سەردێڕ:

کورد و زیندان و سەدای ئازادی

7/14/2020 11:18:51 PM
6208 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

مێژووی کورد پڕە لە چیرۆکە جیاجیاکانی زیندان، مرۆڤی کورد لەسەر خاکی خۆی، لەناو شاری خۆی زیندانی کراوە، براوەتە مەنفا زیندانی کراوە، دوورخراوەتە بۆ دوورگە و بیابانەکان و قەڵا دوورە دەستەکان لەوێ زیندانی کراوە.

ئەگەر ناودارترین زیندانەکانی  مێژوو ناوبێنین وەک زیندانی تەدمور، لاسانتی، ئاوشڤێتز، کارەدیرۆ ئەوا زیندانی دیاربەکر و نوگرەسەلمان و ئەبوغرێب و زیندانی موسڵ لە ترسناکترین و ھاوشێوەی زیندانە تاریکەکانی جیھانن، چیرۆکەکانی کورد و کوردستان بە ھونەر و دەنگ و شیعر و نەخشاندن و ئازار و ئاوازی ئازادی تۆمارکراون.

کورد دونیایەک دەستنووس و تابلۆ و یاداشت و سەربردەی تاڵی زیندانی ھەیە.

زیندان لەو وڵاتانەی  کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە شوێن و وێستگەی دابڕین و لێ سەندنەوەی ئازادی و دابڕان لە دونیای دەرەوەی مرۆڤی کورد بووە، بەئامانجی تێکشکاندن و فەوتاندن و داماڵین لە کەسایەتی و مرۆڤ بوون.

لەوەتەی مرۆڤ ھەیە، تێکۆشان بەدوای ئازادیدا ھەبووە و ھاوتەریب زیندان ھەبووە، مرۆڤی کورد ھێشتا لەناو بێدەرەتانی ئەو چارەنووسەدایە بە ھەموو شێوەکانیەوە، زیندانی بەکۆمەڵ و زیندانی تاک، کورد جگە لەچەشتن و تاقیکردنەوەی ھەموو  جۆرەکانی زیندانیکردن، بێ جێی نابێ بڵێم لەوەتەی کورد ھەیە زیندان ھەیە و گەلەکۆمەی لێ سەندنەوەی ئازادی لەکورد ھەیە!.

ھەر بۆیە لە ئەدەبیاتی کوردیدا زیندان پانتاییەکی بەرینی گرتوە، لەمێژووی ڕزگاری نیشتمانیدا زیندان سەنگەرێکی ترە، لە چیرۆکەکانی تاواندا زیندان تارکترین مۆڵگەی ڕووناکی کوژ و ئازادی خنکێنە.

لە جیھاندا نوسین و ڕۆمان و چیرۆکەکانی زیندان زۆرن، ھەڵبژاردەی نامەکانی زیندانی گرامشی، زیندانیەکی بێ ناوی ماندێلا، بیرەوەرییەکانی  ژنێکی زیندانی  نەوال سەعداوی، لای شاعیران و نوسەرانی کوردیش دەق و باس و خواستی زیندان زۆرن.

گۆرانی شاعیر لەبارەی زیندانەوە دەڵێت: 
ئەی دەنگی دوور
بەئاستەمێک ئەگەیتە ژوور
ئاخۆ سپیت یا ڕەش یا سور
وەرە پێشتر
وەک چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر
لە ڕێی گوێوە بڕژێرە، گیان
زیندانم پڕ کە لە کۆڵدان.
شەھید مەلا عەلی لە بەشی سێدارەی زیندانی موسڵەوە بەکوردیەکی ڕەوان چارەنووس و بەرگرینامە و حاڵی زیندان دەھۆنێتەوە:
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین..
...........
برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور ..
بەنابەڵەند تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور 
بەڵام ڕونە بەرەو سێدارە چونە ..
خەنەی خوێنم لە پێگرێ ئاڵای سوور.

دیلان و کاکەی فەلاح و شێرکۆ بێکەس دەق و وێنەی شیعری دانسقەیان لەبارەی زیندان و مەنفاوە ھەیە.
ئەم بەرکوڵەی بەگشتی ئاماژەم پێکردن بۆ چوونە ناو باس و خواسی سەلاحەدین دەمیرتاشە لە زیندان.
زیندانیکردنی ئەو لاوە ھەڵکەوتووەی کورد لە تورکیا، ئاماژەیە بۆ زیندانیکردنی نەتەوەیەک بەھەموو ژانەرەکانیەوە،  ئەوەی سیاسەتوان و چیرۆکنووس و دەنگبێژ و میوزیکژەن و تابلۆکێش.

مرۆڤی ئازادیخواز دەتوانێ زیندان بکاتە گۆشەی داھێنان وەک چۆن بەو پڕۆسەیەدا دەمیرتاش دەڕوا و کۆمەڵە چیرۆکێکی لە دوو توێی ( سەحەر) و ( دەوران) دا نووسیەوە و چەن تابلۆیەکی نەخشاندوە و وا ڕۆمانی (لەیلا)ش تەواو دەکات، دەمیرتاش کوردی زازا، لە زیندانەوە خۆی فێری نوسین بە کرمانجی کردوە.

ئەو لەسەر پەیامی ئاشتی و ھاوبەشی گەلان لەژیان بەردەوامە، داکۆکی لە مافی گەلەکەی دەکات.
دەمیرتاش بەمانا (نوێنەری گەل) پەرلەمانتار و خاوەن ناسنامەی گەلێکی ئازادیخوازە، بەڵام دونیای سەرمایەداری چاوی کوێرە و گوێی کەڕە لە فوغانی کورد و جاڕنامەی مافی مرۆڤ درێژترین درۆی نوسراوی سەر ئەم زەمینەیە.

بۆ ھیچ تاکێکی کوردێک لە ھەر پێگە و جێ و سەر زەمینێکیشدا بێ دەتوانێ و بەھانەیەک نییە بۆ دواخستنی خەباتی نیشتمانی، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد دواخستن ھەڵناگرێت، ئەگەر نەتەوە پەروەریی بۆ نەتەوەکانی دونیا ڕەوابێ ئەوا بۆ کوردی ماف زەوتکراو و ستەم لێکراو ئەرکە، وەک فەرزی ئاینی و وەک ھەوا و ئاو و نان بۆ مرۆڤ.

دەمیرتاش ئیلھام بەخشە،  مرۆڤی کورد دەبێ سەرباری نادادی خۆیی و بێباکی زۆرێک بەناو سەرکردەی بنکردە.
لە تاریکترین ساتەوەختەکاندا لە دەست و پێی قوڵفدراوەوە  حەتمیەتی مێژوو لە بیر نەکات کە ڕاستی ھەر سەرکەشانە جێی خۆی دەگرێ و ستەمیش لە ئەستوور بوونی خۆیدا دەپچڕێ.