سەردێڕ:

خۆزگه‌ ماسلۆ لێره‌ ده‌بوو !!

3/15/2020 12:23:07 PM
4233 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -

ھەمووان لەناخماندا بە ویستی خۆمان بێت یان نا دروشمێکمان بەرز کردووەتەوە، ئەویش دروشمی ( کۆرۆنا کۆمان دەکاتەوە)یە!! باوەڕ ناکەم ھیچ شتێکیش بە ئەندازەی ئەم بەڵایە مرۆڤایەتی یەکخستبێت؛ تۆ بڕوانە ! مناڵێکی بەردەرگا و ماڵ ، پیرەمێردێکی سەر بەرماڵ، ئیماندارێک لە لوتکەی ئیمانداریەوە، مولحیدێک لەوپەڕی بێباوەڕییەوە، سەرمایەدارێکی سک تێر و گیرفان پڕ، نەدارێکی برسی و شەڕواڵ شڕ، دەسەڵاتدارێکی دیکتاتۆر و  زلھێز، کەسێکی مافخورا وو بێلانە و دوورەپەرێز. ھەمووان  کەم تا زۆر – ڕووبەڕووی شڵەژان و شپرزەیی و ناجێگیری دەروونی بووینەتەوە، وەک بڵێی جەنابولعالی کۆرۆنا تەنھا بە دوای ئیمەدا دەگەڕێت !!.

   لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو، دەروونناسی ئەمەریکی ئەبراھام ماسلۆ ( (Abraham ١٩٠٨–١٩٧٠Harold Maslow  ) وەک توێژەر و پسپۆڕێکی بواری دەرونزانی لە پێداویستیەکانی مرۆڤ کۆڵیەوە ‌و دواجار پێداویستیەکان لە شێوەی ھەرەمێکدا کە بە ( پەیژەی پێویستی ماسلۆ) ناسراوە،  خستەڕوو، کە بریتین لە :

1-پێویستیی خۆڕاستاندن Self-Actualization Needs
2-پێویستیی پێزانین Esteem Needs
3-پێویستیی پەیوەندیBelonging Needs
4-پێویستیی ئاسوودەیی Safety Needs
5-پێویستیی فیزیۆلۆژی Physiological Needs
  دیارە ھەریەک لەو  پێنج ئاستە- پلە-یە وردەکاری ھەیە و لقی لێدەبێتەوە ‌و رێگایەک‌ن – پلەیەکن – بۆ نزیکبوونەوە لە بەختەوەری و بەزمانی دەروونناسان ( دەرووندروستی  Mental health ) . بیریشمان نەچێت( پەیژەکەی ماسلۆ) گەرچی لایەنگر و پشتیوانی ھەبوو، بەڵام بەدەریش نەبوو لە رەخنە و تێبینی چ لەسەردەمی ماسلۆ خۆی، وە چ لە سەردەمانی دواتر . پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا گەر ( ماسلۆ ) ئێستا زیندوو بوایە، چ ( پلە)یەکی بۆ پەیژەکەی زیاد دەکرد ؟؟؟  وەڵامەکە دواتر دەخوێنینەوە. ‌

 خۆشویستنی ژیان و ڕقبوونەوە لە مەرگ ( رەمەکێکی instinct)خۆڕسکە و مرۆڤەکان تیایدا بەشدارن – تەنانەت بڕوادارانیش بە شێوەیەکی ڕێژەیی-، چونکە ئەو کاتەی مرۆڤ خۆشیەکانی ژیان دەچێژێت، ئیتر حەزی بە مەرگ نیە و تەنانەت بە بیرکردنەوەش لە ( مەرگ) توشی نائارامی و شپرزەیی دەبێت !! .

لە کۆنیشەوە بیرمەندان و فەیلەسوفەکان، ئەم پرسیارەیان وروژاندووە : داخۆ ( پێویستی نەمری  immortality Needs ) خەیاڵە یان ھەوڵدانە بۆ شتیکی حەقیقی و مومکین ؟. ئەوەی  گرنگە لێرەدا بیڵێین: ( پێویستی نەمری ) – یان لەناونەچوون- پێویستیەکی بنەڕەتیە لە ناخی مرۆڤدا، تەنانەت لە ڕێی ئەم پێویستیەوە بوو ( شەیتان) فێڵی لە ئادەم کردوو لەو بەھەشتەی تیایدابوو دەریکرد، وەک خوای گەورە دەفەرموێ : شەیتان گومانی خستە دڵی ئادەم و پێی وت: ئەی ئادەم نیشانت بدەم ( درەختی نەمری) و موڵک و داراییەک کە بەسەر ناچێت؟.

گومانم لەوەدا نیە گەر ( ماسلۆ) ئێستا لە ناوماندا بوایە، ئەوا ( پێویستی نەمری  immortality Needs ) بۆ ( پەیژەی پێویستیەکانی ) زیاد دەکرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ھەژموونی ترس و تۆقینەی ڕووی لە مرۆڤایەتی- بێھەڵاویردن – کردووە، سەبارەت بە سەلامەتی جەستە و پاراستنی لە نەخۆشی و لەناوچون و مەرگ .

ماوەتەوە بڵێین:

 بیرکردنەوە لە ( ( پێویستی نەمری ) و مسۆگەرکردنی ئەو پێویستی یە و ھەڵھاتن لە مەرگ بە جۆرەھا رێگا، بەڵگەیەکی دەروونیە لەسەر بەردەوامی ژیان پاش مردن و دەستپێکردنی( ژیانی  نەمری) لە جیھانێکی بی ترس و دڵەڕاوکێ و دوور لە نەخۆشی و ناخۆشی.