سەردێڕ:

ئەوەی ھەرەسی بە پرۆسەی سیاسی عێراق کرد

12/12/2019 6:58:49 PM
5472 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەگەر سەیری ئەم بارودۆخە ناھەموارەی عێراق بکەین کە ئێستا تێی کەوتووە، شتێکی کاتی و کت و پڕ نییە، بەڵکو تەقینەوەی ڕق و کینەی جەماوەرێکە کە بە درێژایی ۱٨ ساڵی ڕابردوو دەناڵێنێت بەدەست گەندەڵی بەرپرس و وەزیر و سەرکردە و بەڕێوەبەری گەندەڵەوە.
پارتە سیاسییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی ھەموویان تێوەگلاون لەو تارماییەی کەبەناوی گەندەڵییەوە سەرتاپای وڵاتی تەنیوە ھەرلە باکورەوە ھەتا باشوور.


ھاوڵاتییانی عێراق لەھەموو ناوچەکان و بە ھەموو نەتەوە و مەزھەبە جیاوازەکان ناڕەزایەتییان گەیشتووەتە بینە قاقا، بە جۆرێکیان لێھاتووە لە سەرە مەرگ نزیک بوونەتەوە . ئەگەر لێرەدا دەنگ بەرز نەکەنەوە ئیتر بە مردنێکی کتوپڕ ھەمویان دەمرن. لەبەرئەوە ئەم خۆپیشاندانە دروشمێکە کە لە ئێستادا بەشێک لە جەماوەری ناوەڕاست و باشور بەرزیان کردووەتەوە لەژێر ناوی بەڵێ بۆ ژیان نا بۆ مردن. 


ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ۱۲ ی ٥ ی ۲۰۱٨ دا پرۆسەیەکی زۆر مەترسیدار و ھەنگاوێک بوو بۆ مەرگی دیموکراسی و دژایەتی بوو لەگەڵ بنەماکانی ئەو دەستورەی کە ھەرئەو ھێزانە بەشداربوون لە نوسینەوەیدا . ھەرچەندە ھەڵبژاردن لە ڕووە دیموکراسییەکەوە پرۆسەیەکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی گەل، بەڵام ئەو ھەڵبژاردنە بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵێک پارت و سەرکردەی گەندەڵکار کرایە سیناریۆیەک بۆ لە گۆڕنانی خواستی گەل و دیموکراسی کردە مەھزەلە و دەنگی خەڵکی گۆڕی بۆ پرۆسەیەکی بێ ناوەڕۆک، چونکە ئەوەی لەم پرۆسەیەدا سەرکەوت و بردییەوە دامەزراوەی گەندەڵی بوو  لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە ڕێکەوتن لە نێوان پارتە گەندەڵکارەکان پرۆسەکەیان تێپەڕاند و بە پێی ئەو پلانەی کە گومان دەکرا لە دەرەوە ڕێکخرابێت، کورسییەکانیان لە نێوان خۆیاندا بەشکرد و بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ئاگاداری ھەندێک لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجامەکانیان ئاشکراکرد و دواجاریش دادگای باڵای ئیتیحادیش پیرۆزبایی لێ کردن و گوێی بە ھیچ تانەو پێشێلکارییەک نەدا . 


لە کاتێکدا کە ھەڵبژاردن بەم شێوازە لە تەزویر و غەش و پێشێل کردنی یاساو ڕێکەوتنی نھێنی ئەنجامدرا و ئەنجامەکەشی ڕەزامەندی لەسەردرا، لەسەر بنەمای ئەمە پەرلەمان و حکومەت دروستکرا . کەواتە لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەرھەڵدەدات، ئایا ئەگەر سێ دامەزراوەکە لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر ئەم بنەمایە دامەزرابن، ئایا دەبێت شەرعییەتیان تاچەند بێت و ھەتاکوێ بڕبکات و تاچەند جەماوەر پشتیوانییان بکات؟ 

جەماوەری عێراق بە گشتی ھۆشیاربووەتەوە، تەنانەت لەو ھەڵبژاردنەشدا نزیکەی ٢٠% ی خەڵک لە عێراق بەشداریکردووە لە ھەرێمی کوردستانیش ٣٥% . کەواتە ئەم دامەزراوانە نوێنەرایەتی کەمینە دەکەن و زۆربەی جەماوەری عێراق لە بەرەی ناڕەزایەتیدان . بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا بەدی دەکەین جەماوەرە ناڕازییەکە لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین، چونکە زۆرینەی پارتە سیاسیەکانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە لەو حکومەتەدا بەشدارن و بەشێکن لەو حکومڕانییە.


ئەم دۆخەش لە ئێستادا ئەوەی دروستکردووە کە جەماوەری خۆپیشاندەری عێراق دروشمی کۆتاییھێنانیان بەم سیستەمە سیاسییەی ئێستا بەرزکردووەتەوە و دەیانەوێت ڕوخساری ھیچ یەک لە سەرکردە و بەرپرسەکانی ئێستای حکومەت و پارتە سیاسییەکانیان ببینن .
 ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە زۆرینەی ئەو سەرکردە و پارتە سیاسیانە بوونەتە بەشێک لە دامەزراوەی گەندەڵی، لەبەرئەوە لە ئێستادا جەماوەر متمانەی بە ھیچ بەڵێنێکی ئەمانە نیە بۆ چاکسازی، چونکە ئەمانە دەبێت دادگایی بکرێن، نەک جارێکی تر جەماوەر متمانە بە بەڵێنەکانیان بکات و چاوەڕێی گێڕانەوەی داھات و شەفافیەت و چەسپاندنی دادپەروەری بێت .


 لێرەدا جەماوەر ئەو پرسیارە دەکات ئایا گەندەڵکار بنەبڕی گەندەڵی پێ دەکرێت؟