سەردێڕ:

کورد ھاودەنگی کام بەرەی عێراق دەبێ؟

12/7/2019 8:30:53 PM
5881 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

ھێشتا درەنگ نیە کورد گوتاری خۆی لە سۆنگەی خوێندنەوەی راستی روداوەکانی عیراق رێکبخات.
لەلێواری ئەم شەپۆلانەی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان و گۆڕانکارییە بنچینەییانەدا، کە لەشەقامی عیراقیەوە نەخش دەکێشرێن.
ئایا بەرەی خەڵک یا بەرەی ئەو دەستەبژێرە سیاسیەی کە شانزە ساڵە دەستی دەستی بەمافە دەستوریەکانی کوردستانەوە دەکەن. دەبێ ئەم پرسیارە ببێتە سەرباس، کامە بژاردە؟
ئایا خەڵکی ناڕازی داواکانیان رەوان؟ گەر پێمان رەوایە، شەرمکردن لەھەڵبژاردنی بەرەی رەوایەتیدا ھەیە؟ 
ئەگەر تەماشاکاران و خۆ بێدەنگ کردوانیش وەک بەرەیەک ھەژمار بکرێ، ئەوا بێ گومان کەمترین رۆڵ بۆ ھەڵسوڕاندنی داھاتوو دەمێنێتەوە.
راستە کورد وەک پێکھاتە ناتوانرێ لە پرۆسەی داھاتوودا رەچاو نەکرێ بەڵام کەم یا شایستە بێگومان کەم و ناشایستەیی و غەدریشی لێ دەکرێ.
پێدراوەکان پشت راستی دەکەنەوە کە وڵاتەکە تا ماوەی سێ ساڵی داھاتوو ئارامی بەخۆوە نابینێ و ئەم دۆخە دانامرکێتەوە.
لە شەقامەوە دەنگێکی نەشاز بەرامبەر بەمافە دەستوریەکانی کورد دەبیسترێ. تەنانەت قەڵسن بەناوی کوردستان و بە ( إقلیم الشمال) ناوی ھەرێمی کوردستان دەھێنن. کوردستان بەخوێن سارد دەبینن بەرامبەر بە شەلالی خوێن و فرمێسکی گەرمی شەقامی عێراقی.
دواجار تەنیا دوو بەرە دەمێنێتەوەو بەرەی سێیەم دروست نابێ.
کورستانیش دابڕاو نیە لە کاریگەریەکانی ئەو رووداوانەی شارەکانی خوارووی عیراق و بەغدا. 
سەرۆک کۆماری عێراق وەک باڵا ترین پێگەی دەسەڵاتی وڵات پشتیوانی بێ چەندوچوونی خۆپیشاندەرانی عیراقە، لەگەڵ مافی خۆپیشاندان و بەدیھاتنی داخوازیەکانیانە.
بەپێگەی دەستوری خۆی دەستپێشخەری کرد بۆ گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن و ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
بە تێڕوانینێکی سەلمێنراوی راستەقینە ئەم نەخشە رێگایە دەرفەتێکی گرنگ بوو ھەر لە سەرەتاوە فراکسیۆنە کوردستانیەکان وەک یەک ھاوپەیمانی کارنامەی خۆیان بەم ئاراستەیە دابڕشتایە.
بەشێک لە ھێزی خۆیان لەگەڵ ھێزی داخوازی خەڵکی سەر شەقامەکان بگونجاندایە.
بەلەبەرچاوگرتنی کوڵانی دۆخی وڵاتانی ناوچەکەو ھەبوونی مەترسی تراژیدیای تر بەرامبەر گەلەکەمان،
ھێشتا درەنگ نیە بەدەنگێکی بەرزتر کورد ھاودەنگی خۆی بگەیەنێتە شەقامی عیراقی، نەخاسمە گەر ئەوە نەکا بژاردەی باشتری ئەبێ چی بێ بۆ سیاسەتکردن! ھەن نائاگا لەوەی چی دەگوزەرێ وا دەزانن دۆخی ئێستا بەردەوام دەبێ لەکاتێکدا تەواو بووەو فۆرمێکی نوێ شوێنگرەوە دەبێت. 
لەو روانگەی خوێندنەوەی دۆخی گۆڕاوەو لەکەناری ئاوا بوونی واقیعێکی شانزە ساڵەی تاڵدا، لەیەککاتدا ھەم خۆگۆڕین و ھەم گەڕان بەدوای ئاسۆیەکی تردا ئەرکێکی سیاسیە.