سەردێڕ:

ئەگەری داخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP

1/17/2021 10:42:41 AM
5925 جار خوێندراوەتەوە
هادی سۆفی زادە
+ -

پیلانگێڕی ڕژێمی تورک دژی گەلی کورد بە گشتی و باکوور بە تایبەتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ئەمجارە ئەردۆغان کار بۆ داخستنی پارتی دیموکڕاتیکی گەلان  HDP لە پەرلەمان دەکا.

زەمینە سازی بۆ پیلانگێڕیەکە لە ڕۆژنامەکانی تورکیەوە دەستی پێ کردوەوو داخستنی HDP  بوەتە ڕۆژەڤی میدیاکان و لە کاتی خۆیدا بەڕێوەی دەبەن.

داخستنی ئەو پارتە دوا بزمار لە تابوتی نیمچە دیموکڕاسی تورکیەیە، بەڵام ئایا داخستنی ئەو پارتە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیە ئاسان و هۆکارەکان چین؟

پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیە AKP بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە سەرەتای دروست بونییدا بە هەندێ سیاسەتی نەرم توانی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ و سەرنجی دنیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بەڵام چونکە ئەو حیزبەش هەڵقوڵاوی کولتوروو مێژووی کۆمەڵگایەکە کە مرۆڤایەتی لە خۆیدا کوشتوە، نەیانتوانی لە نەرم و نیانی بەردەوام بن و گەڕانەوە سەر بنچی خۆیان، بەتایبەت بە هەوێنی ئیسلام و پان تورکیزم لە سەر بنەمای ئینکاری گەلانی دیکە تا ئێرەهێناویانە.

هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ تورکیا بە یەک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی تورکیە دادەندرێ چونکە هەم هاوکاتە لە گەڵ سەد ساڵەی سیستمی کۆماری تورکیا هەم چارەنووسی دەسەڵاتی ئیستا لەو هەڵبژاردنەوەدا یەکلایی دەبێتەوە. ڕژیمی ئەردۆغان لێی ڕوونە کە لە هەڵبژاردنێکی خاوێن دا  شانسی بردنەوەو درێژەدان بە دەسەڵاتی نەماوە بۆیە لەئیستاوە لە پیلانگێڕیدایە. ناوەندی پیلانگێڕیش کوردستان و دژی گەلی کوردە.

لە حاڵی حازردا شەقامی سیاسی تورکیا بە سەر دو بەرەی کۆمارو گەل دابەش بووە. بەرەی کۆمار کە ئیستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە لە حیزبەکەی ئەردۆغان واتە AKP و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی MHP پێک هاتوە.

لە ماوەی رابردوودا بەرەی کۆمار دەعوەتیان لە پارتی ئیسلامی سەعادەت کە نزیک ٣% دەنگی خەڵکی لە پشتە  کردوە تا بچێنە ناو بەرەی ئەوانەوە.

  بەڵام بە پێی ڕاپرسییەکان دەنگی بەرەی کۆمار بە پارتی سەعادەتیشەوە ناگاتە ٤٠%.

بەرەی گەل لە پارتی گەلی کۆماری CHP و پارتی باش IY party پێک هاتوە، بە پێی راپرسییەکان دەنگی ئەم بەرەش لە ژێر ٤٠% وەیە، بەڵام هەر دوو حیزبی تازە دامەزراوی ئایندە و پارتی دیموکڕاسی و گەشە کە بە تەرتیب ئەحمەد داوودئۆغڵوو عەلی باباجان دایانمەزراندون پێدەچێ لەگەڵ بەرەی گەل بکەونە هاوپەیمانییکەوە بەڵام دیسان بە هەموویان شانسی ئەوەی کە ٥٠% دەنگەکان بە دەست بێنن کەمە.

