سەردێڕ:

شەڕی کات لە نێوان ئێران و ئەمەریکا

2/23/2021 1:52:16 PM
7139 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵا رێشاوی
+ -

لە سەروەختی دەستبەکار بونی دیموکراتە میانڕەوەکان بەسەرۆکایەتی جۆبایدن لە کۆشکی سپی ، ئێران و ئەمەریکا چاوەڕێی یەکترن کامیان پێش ئەوی تر سڵاو بکات و ھەنگاوێک بێتە پێش .

یەکەمیان چاوەڕێیە سزا ئابوریەکانی لەسەر ھەڵبگیرێت و جارێکی تر لەروی ئابوریەوە ببوژێتەوە ، ئەوەی دوەمیش چاوەڕێیە تاران بەتەواوی دەست لە بەرنامە ئەتۆمیەکە ھەڵگرێت و گویڕایەڵانە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەم شەڕەدا کە چاودێران بە "شەڕی کات" لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ناوی دەبەن ، گەلانی ئێران رۆژانێکی ئابوری سەخت بەرێوە دەبەن ، ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاش ترسی ئەوەیان ھەیە ئێران سود لەم فاکتەری کاتە وەربگرێت و سەرەڕای فشارەکان دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات .

ماوەی چوار ساڵ زیاترە ئێران بە دۆخێکی ئابوری سەختدا تێپەڕدەبێت ، ھۆکاری ئەمەش ھەڵوەشانەوەی یەک لایەنەی رێکەوتنی ئەتۆمیی بو لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا و پەیڕەوکردن لە سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار"بو دژ بە کۆماری ئیسلامی ، بەڵام وا دیارە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ دورخستنەوەی ئێران لە چەکی ئەتۆم ، پاش چوار ساڵ بێ ئەنجام بوە ، وەک باراک ئۆباما لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ئاماژەی بۆ کرد.

ئێستا ئەوەی ماوە چاوەڕوانیەکانی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە لە ئیدارەی میانڕەوی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی جۆبایدن کە بە ئیدارەیەکی جیاواز لە ئیدارەی پێشو ناسراوە ، بۆ ھەڵگرتن یان لانی کەم سوککردنی سزا ئابوریەکانی سەر ئێران و لەبەرامبەریشدا دەستھەڵگرتنی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی.

رێکەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (٢٠١٥) کە عەرابەکەی باراک ئۆباما بو وەک خاڵی بەیەکگەیشتنەوەی تاران و واشنتن جارێکی تر ھیوای لەسەرھەڵچنراوە ، بەڵام ئایا بارودۆخ بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێکەوتنە لەبارە ، لە کاتێکدا ئێران سودمەندی یەکەمی ئەم گەڕانەوەیە دەبێت؟

لەسەرەتای ھاتنی ئیدارەی جۆبایدن زیندوبونەوەی رێکەوتنەکە پێشبینی کراو بو ، بەڵام ئاماژەکانی ئێستا وای دەردەخەن گەڕانەوە بۆ ئەو رێکەوتنە کە دڵخوازی ئێرانە ، ھەروا ئاسان نەبێت.

بەشێوەیەکی گشتی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە سڕینەوەی ئاسەواری سیاسەتە پەڕگیرەکانی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئیدارەی نوێ ھەروا ئاسان نیە و کاتی دەوێت ، کەواتە دەبێت ئێران بۆ گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ رێکەوتنی ئەتۆمیی زیاتر چاوەڕوان بێت ، یاخود سازشی زیاتر بکات ، یان چاوەڕێی سوپرایزێکی ئەمەریکیەکان بێت.

ئیدارەی جۆبایدن دەزانێت گواستنەوە لە سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار" لەسەر تاران بۆ سیاسەتێکی نەرم لەوانەیە دەستکەوتی باشی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران تیا بێت ، بۆیە وەک دەبینرێت نایەوێت ھەنگاوی بەپەلە بنێت و زیاتر چاوەڕێی ئێرانە ، لەبەرامبەریشدا ھەست بە تامەزرۆییەک دەکرێت لەلایەن حکومەتی رۆحانیەوە بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتنەکە و ئەمەش لە جموجوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەدا بەدی دەکرێت.

