان ئەو ھۆتێلەی کە کۆنگرەی دامەزرندنی پارتی داد و گەشەپێدانی لێ بەسترا، عەلی بابا جانیش لە ھەمان شوێن پارتە نوێیەکەی بەناوی دیموکراتی و پێشکەوتن راگەیاند،  ئەم پارتەی باباجان و ئەوەش کە داوود ئۆغلۆ بەناوی داھاتوو دروستیان کردووە، بە ھەمان شێواز و لەسەر ھەمان ستایلی داد و گەشەپیدان بوو، چونکە ئەو کاتەش دەوڵەت و گەلی تورکیا روبەڕووی کۆمەڵێک قەیران و تەنگژەی قووڵ ببووەوە، کە ھاوشێوەی ئەوەی ئێستا بوون، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش بڵێین کە لە ئێستادا پارتی دەسەڵاتدار ئەو ئەزمونەی ھەیە و وا بە ئاسانی ناھێڵێت مێژوو خۆی دووبارەبکاتەوە. دەست لەکار کێشانەوەی عەلی باباجان ھاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک لەو دەست لەکارکێشانەوانەی کە زیاتر لە دوای کودەتاکەی ٢٠١٦ وە بەردەوام بوو،  چونکە لەو کاتەوە پارتی داد و گەشەپێدان ئاراستەیەکی تری وەر گرتووە و بە پێی رای زۆرینەی دامەزرێنەران و سیاسیە ناودارەکانی ناو پارتەکە، پێچەوانەی ئەو پرانسیپانەبووە  کە کاریان بۆ کردووە و وەک پرۆژەی سیاسی بریاریان لێداوە، بە پێی بۆچوونی ئەو دوو سەرکردەیەی کە ئێستا دوو پارتی تازەیان دروستکردووە ، ئەردۆغان لەدوای گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، پشتی لە ھەموو ئەدەبیاتی سیاسی پارتەکەی کردوو بەرەو شێوازێکی تاکڕەوی ھەنگاوی نا، بە بروای ئەوان لە ئێستادا ئەردۆغان بەلایەوە گرنگ نیە ئایندەی پارتەکە و گەلی تورکیا بەرەو کوێ دەڕوات، ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە خۆی کەسی یەکەم بێت لە حیزب و حکومەت و دەوڵەتدا، لە لایەکی ترەوە ئەو دەیەوێت ئەتاتورکێکی تر بێت بە ستایلێکی تر، داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان، جۆرەھا شێوازیان بەکارھێنا لە رەخنە و پێشنیار و ر بەڕو بوونەوە، بەڵام دواجار ھەمووی بێسوود بوو، بڕیاری جیابوونەوەیان دا، لە دوایشدا ھەر یەکەیان پارتێکی سیاسیان راگەیاند، ئەم  پارتە نوێیەی باباجان لەلایەن ٣٠٠ پسپۆری تایبەتەوە پەیڕەو و پرۆگرام و پرۆژە سیاسیەکەی دانراوە .ئەم پارتە نوێیە لە ٩٠ ئەندامی دامەزرێنەر پێکدێت کە ٢٧ یان ژنن و ٢٥ یان کوردن. 

سەرەتای راگەیاندنی پارتەکە بە وتارێک لە لایەن عەلی باباجانەوە خوێندرایەوە کە وتی : کاردەکەین بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی بەھێز، بەڵێن دەدەین بۆ گەشەپێدان و دیموکراسی و شەفافیەت و زیاد کردنی ھەلی کار، پاشان وتی رێز لە شێوازی ژیانی ھەموو کەسێک دەگرین و پیرۆزییەکانی ئاین ناکەینە قوربانی سیاسەت .

وەک پسپۆرێکی بواری ئابوریش وتی: گەندەڵی رێگرە لە پێشکەوتنی ئابوری و کار بۆ بەدیھاتنی شەفافیەت دەکەین، پاشان رەخنەی لە پارتی داد و گەشەپێدان گرت و وتی :لەم کاتەدا لە توانایدا نیە کە لە ئاست جێبەجێکردنی داواکانی گەلی تورکیادابێت،چونکە پشت بە ھەرەشە و دورخستنەوە دەبەستێت لە پێناو مانەوەی خۆیدا و بەرەو تاکڕەوی ھەنگاو دەنێت .

