سەردێڕ:

لە کەرەنتینەوە فێربووم

3/25/2020 8:37:16 PM
8820 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -

لە کەرەنتینەوە فێربووم ( ژیان) گەورەترین سەرمایەی مرۆڤە، گەر بە پارە و سامان بکڕدرایە، ئەوا تەنھا سەرمایەدارەکان چانسی دەستەبەرکردنیان دەبوو!
لە کەرەنتینەوە فێربووم ( تەندروستی و لەشساغی ) چ نیعمەتێکە و نرخی نادرێت! وە گەر بە پۆست و پلە و بڕوانامە مسۆگەر بکرابایە، ئەوا زۆر کەس لێی بێبەش دەبوون!
لە کەرەنتینەوە فێربووم ( ئۆکسجین) ئەو ھەوایەی بێ منەتانە ھەڵی دەمژین، گەر بە پسولە وەرگیرابا، ئەوا بە ئاسانی دەستی ھەمووان نەدەکەوت!
لە کەرەنتینەوە فێربووم ( ئازادی ) چییە و ئێستا دەزانم مەل و باڵندە زیندانیکراوەکانی نێو قەفەسەکان بۆچی دەجریوێنن و داوای چی دەکەن؟ ئێستا تێگەشتم زیندانیان حاڵ و گوزەرانیان چۆنە و چۆن ساتەکانی ژیانیان بەسەردەبەن و مەگەر تەنھا ئەوان ئەرزش و قەدری ئازادی بزانن!
لە کەرەنتینەوە فێربووم ( سیاسەت و دەوڵەتداری ) بە کەسانی مرۆڤدۆست و رۆحسوک و خۆنەویست و رەوشت بەرز دەکرێ ( نموونەی ئیمانۆیل ماکرۆن و جاستن ترۆدۆ کە ئەگەر لە ڕێی تەزوی کارەبای ماڵانیشەوە بێت بژێوی و موچەی ھاوڵاتیانیان دابیندەکەن)!
  لە کەرەنتینەوە فێربووم ( سیاسەت و دەوڵەتداری) بە کەسانی گرگن و کۆڵەوار و دۆگما و موفلیس و بێ ئاگا لە ژان و مەینەتیەکانی ھاوڵاتی ناکرێت، ئەوانەی گەر بۆیان بکرێت، لە بری دابینکردنی بژێوی و موچەی مانگانە، لە ڕێی بەلوعەی ماڵانەوە ( کۆرۆنا ) دەرخواردی ھاونیشتیمانیان دەدەن! 
لە کەرەنتینەوە فێربووم ( مرۆڤ) ھەرچەندە ھەوڵی بڕینی بۆشاییەکانی ئاسمان بدات، بە قولایی دەریا و زەرایاکاندا شۆڕبێتەوە، خۆی بۆ جەنگی ئەستێرەکان ئامادە بکات ، دەیان و ھەزاران داھێنان بکات ، ئەم مرۆڤە ھێشتا لە قۆناغی ( پێڕەوکە)دایە و ١٠% ی زانست وزانیاری پێنەبەخشراوە ، بە تایبەت ئەو کاتەی ئیعلانی دەستەوسانی خۆی دەکات لە بەردەم ڤایرۆسێکی نەبینرا و و ھەست پێنەکراو !!
   لە کەرەنتینەوە فێربووم ( ئاسایش و ئارامی ) چ نیعمەتێکن و چ تام و چێژێکیان ھەیە! ئێمە لێیان بەھرەمەندین و قەد‌ریان نازانین تا لە شاشەی تیڤیەکان و تۆڕی جاڵجالۆکەییەوە چەندین وڵاتی نائارم و ملیۆنەھا مرۆڤی بێ بەش لە ئارامی دەبینین!
 لە کەرەنتینەوە فێربووم ( پیاوە ئاڵتوونیەکانی ) ئەم ھەرێمە کێن؟!  پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ و ھێزە ئەمنیەکان، پاکەوانەکان، ئەوانەی ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسی تا ژیانی ئێمە بەردەوام بێت!
  لە کەرەنتینەوە فێربووم، (پیاوە مرواری و گەوھەریەکانی) ئەم نیشتمانە کێن! دەوڵەمەندە بە ئەخلاق و خاوەن شەھامەت و مەردایەتی راستەقینە کێن! ئەوانەی سەلماندیان پارە و پولی گیرفانی خۆیان ، قوتی مناڵەکانیان، بکەنە ‌قوربانی گیانی ھاونیشتیمانیان تا لە مۆتەکی مەرگ بیانپارێزن- بە ویستی خوا - ! ئەوانەی – لە خەمساردی و بێباکی دەسەڵاتداران – کوچە بە کوچە و ماڵ بەماڵ – بە نھێنی بە ئاشکرا دەگەڕێن تا دڵی نەداران و ھەژارن خۆش بکەن و خەندە بخەنە سەر لێوی مناڵە بێناز و برسیەکان!
  لە کەرەنتینەوە فێربووم دروشمەکانی ( ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ) چ چەمکێکی بێ مانان، کاتێ وڵاتانی زلھێز ( بەتایبەت ئەمەریکای دایکی دیموکراسی و چینی لانکەی سۆشیالیزمی) مرۆڤایەتی دەکەنە قوربانی حەزە شەیتانیەکانیان و ئارەزووە ئاژەڵیەکانیان!
  لە کەرەنتینەوە فێربووم کە چۆن ( ڤایرۆسێکی ) نەبینراو و زۆر زۆر بچوک، توانیوێتی ترس ودڵڕاوکێ بخاتە دڵی زیاتر لە حەوت ملیار مرۆڤەوە! ئەدی چ دەڵێن گەر ھێزی کێشی نێوان ھەسارەکان و ئەستێرەکان نەمێنێ و بە یەکتریدا بکێشن، داخۆ چیمان بەسەر دێت ئەو کاتەی سیستمی ژینگەیی تێکدەچێت و مرۆڤایەتی بەرەو لەناچوونی یەکجارەکی دەڕوات! 
  لە کۆتاییدا – نەک دواھەمین – لە کەرەنتینەوە فێربووم، مرۆڤەکان ھەرچی بن، ھەرچۆن بن، مەدەنیەت و پیشکەوتن ، تەکنۆلۆژیا و زانست، لە ھەر ئاستێک دا بن، مرۆڤەکان ناتوانن ببنە ( جێگرەوەی خودای تاک و تەنھا و خاوەن دەسەڵاتی بێ سنوور) لە بەخشینی ( ژیان) ، ( تەندروستی و لەشساغی ) ، ( ھەوای پاک و ئۆکسجین) ، ( ئازادی) ،( ئاسایش و ئارامی ) .