سەردێڕ:

مزگەوتەکان بکەنەوە

4/10/2021 11:46:50 AM
10504 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

ئاسانترین رێگەیەک بۆ ئیدارەدانی ھەر کۆمەڵگەیەک، ئەم ستایلە مێگەلییەیە لەبڕیاردان، مزگەوتەکان دابخەن، قوتابخانەکان دابخەن، ھاتووچۆ سنورداربکەن، کەرەنتینە رابگەیەنن، لەکاتیکدا سادەترین پێناسەی حکومڕانی رێکخستنەوەی گشتی بازاڕو کارە بەشێوەیەک ئازادییەکانی تاک بپارێزێت و خۆشنوودی گشتی فەراھەم بکات. 

لەدوای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ لەساڵی رابردووەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندان بڕیاری جیاوازی داوە، زۆرینەی بڕیارەکان ناچێتە قازانجی گشتییەوە. 

کەرەنتینەی گشتی بەبێ ئامادەکاری پێویست سەرەتای ھەڵەکان بوو، کەزیانێکی گەورەی لەچینی پرۆلیتاریاو چینی ناوەند گەیاند، یەکەمیان بەھۆی نەمانی بازاڕی کارکردن و دووەمیش بەھۆی دابەشنەکردنی مووچەوە. 

ھەڵەی دووەم ئاساییکردنەوەی تەواوەتی بوو بەبێ ئامادەکاریی، لەکاتێکدا دەتوانرا، لەدوای قۆناغی کەرەنتینەی گشتی بەپلانێکی ورد فەرمانگە حکومییەکان و قوتابخانەو مزگەوتەکان بەشێوازی کەرەنتینەی نیمچەیی بەردەوام بێت، بۆ نمونە بەشێوازی ٥٠٪ و خۆپارێزی تەواوەتی ئەو شوێنە گشتیانە بکرابایەتەوە، نەک ھەزاران کەس لەیاریگەی فرانسۆ ھەریری کۆبکەیتەوەو لەملایشەوە بەداخستنی قوتابخانەکان ھەزاران کێشەی پەروەردەیی و خێزانی بۆ گرنگترین چینی کۆمەڵگە کەمناڵە درووست بکەیت، بەشێوەیەک لەئێستاوە سەدان مناڵ تووشی خەمۆکی ھاتوون، جگە لەگۆتاوەڕۆکانی بەردەوام بوون لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان و خەریکبوونیان بەسۆشیال میدیاوە، کەدەیان نەخۆشی نوێی لێکەوتۆتەوە، ھاوشێوەی خۆڕووتکردنەوەی مناڵان لەتیکتۆک و بڵاوبوونەوەی دیاردەی ھاورەگەزخوازیی بەشێوەیەکی ئاشکرا، لەشارەکانی ھەرێمی کوردستان.

بێ شەرمی و کەوتنی کۆمەڵگەش گەیشتۆتە ڕادەیەک بەشێک لەو لەشفرۆشانە بەرەسمی گروپی تایبەت بەھاوەرەگەزخوازیی دادەنێن و لەشاشەی تیڤیەکانەوە باسی کارەکەیان دەکەن وەک ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران، یان کچە مۆدیلێک دەھێنن باس لەئۆتۆمبیلە رەنج رۆڤەرەکەی دەکات کەدیارە سەرچاوەی داھاتەکەی کوێیەو چۆنە، بەڵام نە ئەو شەرم لەو کارەی دەکات، نەھیچ دەزگایەکیش ھەیە پێی بڵێت (من این لک ھذا)! 

حکومەت مزگەوت و قوتابخانەکان دادەخات، بەڵام دوای چەند ساڵێک دەزانێت گەورەترین ھەڵەیان ئەنجامداوەو چینێکی نەخوێندراوو مودمینی سۆشیال میدیاو یاریە ئەلیکترۆنیەکانیان دروستکردووە. 

ئەگەر کارەکە بۆ خۆپارێزی وتاکپارێزی بێت، بڕیاری درووست ئەوەیە مزگەوت و قوتابخانەکان و بازاڕەکان وەک یەک بەخۆپارێزییەوە بێت ئاخر ناکرێت مزگەوتی گەورە داخراوبێت و مۆڵەکەی بەردەمیشی، کراوە بێت؟ ناکرێت سەدان چێشتخانەو چایخانەو مۆڵ و مارکێت و دووکان بەبێ گرتنەبەری ھیچ رێکارێکی تەندرووستی جمەیان بێت و مناڵەکان لەقوتابخانە مەحرووم بن، بەڵام ھەمان مناڵ لەھەمان کاتدا بچێتە گەیم سەنتەرو لەگەڵ ھەمان گرووپی ھاوڕێیدا خەریکی یاریە ئەلیکترۆنییەکان بن. 

مزگەوتەکان بکەنەوە با بۆ ئەم رەمەزان دڵ و دەروونی موسڵمانان بەنوێژی تەروایح ئاسوودە ببێتەوە، ئەگەر نا دەوڵەمەندەکان مزگەوتی (VIP)ییان بۆ دەکرێتەوەو ھەژارەکانیش (وەک دوێنێ روویدا) بەدوای نوێژی کۆمەڵی قاچاغدا دەڕۆن و دوور نیە کاسبیشی پێوەبکرێت وەک چۆن ھەموو شتێکتان کردووە بەقاچاغ. 

قوتابخانەو مزگەوت و فەرمانگەو بازاڕەکان بەخۆپارێزییەوە بکەنەوە، ئەگەر نا پیرەمێردەکانمان بەئاھوو حەسرەتەوە دەکوژن و داھاتووشمان دەسپێرن بەچینێکی نەخوێندەوار.