لە ساڵی (٢٠١٥) رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی ئەوروپی ، لە ناوخۆی ئێراندا، بەدەستکەوتێک بۆ حکومەتەکەی رۆحانی ھەژمار کرا ، خەڵکی ئێران لەسەر شەقامەکان ئاھەنگیان سازکرد ، بەڵام زۆری نەبرد بەھاتنە سەر کاری ترەمپ لە (٢٠١٦) رێکەوتنەکە ھەڵوەشایەوە و رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە ھەر لەسەرەتاوە بەرێکەوتنەکە دڵخۆش نەبو ڕایگەیاند " پێشتر وتبومان متمانە بە "شەیتانی گەورە" ناکرێت".

دواھەمین پێشکەوتنەکان لەم دۆسیەیەدا چین؟

لەئیستادا یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیە بۆ لێکنزیککردنەوەی ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکان لە پیناو دوبارە گەڕانەوەی ھەردولا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ، بۆ ئەم مەبەستە ئەمرۆ دوشەمە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە لە بروکسل کۆبونە تەوە.
یەکێک لەو پێشنیارانەی خراوەتە رو بەشداری کردنی واشنتنە لە کۆبونەوەکانی تایبەت بەم دۆسیەیە ،واتە رو بەرو کۆکردنەوەی ئێران و ئەمەریکایە لەسەر مێزی دانوستان ، ئەم پێشنیارە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە پێشنیاز کراوە و ئێران دەڵێت لێی دەکۆڵینەوە .

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا جوزیف بولەر دەڵێت " پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان سەبارەت بە رێکەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران چڕکراوەتەوە و لەگەڵ زۆر لایەن قسە کراوە ، لەوانە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا"
ئەوەی یەکێتی ئەوروپا ھەوڵی بۆ ئەیات گەڕاندنەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی و ھەروەھا پابەندبونی ئێرانە بە "ھەمو پابەندیەکانی" ئەم رێکەوتنە.

چاودێران پێیان وایە ھەتا کات بڕوات داخوازیەکانی واشنتن لە تاران زیاتر دەبێت ، رێکەوتنیش قورستر ، ئەمەش لە قازانجی ئەو خواستەی حکومەتی ئێران نیە کە دەیەوێت سزا ئابوریەکان بە زوترین کات ھەڵگیرێت و بوژانەوەیەک لە وڵاتدا رو بدات ، بەڵام دیارە ئەوەی لە ئێران کار دەکات تەنھا روانگەی حکومەتی رۆحانی نیە ، بەڵکو خواستێکی دیکەش ھەیە کە نایەوێت ئێران سازش بۆ زلھێزی جیھانیی بکات.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر پێشتر و لە (٢٠١٥) خواستی ئیدارەی باراک ئۆباما لە رێکەوتنی ئەتۆمیی تەنھا لەچوارچێوەی دەستھەڵگرتنی ئێران بو لە خەونی گەیشتن بە چەکی ئەتۆم ، ئەوا ئێستە لەگەڵ زیاتر ھاتنە پێشەوەی ئێران لە ناوچەکەدا داواکانی واشنتنیش زیاتر بوە و دەیەوێت کۆماری ئیسلامی بگەڕێنێتەوە سنورەکانی خۆی.

ئەوەی لە میدیاکاندا زیاتر تیشکی لەسەرە رێکەوتنی ئێران و ئەمەریکایە لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا ، بەڵام بەڕای چاودێران بابەتی ئەتۆم تاقە داوای ئیدارەی جۆ بایدن نیە لە تاران ، بەڵکو دەستھەڵگرتن لە پشتیوانیی گروپە چەکدارەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، بەتیبەت لە عێراق و سوریا ، یەکێکی ترە لە داخوازیەکانی ئیدارەی نوێ و پێدەچێت ببێتە بەشێک لە ھەر رێکەوتنێکی نوێ لە نێوان دو وڵات.

دۆناڵد ترەمپ لەسەردەمی خۆیدا زو زو جەختی دەکردەوە " نایەوێت ئێران بروخێنێت " بەڵکو "دەیەوێت ئێران ببێتە وڵاتێکی پابەند و سیاسەتی ئەوپەڕی فشاریش ھەر لەم چوار چێوەیەدایە."