سەردێڕ:

نوگرەسەلمان، مەترسیدارترین زیندانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست

2/18/2020 8:36:18 PM
8895 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

یەکێک لە زیندانە بەناوبانگەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیھانیش، زیندانی نوگرەسەلمانە. دەکەوێتە خوارووی عیراق و پارێزگای سەماوە، نزیک لە قەزای سەلمان، نزیک لە سنوری وڵاتی سعودیە. ناوچەیەکی سەحراو بەدەوی نشینە.

سجنی (نقرە سلمان) مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  داگیرکاری ئینگلیز لە عێراق. لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە درووستکراوە. ئەم زیندانە یادەوەری تاڵی لەلای ھەموو ئەو ھێز و کەسایەتیانە ھەیە کە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی سەدام حسێن بوون، بە تایبەتی لە قۆناغی یەکەمدا ئەوانەی سەر بە حزبی شیوعی عێراقی و حزبی دەعوەی ئیسلامی بوون. ئەندامانی ئەم حزبانە زیندانی دەکران و نەفی دەکران و دوور دەخرانەوە بۆ سجنی نوگرەسەلمان.

لە قۆناغی دوومدا و بەتایبەتی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا خەڵکە ئەنفالکراوەکانی کوردستان بران بۆ جنوبی عێراق و پێش زیندەبەچاڵکردنیان لەناو زیندانی نوگرەسەلمان دادەنران وەک دوا قۆناغی ژیان و ئامادەکردنیان بۆ کۆمەڵکوژیی. ئەم زیندانە لە ئێستادا چۆڵە و بۆ ھیچ شتێک لەلایەن حکومەتی نوێی عێراقەوە بەکارناھێندرێت.

لەسەر دیوار و راڕەوەکانی و ھۆڵەکانی نوسین و وێنەی ھەڵکۆڵراو و ھێمای زیندانیەکان ماون. وەک پێویست ئەرشیف و بە بەڵگە نەکراون. چەندین شاعیر و کەسایەتی خراونەتە ئەم زیندانە لەسەردەمی خۆیدا لەوانە (موزەفەر نەواب و محەمەد جەمیل رۆژبەیانی و خالد شەتری و ئەبو سەرحان و عوریان سەید خەڵەف و ھی تر).

رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ بە یاوەری نزیکەی بیست کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان چوینە قەڵای نوگرەسەلمان. چەند کەسێک لە یاوەرەکانم خۆیان شاھیدحاڵی رووداوەکانی ناو زیندانەکە بوون. وەک ئاماژەم پێدا ئەم قەڵایە دوای قەڵای قۆرەتوو، قەڵای دوبز و تۆپزارا دوایین قەڵای راگواستنی ئەنفالکراوەکان بووە. بە ھەزاران پیر و جوان مناڵ و ژن لە برسانا لە تینوانا لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا مردوون. دەوروبەری قەڵاکە پڕە لە گۆڕی تاک تاکەی ئەنفاکراوان.
(دۆزینەوەی گۆڕێکی نوێ بە چاوساغی شوانێکی عەرەب و لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوەکانەوە).

لەنزیک قەڵاکە شوانێکمان بینی پرسیارمان لێکرد لەبارەی گۆڕ و ئێسک و پروسک و ئەنفالەوە. وتی ئەم ناوە چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێدایە. وتی وەرن بتانبەمە سەر گۆڕی بەکۆمەڵ. بردینی بۆ جێیەک یەک کیلۆمەتر لە قەڵاکەوە دووربوو، شوێنەکە کەوتبووە باکوری رۆژھەڵاتی سجنەکەوە. ھەر بەدەست خۆڵی ھەڵدایەوە و کەللەسەر و ئێسک و پروسک بەدەرکەوت. ئەمە نیشانەیە بۆ بوونی ھەزاران تەرم و لاشەی تری گۆڕ غەریب.
ئەوانەی ساڵی ھەشتاوھەشت لەم قەڵایەبوون چیرۆکەکانی خۆیان بۆ گێڕاینەوە. ئەمانە شاھید حاڵی مردنی بەھێواشی سەدان کەس بوون.

چیرۆکی سەگە رەشەکە کەم کەس ھەیە نەیبیستبێت، کاتێک مناڵ لەناو ئەو قەڵایەدا لەباوەشی دایکیدا سارد دەبووەوە و دەمرد، لەودیو تەلبەندەکەوە دەخرایە ژێر لم و دەمەو ئێوارە لاشەی مناڵ بە دەمی سەگە رەشەوە دەبینرا.

لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەعس قەڵا سەربازییەکانی وەک سجنی گەورە بۆ ئەو خەڵکە زۆرە وەک زیندان بەکاردەھێنا. دواین وێستگەی پێش کۆمەڵکوژیی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمان بووە. قەڵای نوگرەسەلمان مەترسیدارترین زیندانی ژیان کۆتایی ھەزاران مرۆڤی سڤیلە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.