پاشان وتی : ئێمە رێز لە ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان  دەگرین، رێز بۆ شوناس و بیرو رای جیاواز دادەنێین، ئێمە جیاوازیەکان بە ھەل دەزانین بۆ چارەسەری گرفتەکان، لەم وڵاتەی ئێمەدا دادپەروەری بریندارە، ژنان بەدەست توندوتیژیەوە دەناڵێنن، کرێکار و فەرمانبەران لە لەدەستدانی کارەکانیان دەترسن، ھاوڵاتیان دڵتەنگ و بریندارن ، بەڵام ئێمە لێرەین، ئێستا کاتی دیموکراتیە بۆتورکیا .

بەپێی بۆچوونی ھەندێک لە رۆژنامەنووس و چاودێر لە ناوخۆی تورکیاوە، سەرەڕای ئەوقەیرانانەش کە ئێستا روبەڕووی تورکیا بووەتەوە ، بەڵام  ئەردۆغان بە بەراورد بە پارتەکانی تر ھەتا ئێستاش لە پلەی یەکەمدایە، بە بۆچوونی ھەندێک لە چاودێران و راپرسیەکان ئاستی جەماوەری  ھەردوو پارتەکەی باباجان و داود ئۆغڵۆ لە ٥%  تێپەر نابێت .ئەم رێژەیەش کاتێک کاریگەر دەبێت کە لە ھاو پەیمانیتێکی گشتیدا بن دژ بە ئەردۆغان و حیزبەکەی، بۆ ئەوەی نەھێڵن رێژەی ٥٠ کۆ ١ بەدەست بھێنێت.

ئەم پارتە نوێیە بە شێوەیەکی تایبەت چاوی بڕیوەتە دەنگدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەو دەنگدەرە کوردانەی کە دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان دەدەن، چونکە لە ئێستادا کورد زۆر بە گرنگی و بایەخپێدانەوە سەیری ئەم پارتە نوێیە و ھەڵوێستەکانی دەکەن لە ئاست کورد و کێشەکەی، لە ئێستادا ئەم پارتە نوێیە لە پرۆژە سیاسیەکەیدا گرنگیەکی باشی بە کێشەی کورد و چارەسەری کردووە لە چوارچێوەی تورکیایەکی دیموکراسیدا، لەبەرئەوە ئەگەری ئەوە ھەیە کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بەشێکی زۆریان دەنگ بە ئەم پارتە نوێیە بدەن، چونکە لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە کوردانی باکور دەنگ بە ھەدەپە نادەن و ھەندێکیشیان بروایان وانیە کە کار بۆ کورد بکات، بەڵکو بە پارتی چەپەکانی تورکیای دەزانن، لەبەر ئەوەش کە ئەم پارتە نوێیە لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤە، کەواتە زیاتر لەگەڵ خواستەکانی ئەواندا دەگونجێت. 

بەڵام لە لایەکی ترەوە دەبێت ھەموان ئەو راستیە بزانین کە لە دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی، پەرلەمان و دادگاکان و پارتە سیاسەکان کەوتونە پەراوێزو ھەموو فشارێکیش بەکاردەھێنێت بۆ لاوازکردنیان و تەنانەت بۆکڕین و گواستنەوەی سەنگەریش، وەک ئەوەی کە لە ھەفتەی رابردوودا ئەندام پەرلەمانێکی پارتی چاک چوە ناو فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیادا، راستە ئەم پارتە نوێیانە تا ئاستێک لە دەنگدەری داد و گەشەپێدان کەم دەکەنەوە، بەڵام ئەویش لە لایەکی ترەوە کاری کردووە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانێتی گەل کە لەنێوان جەھەپە و پارتی چاکدا ھەبوو، لە ھەفتەی رابردوودا پارتی چاک لە ھاوپەیمانێتیەکە پاشەکشەی کرد و جەھەپەی بەجێھێشت، کە ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئەکەپە، لەلایەکی تریش دەیەوێت لە رێگەی پارتی چاکەوە پێشنیاری ئەوە بکرێت کە چاکسازی لە یاسای ھەڵبژاردنەکاندا بکرێت و ئاستی براوەی سەرۆک کۆمار بکرێت بە ٤٠% ئەگەر ئەمەش سەر بگرێت ئەوا ئەردۆغان  لەو تەنگژەیەش رزگاری دەبێت کە ئۆپۆزسیۆن پلانی بۆ داناوە .