سەردێڕ:

زۆرمان ھاوارکرد، حکومەتی پۆلیسی گوێی لێ نەگرتین

2/22/2021 2:00:16 PM
10611 جار خوێندراوەتەوە
عومه‌ر گوڵپی
+ -

ھەر لەسەرەتای ھەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکەوان ‌و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای دھۆکەوە دەمانزانی دەسەڵات نیازی بەرانبەریان خراپەو دەیەوێت بەجۆرێک سزایان بدات کە ببنە ھۆی ترس بۆ ھاوڵاتیانی تری سنوری پارێزگای دھۆک‌و ئیتر کەس جورئەتی دەنگ بەرزکردنەوە نەکات، ھەربۆیە چەندینجار بە یاداشت، بە خاڵی پەیڕەوی، بە بەیاننامە، بەدواداچوونمان بۆ کێشەی سزادراوان‌و دەستگیرکراوانی تری بادینان کرد، بەڵام بەداخەوە دواجار سەرۆکی حکومەت، کە بەرپرسە لەم دۆخە، گوێی نەگرت،‌و تەنگژەیەکی تری خستە سەر ئەو ھەموو تەنگژانەی تری ھەرێم.

بە نووسراوی ژمارە (٣)، لە ڕۆژی (١٢ی ١٠ی ٢٠٢٠)، داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد لیژنەیەک ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوونی کەیسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)‌ و تیایدا داوامان کرد ھەرچی زووە ئازاد بکرێت و بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕەوو ڕۆژنامەنووسانی تردا بکرێت.

لە (٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٠)، لەگەڵ یانزە ئەندام پەرلەمان نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی شێروان شێروانی‌و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی.

بە نووسراوی ژمارە (١٤)لە ڕۆژی (٢ی ١١ی ٢٠٢٠)، لەسەر داوای کەس و کاریان، یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردو تیایدا داوامان کرد لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی‌و مافی مرۆڤ ڕاسپێرن بە بەداوادچوونی ھەڵمەتی ڕەشبگیریی بادینان کۆتایی پێھێنانی گرتن لەدەرەوەی یاسا.

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی نائاسایی، لە ڕۆژی  (٦ی ١ی ٢٠٢١)، لە ڕێگەی خاڵی پەیڕەوییەوە داوامان کرد پەرلەمان لیژنەی تایبەت ڕابسپێرێت‌و بەدواداچوون بۆ ژیان و کێشەی دەستگیرکراوان بکات.

بەڵام نە پەرلەمان ئەرکی خۆی بەجێھێناو نە سەرۆکایەتی حکومەت گوێیان لە داوای یاساییانەو دڵسۆزانەی ئێمەو ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران‌و دڵسۆزانی ئەم وڵاتە گرت، و لەسەر بەرنامەی خۆیان بەردەوام بوون، لە ئەنجامیشدا دەنگی ناڕەزایی ھاووڵاتیانی بادینان لە ئێستەدا لەھەر کاتێکی تر زیاتر بەرزو بڵندەو نادادی‌و ستەمەکە زیاتر بەرجەستە بووە، ھەروەھا کوردستانیشیان خستە بەردەم تەنگژەیەکی گەورەو ئاستی متمانەی ھاووڵاتیانیشیان بەرانبەر سیستمی دادوەریی‌و دادگاکان ھێندەی تر ھێنایە خوارەوەو ئەرکی دادگای پێداچوونەوەشیان زۆر قورس کرد‌و زیانی زیاتریان بە ناوبانگی کوردستان گەیاند.

ھەموو چاومان لەوەیە دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم، عەدالەت تەحقیق بکات ‌و کوردستان لەم تەنگژەیە دەربکات.