سەردێڕ:

نەوەی نوێ و داھێنانێکی ناوازە لە کاری پەرلەمانیدا

1/20/2020 11:04:52 PM
7750 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەگەر سەیری ڕەوشی سیاسی ئێستای ھەرێمی کوردستان بکەین دەبینین زۆرینەی خەڵک بە چاوێکی سوک و کەم بایەخەوە سەیری زۆرینەی بەرپرسە کان و پارتە سیاسیەکان دەکەن و زۆربەی خەڵکیش بەچاوێکی سوک سەیری کاری سیاسی و حیزبایەتی دەکات، ئەوانەش کە بەرپرسیاریێتیان لە حکومەت یان پەڕلەمان یان ھەرپۆستێکی تریان ھەبێت، جێگەی متمانە و ڕێزی خەڵک نین، ئەگەرلێرەدا بپرسین چی ئەو دۆخەی دروستکرد و چی ئەو گەلەی بێ ھیواکرد؟ لە کاتێکدا کەھەر ئەم گەلە بوو بەدرێژایی دەیان ساڵ خەباتی کرد و خوێنی ڕشت لە پێناو بەدەست ھێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و چەسپاندنی مافی چارەی خۆنوسیندا.

ئەوەی ئەرکی سەرشانی گەل بوو کردی ،تەنانەت لە یەکەمین خولی پەڕلەمانی کوردستان زیاتر لە سەدا نەوەدی خەڵک بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، بەڵام بەداخەوە لەکاتێکدا کە ئەو بەرپرسیارێتیەیان دایە دەست یەکێتی و پارتی ئەوان نەیان توانی لە ئاست ئەو متمانەیەدابن ،بەڵکو لەو کاتەوە ،ئەندام پەڕلەمان کەوتنە شوێن بەرژەوەندی تایبەتی و لەگەڵ ئەو حکومەتەی کە دروستیانکرد  بەردیبناغەی گەندەڵیان داڕشت.

ئیتر لەو کاتەوە بە درێژایی پێنج خولی پەڕلەمان زۆرینەی پەڕلەمانتاران نە پابەندی بەڵێنەکانیانبون، نە ڕوبەڕوی گەندەڵی بونەوە، نە ئامادەبون قوربانی بە بەرژەوەندیە تایبەتی و حیزبیەکانیان بدەن، بەم ھۆیەشەوە ڕۆژ بەڕۆژ خەڵک لێیان بێ ئومێد بون و بڕوایان بە بەڵێنەکانیان نەماو، دواجار زۆرینەی ھاوڵاتیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوو نەچون بۆ دەنگدان.

ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بینیمان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەڕلەمانی کوردوستان ھیوایەکی گەورەی بۆ خەڵک گەڕاندەوە و داھێنانێکی کەم وێنەبو لە درێژایی مێژوی پەڕلەمانی کوردوستان، بەتایبەتیش لەو ھەڵوێستە بوێرانەی کە نواندیان لە پەڕلەمانی کوردوستان لە کاتی گفتوگۆکردن لە سەر پڕۆژەی چاکسازی، گرنگترین داھێنانیش لە ھەڵوێستەکانیاندا ئەوەبوو کە ڕاستگۆیی خۆیان سەلماند لە بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیان دابو، ھەروەھا لە بەرامبەر ئەو سوێندەی کە خواردبویان بەرامبەر بە خواو گەل و نیشتیمان، لە لایەکی تریشەوە ئامادەییان بۆ ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی ئەوەندەیتر لە شەقام نزیکی کردنەوە و جێگەی خۆیان لە دڵی خەڵکدا کردەوە.

لە لایەکی تریش دەرکردنی ئەو پەڕلەمانتارانەی کە ئامادەنەبون فۆرمی خانەنشینی پڕ بکەنەوە زیاتر دڵی خەڵکی خۆشکرد ،چونکە ئەوە یەکەمین جارە لە مێژوی خەباتی پەڕلەمانیدا حیزبێک ھەبێت کە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا سزای پەڕلەمانتارەکانی بدات، ڕاستە بەم کارە نەوەی نوێ ٤ ئەندام پەڕلەمانی لە دەستدا، بەڵام لە لایەکی ترەوە دەیان ھەزار دەنگدەری زیاد کردوە.

نەوەی نوێ بەم کارەی جارێکیتر متمانەی گێڕایەوە بۆکاری سیاسی و بە خەڵکی کوردوستانی ڕاگەیاند، کە دەبێت حیزب خزمەتکاری خەڵک بێت و ئەندام پەڕلەمانیش نوێنەری خەڵک بێت لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دەبێت شەڕی مافەکانی خەڵک بکات، نەک بەرژەوندیەکانی خۆی.