سەردێڕ:

ترس لەخۆپیشاندانەکانی عێراق

11/18/2019 11:46:06 AM
2459 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ڕۆژبەڕۆژ خۆپیشاندانەکانی عێراق پەرەدەسەنێت وسەقفی داواکاریەکان بەرزدەبێتەوە، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە جیاوازە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵانی  پێشوو، چونکە ئەوە جاری یەکەم نیە کە شەقامی عێراقی دەجوڵێت وپەیام دەداتە دەسەڵاتداران کەبا ئاڕاستەی ئەوحوکمڕانیەی کە بەدرێژای حەڤدە ساڵی ڕابردووکردویانە بوەستێت وگوێ بۆدەنگی شەقام بگرێت، ھەرچەندە عێراق خاوەنی دەستورێکە و لەدەستورەکەدا بەوڵاتێکی دیموکراسی خۆی ناوزەد کردووە. بەم پێیەش بێت دەبێت گەل سەروەرو خاوەن بڕیاری یەکەم بێت لەدانان ولابردنی دەسەڵاتداران ودەسەڵاتی یەکەم بێت، بەڵام لەم وڵاتەدا دەسەڵاتداران تەنھا ئەوەندە گەلیان دەوێت ھەتاوەکو چوار ساڵ جارێک ھەڵیان دەبژێرێت ودەیانخاتەوە سەرکورسی دەسەڵات، لەدوای ئەوە بەھەمان ریتمی سیاسی دەڕۆن .کە ئەویش گەندەڵیەکی فراوان وبێ سنوروھەڵلوشینی سەروەت وسامانی گەل وئاوەڕنەدانەوەیە بەلای گوزەران وژیانی ھاوڵاتییان وخەرجکردنی دەیان ملیۆن دۆلارە تەنانەت بۆوڵاتانی دراوسێش، بەپێی یەکێک لە لێدوانەکانی پەرلەمانتارێکی عێراقی لەساڵی ٢٠١٢ ھەتا ئێستا نزیکەی ٢٢٠ ملیار دۆلار دراوە بەڕژێمەکەی ئەسەد لەسوریا ھەتا ڕێگە لەکەوتنی بگیرێت، ئەمەسەرەڕای ئەوەی لەناوخۆشدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ھەتا ئێستا٤٥٠ملیاردۆلاری عێراق بەھەدەردراوە، ئاستی بێکاری ڕێژەکەی ٤٠٪ وھەڵئاوسانیش زیاترە لە ٢٥٪، لەم بارودۆخە ناھەموارەدا گەلانی عێراق بەتایبەتی لەشارەکانی ناوەراست وباشور ڕژاونەتە سەرشەقام وسەرەڕای داواکاری چاکسازی داوای رۆشتنی دەسەلات وپارتە سیاسیەکان دەکەن بەگشتی، ئەمجارەیان پارتە دەسەڵاتدارەکان ترسێکی گەورە دایگرتوون، چونکە دەزانن ھێج کارتێک بەدەستیانەوە نەماوە، سەرۆک وەزیران ھاتە سەرخەت وبڕیاری کۆمەڵێک چاکسازی دا، بەڵام شەقام متمانەی پێنەکردو سوربون لەسەر داواکانیان، ھێزە ئەمنیەکان ومیلیشیاکان توندوتیژیەکی زۆریان بەکارھێنا ھەتا ئێستا نزیکەی ٢٥٠ ھاوڵاتی کوژراون و٦٠٠٠ی دیکەش بریندارن، پەرلەمان ناتوانێ کۆببێتەوەو نازانێ چی بەخۆپیشاندەران بڵێت، ھەرچەند لەسەرەتاوە ھادی عامری وسەدر ویستیان فشار لەعادل عەبدولمەھدی بکەن ودەست لەکار بکێشێتەوە تەنانەت سەدر داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختی دەکردو دەیوت ئەم دۆخە ئەگەر وابڕوات وەک سوریاو یەمەنی لێ دێت.
بەڵام پاش کۆبونەوەی ھەردوو لایەنەکە لەگەڵ قاسم سولێمانی ھەردوکیان لەداواکاریەکانیان پەشیمان بونەوەولەئێستادا کەسیان پشتیوانی لەھەڵوەشاندنەوەی  حکومەت وپەرلەمان ناکەن، چونکە لەم دۆخەدا کە بارەگای ھەموو پارتە سیاسیەکان سوتێنراوەو چەندان جارھێرش کراوەتە سەر کونسوڵگەری ئێران  دۆخەکە مەترسیدار دەبێت ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت لەوەدەترسن کە ھێزگەلێکی نوێ بێتە پێشەوە ئەم ھێزە تەقلیدیانە تێپەڕێنێت وبەتەواوی لەدەسەڵات دوربخرێتەوە.
لەھەرێمی کوردستانیشدا بەئاڕاستەیەکی ترھەست بەترس دەکرێت لەبەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکانی عێراق وئەو دروشمانەی کەبەرزیان کردۆتەوە، بەتایبەت لەئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت وپەرلەمان وئەو داواکاریانەش کەھەیە بۆ ھەموارکردنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی دەستور، بەشێک لەم ترسە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەبەرئەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناتوانن بەئاڕاستەی چاکسازیکردن  وەڵامی خۆپیشاندەران بدەنەوە، دەیانەوێت ئاڕستەی داواکاری خۆپیشاندەران بگۆڕن ودواجار بەقازانجی خۆیان کۆتایی پێ بێت، واتە ھەموو خراپی بارودۆخەکە بگەرێننەوە بۆشێوازی سیستمی حوکمڕانی وماددەکانی دەستور، ھێزە کوردیەکان دەزانن کە ئەومافە دەستوریانەی بۆکورد بەدەست ھاتوون لەبارودۆخێکی تایبەتیدا بوەو بەشێوەی تەوافوق بوە، بەڵام ئەگەر لەئێستادا ئەم ماددانە ھەموار بکرێتەوەو لەپەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوا زۆرسەختە کە ئەم پێکھاتەی ئێستای پەرلەمان دەنگی لەسەربدات، یان ئەگەر ئەم دەستورە ھەموارکراوە بخرێتە بەردەم ڕای گشتی، ترسێک ھەیە لەوەی کەدولەسەر سێی سێ پارێزگاکە بەگەرمی بەشداری تێدا بکەن ودەنگی بۆنەدەن، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بگۆڕێت بۆھەڵبژاردنی داھاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بکات وڕێگە لە تەزویر بگرێت، ئەوکاتەش دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان دەکەونە بەردەم مەترسی وئەگەری دابەزینی دەنگەکانیان زۆرە، کەواتە دەسەڵاتدارانی ھەرێم ئەگەردەیانەوێت بەربەم ترسە بگرن وزەمانەتی پاراستنی قەوارەی سیاسی ھەرێم ومافە دەستوریەکان بکەن پێویستە لەسەریان کە ئەوشەقامە کوردیەی کە ئێستا توڕەیەلێیان ئاشتی بکەنەوەوبە ئاڕاستەی چاکسازی ھەنگاوبنێن وشکۆو ڕێز بگێڕنەوە بۆ پەرلەمان ودامەزراوەکانی حکومەت و ھەوڵی کەم کردنەوەی ئاستی بێ کاری لەناو گەنجاندا بدەن وخزمەتگوزارییەکان زیاتربکەن، چونکە تەنھا زەمانەتی پاراستن ومانەوەی مافە دەستوریەکانی کورد ھاوڵاتییانی کوردستان خۆیانن ودەبێت دەسەڵاتی کوردی بەدەم خواست داواکانیانەوە بچێت.