سەردێڕ:

وڵاتی ونبوونی تاک و بەکۆمەڵ

8/29/2019 8:51:04 PM
2388 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

بەپێی دوا زانیاری فەرمی لە عێراقدا ۲٤۹ گۆڕی بەکۆمەڵی جیاجیا ھەیە. ئەمە جگە لە ھەزاران حاڵەتی تاکەکەسی ونبووان.

ھەر ماوەیەک جارێ باسی گۆڕی بەکۆمەڵی پێکھاتە و نەتەوەیەک دەکرێت.

یەکەم: نزیکەی حەفتا گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە سەحراکانی سەماوەیە.

دووەم: گۆڕی بەکۆمەڵی ئیزیدیەکان لە کۆجۆ و شنگال ھێشتا ماون، بەشێک لە ئێسک و پروسکی دەرھێنراوەکانیان ھێشتا لە پزشکی دادی بەغدایە.

سێیەم: ئەمساڵ ۱۱٥ ئێرانی لە ناوچەی شەلەمچە تسلیمی ئەو وڵاتە کرانەوە کە لەگۆڕی بەکۆمەڵدا بوون.

چوارەم: مانگی رابردوو دەیان ئێسک و پروسکی کۆیتی لە سەحرای سەماوە لە گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە رادەستی وڵاتی کوێت کران.

پێنجەم؛ ھندی لە عێراقدا و لەسەر دەستی داعش کۆمەڵکوژ کراون، ۳۹ روفاتی ھیندی لە موسڵ دۆزرانەوە و رەوانەی وڵاتی ھیند کرانەوە!
شەشەم: ھێشتا بەشێک لە قوربانییانی سپایکەر کە ھەزاران گەنجی عەرەب بوون لەگۆڕی بەکۆمەڵدان و بەشێکیان لەپارێزگای سەلاحەدیینن و نەدۆزراونەتەوە.

حەوتەم: فەیلییەکان بەدوای چارەنووسی ھەزارانیانن و چارەنوسیان نادیارە.

ھەشتەم: ھێشتا چارەنووسی بەشێک لەمناڵەکانی ھەڵەبجە لە ئێران ونن کە ئافاتی کیمیاباران ونیکردن.

نۆیەم: ھێشتا لە ۸٠٠٠ بارزانی زیاتر لە ۷٠٠٠ ھەزاریان چارەنوسیان ون و نادیارە.

دەیەم: ھەزارانی ونبوونی شەڕی ئێران - عێراق.

یانزە: بەھەزارانی ونبووانی شەڕە ناوخۆییەکان و نادیاری چارەنووسیان.

دوانزە: ژنان و کچانی ئیزیدی ونبووی دەستی تیرۆری داعش لە چ دۆخ و چ دۆزەخی چارەنوسێک بەشیان بێ!
جۆرەھا جۆری ونبوون! چەشنەھا چەشنی چاوەڕوانی!

وڵاتی گۆڕ غەریب و گۆڕ نادیارە گۆڕی بەکۆمەڵ، ئەمە جگە لەوانەی بوونە خۆراکی دەریا و ئاو و توناوتوون بوون.

وەک چۆن ونبوونی پیتێک لە ( ژیان) دەگۆڕێ بە (ژان)! ونبوونی ئەندامی  خێزانێک، خەزانێک دروست دەکات، سەدان ھەزار خێزان لەماڵەکانیان وێنەی ونبووەکانیان ھەڵواسیوە و ھەر چاویان لەچاوەڕوانی بینینەوەدایە.

لە رۆژی جیھانی ونبوواندا(۳٠ی ئاب) پەیامم بۆ زیندووان ھەیە ئاوڕێک لەو وێرانەیە بدەنەوە دەسەڵاتەکان و ستەم و قەساوەتی ململانێکان بە ژیان و مرۆڤی کرد.