سەردێڕ:

بۆچی شەقامی عێراقی لە کورد توڕەن

10/17/2020 4:41:18 PM
6766 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

"ئەگەر شەڕی کورد لەبەغدا ھەر پلەوپۆست و پارە بێت، حەتمەن ئەوانیش شەرم لە شەھید و ئاڵا و پیرۆزیەکانمان ناکەن"

سەرباری ئەو غەدرەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە. ھێزە سیاسیەکانی عێراق وا شەقامی خۆیان تاوداوە، کە کورد بارن بەسەر عێراق و خێروبێری دەبەن.  لایانوایە کورد لەھەناودا ئەجێندای پەرتکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی غەیرە عێراقیان ھەیە. ئەوەی روودەدات ئەو پەندە کوردیەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە کە دەڵێ، (دز ئازابوو ساحێب ماڵی گرت).

تەنیا دوو کیلۆمەتر لەولای سوتاندنی ئاڵای کوردستانەوە لەبەغدا ھێشتا تەرم و ئێسکوپروسکی سەدان ئەنفالکراوی گەرمیان و ئێزیدی شەنگال لە (گب العدلی) بەغدان. سەدان گۆڕی بەکۆمەڵمان لەو جنوبە و لەژێر لمەوە ھێشتا دەسوتێن.

رووداوی سوتاندنی بارەگای پارتی بەر لەھەرلایەک پێویستە پارتی ھەڵوەستەی لەسەر بکات، پیاچونەوە بەسیاسەتی خۆی بکات. تێگەیشتنی نوێ دروست بکا

مامەڵەی دروست لەگەڵ ھەموان و بەتایبەت حزبە ھاوشانەکەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بکات.

ئیدانەکردنی توندوتیژی پرەنسیپێکی مەدەنیە، بەڵام سوتاندنی ئاڵای کوردستان، تاوان و ناجوامێری و رەفتارێکی بەعسیانەیە.

کورد بەگشتی پێویستی بە موراجەعەی خۆی و گوتارێکی نوێی ئاراستەکراوە بۆ شەقامی عێراقی.

ئەمە زەنگێکی بەئاگاھێنەرەوەیە بۆ بوونی گاپێکی گەورە لە تێگەیاندنی شەقامی عێراقی و قوربانییەکانی کورد لەسەر دەستی رژێم و رەوتە شۆڤێنیەکانی عێراق.

گوتارێکی جیاواز لە ریتمی رابردوو پێویستە لەلایەن ھەرێمەوە. پەرلەمان بکرێتە مەرجەعی بڕیار بۆ پرسەباڵاکان. کورد خۆی دەستبگرێ بەدەستور و یاساوە و ئەوانیش بەو ئاراستەیە کەمەنکێش بکات.

ئەوان کە کفنی ھەزاران شەھیدی پێشمەرگەی دژی داعش ھێشتا زەرد نەبووبو شەرمیان لێنەکرد و پەلاماری کوردستانیان دا.

بابەتەکە تەنیا ئەوە نیە ھۆشیار زێباری قسەیەکی ناجۆری کردوە، ئەگەر واشبێ مام جەلال گوتەنی قسەبەقسە و نوسین بەنوسین جواب دەدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا ھەیە بۆ سکاڵا نەک سوتاندنی ئاڵا و بارەگا.

ئەوان لە جەوھەردا بونی ھەرێم و فیدراڵیەت بە پرۆژەیەکی نا عێراقی دەزانن.

ئەوان لە زۆرینەی چینە سیاسیەکەی کورد و ژیانیانەوە، دەڕواننە کۆمەڵی کوردەواریی.! کە تێگەیشتنێکی ھەڵەیە راستکردنەوەی ئەمەش دیدگای نوێ و کۆششی زۆری گەرەکە.