بۆیە  لەم ناوەدا دەنگی پارتی دیموکڕاتیکی گەلان HDP کە خاوەنی ١٣% دەنگە زۆر گرنگەو لە گەڵ هەر بەرەیەک بکەوێ  گەرەنتی سەرکەوتن دەکا.

پێویستی بە وتن نییە کە HDP ناچێتە بەرەی کۆمارەوە بەڵام سەرەڕای هەندێ کێشەی جیددی کە لە گەڵ پارتی باش هەیەتی لەوانەیە  لە بڕیاری کۆتاییدا بچێتە ناو بەرەی گەل.

ترسی ئەردۆغان لە پارتی دیموکڕاتیکی گەلان لێرەدایە، بۆیە لە هەوڵی داخستنی ئەم حیزبەدایە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک بە گرتن و کوشتار نەیتوانی HDP لاواز بکا، بۆیە ڕێگای دیکەی گرتە بەر. سەرەتا دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردەوە کە سەلاحەدین دمیرتاش لە زیندانەوە گەرەکیەتی پارتێکی نوێ دابمەزرێنێ، دواتر هەوڵی دا لە گەڵ پارتی باش لە خۆی نزیک بکاتەوە کە ئەویش بە ئاکام نەگەیی، لە هەوڵێکی دیکەدا ویستی دەسکاری قانوونی هەڵبژاردن بکەن تا سەرکۆمار بتوانێ لە جیاتی ٥٠% بە دەنگی ٤٠% هەڵبژێردرێت. تا ئێرە لە هیچ کام لە هەوڵەکانی سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە بۆیە وەک دوا پیلان گەرەکیە HDP دابخات.

سەلاحەدین دمیرتاش وەک چەقڵێک لە گەرووی ئەردۆغاندا گیری کردوە. لە ماوەی ڕابردووا چەند ناوەندی قەزایی و سیاسی ئوروپا داوای ئازاکردنی سەلاحەدین دمیرتاشیان کرد بەڵام ئەردۆغان ملکەچی بڕیاڕی یەکیەتی ئەوروپا نەبوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان داوای ئاسایی کردنەەی پێوەندییەکانی لە گەڵ ئوروپا دەکاو لە ناوخۆش دا باسی لە چاکسازی و عەداڵەت دەکا. هەر بۆیە مەسەلەی ئازاد کردن یا نەکردنی دمیرتاش و پاشان داخستن یا دانەخستنی HDP ئەتوانێ ڕاستگۆیی یا ڕاڕایی ئەردۆغان بۆ ئوروپا نیشان بدا و دەکرێ بڵێێن داخستنی HDP بۆ ئەردۆغان بە ئاسان تەواو نابێ.

کێشەی کورد لە باکوور داخستنی HDP نییە، بەڵکو پرژوبڵاوی کۆمەڵگای کوردییە. ساڵی ڕابردوو حیزبە کوردییەکان پێکەوە بەرەیەکیان پێک هێناوە کە هیوابەخشە بەڵام ئەوە بۆ پێگەی کورد کافی نییە. کورد لەباکوور ئەگەر یەکدەست بوایە یا لانی کەم ٧٥%ی کورد ئۆگرییان بۆ گەل و نەتەوەی خۆیان هەبوایە لە هەموو پارتەکان دیکەی تورک بەهێزتر دەبوون، بەڵام سایکۆلۆژی کورد لە باکوور زۆر تایبەتە و مەبەستی ئەم نوسینەی من نییە. پێش HDP پارتی ئاشتی و دیموکڕاسی BDP هەبوو کە زیاتر قەوارەیەکی کوردی بوو، لە ئەگەری داخستنی HDP ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەو حیزبە بگەڕێتەوە سەر ناوەرۆکی کوردی کە BDP و پارتەکانی پێش ئەو ئالاهەڵگری بوون باشترە تەنانەت ئەگەر نەگەنە پەرلەمانیش. دیموکڕاتیزەکردنی تورکیە نە ئەرکی ئەوانە نە لە توانای ئەواندایە.