سەردێڕ:

لەبارەی بارودۆخی ھەنووکەیی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

11/26/2020 2:28:39 PM
6891 جار خوێندراوەتەوە
سەید حوسەین نەصر
+ -

ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە کاتییە و ناکرێت دووربێت لە مەترسی، کارەسات، تراژیدیا جا چ بچووک بن چ گەورە. کتێبی موقەددەسی ترادیسیۆنە ھەمە چەشنەکان بۆیە ھەن تا ئەم حەقیقەتە سادەیەمان بیربخەنەوەو ڕێنماییمان بکەن تا وانەیەکی دروست لەم ڕوداوانە وەربگرین.

مرۆڤ لە کۆمەڵگە سوننەتییەکاندا ‌ـ ترادسێۆنەکانداـ  لە جیھانێکدا دەژیا کە ژینگە کۆزمیکییەکە ـ گەردوونییەکەـ بەشداری لەو بنەما مەعنەوی و مۆڕاڵییانەدا دەکرد کە ژیانی مرۆڤیان بەڕێوەدەبرد.  تەنانەت لە ڕۆژئاواش  بیرۆکەی کۆزمۆس ـ گەردوونـێکی، تەواو ماددی، پەتی و خاڵی  لە ژیان و لە ھەر گرنگییەکی مەعنەوی سەری ھەڵدا، ھەر لە رۆژئاوا سروشت لە تێڕوانینی مۆدێرنیستەکانەوە دابەزێنزایە ئاستێک تا پێی بگووترێت ـitـ* بوو بە مەکینە و ئامێرێکی ئاڵۆزی بێگیان، تا ئەم دوواییانە کە خەڵکی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا لە کڵێسا یاخود شوێنە گشتییەکان ئامادە دەبوون تا سەرەتای ئینجیل بخوێننەوە...بۆنەی ھاوشێوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە جیھانی ئیسلامی و ھندستان و شوێنەکانی دیکەدا دەبینرێت.  مرۆڤی مۆدێرن چەند زوو گرنگی ئەم نەریت و ڕیچواڵانەی بیرچوو.

سروشت زیندووە و ژیانێکی سەربەخۆی بۆ خودی خۆی و ھارمۆنییەت و  ڕیتمی خۆی ھەیە جا چ ئێمە ئەوە ببینین یاخود نا. درەنگ بێت یان زوو کاردانەوەی بۆ لار و لەوێرییەکانی مرۆڤ دەبێت و وانەیەکی باش بە مرۆڤ دەدات ھەر وەک قورئانی پیرۆز لەچەندین ئایەتدا ئەمە دووپات دەکاتەوە. سروشت وانەیەکی مەعنەویمان فێر دەکات. بەختەوەر ئەوانەن دەتوانن لێوەی فێربن. گەر بەشێوەیەکی ئاینی ڕووت قسە بکەین مرۆڤی مۆدێرن بەھۆی تاوانی لووتبەرزی و لەخۆبایبوونەوە ئازار دەچێژێت. ھیوادارین قەیرانە جیھانییەکانی ئێستا فێرمان بکەن چۆن بەسەر ئەم لووتبەرزییەدا زاڵببین و چۆن بە سۆز و خاکەڕاییبوونێکی زیاترەوە بژین نەک تەنھا لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا, بەڵکو لەگەڵ ھەموو وجوددا بە ھەموو بونەوەرەکانییەوە جا چ بچووک بن یاخود گەورە. قەیرانەکانی ئێستا دەکرێت وەک ھۆکارێک بۆ بە ھۆشدا ھاتنەوەی مەعنەوی و وەک دیارییەک لە خوداوە سەیر بکرێن تا چاوەکانمان دووبارە  بەرامبەر ئەو حەقیقەتانە بکەنەوە  کە زۆر کەس لەبیریان کردوون.

قەیرانە ھەنووکەییەکان دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنن تا زیاتر ڕوو بەرەو ناوەوەی خۆمان وەربگێڕین، بەرەو بەخۆداچوونەوە بچین، زیاتر ئاشنای خودە ناوەکییەکەی خۆمان بین، تا سروشت وەک ھاوڕێیەکی مەعنەوی خۆمان ببینین و وەک  مەعریفەیەکی حەقیقی کە لە لایەن ھێز و یاسا نابیناکانەوە بەڕێوەنابرێت بەڵکو لەلایەن ئیرادەی ئاسمانەوە بەڕێوەدەبرێت چاو لێبکەین.  چەند دەیەیەک لەمەوبەر "فریتۆف شۆن" پەیامێکی نارد کە دروست حاڵی ئێستامانی دەخستەڕوو, لە کتێبەکەیدا بە ناوی ـ لەژێر ڕۆشنای جیھانە کۆنەکانداـ دەڵێت" مرۆڤ بە کارەساتەکانی ئەم جیھانە سەرسامە, بێئەوەی بزانێت ڕەنگە ئەمانە میھرەبانی خودابن، چونکە ئەوانە پەردە لادەدەن وەک مەرگ کە پەردەی ئەم سەرابە زەمینییە لادەدات و وا لە مرۆڤ دەکات بەر لە مردنی بمرێت و بەسەر مەرگدا زاڵ ببێت."

کاتێک زەوی لەژێر پێماندا لەناکاو دەقڵیشێت لە دوو بژاردە زیاتر ھیچی دیکەمان لەبەردەستدانییە: یان ئەوەیە نوقم ببینە ئەو دەریا بێبنەی لە ژێرمانەوەیە یاخود باڵ بگرین و بەرەو ئەو ئاسمانە فراوانە بفڕین. با باڵ بگرین و بفڕین و ئایەتە قورئانییەکەمان بیربێت "کُلُّ مَنْ عَڵیْەَا فَانٍ ۝ ۆێبْقَی ۆجْەُ رَبِّکَ ژُو الْجَلالِ ۆالإکْرَامِ ۝" الرحمن -٢٦-٢٨- کە دەتوانرێت بەم شێوەیە تەفسیر بکرێت "جگە لەو ھەمووان لەناودەچن و ڕوخساری پەروەرێنت دەمێنێتەوە کە خاوەنی میھر و شکۆیە." ئەو ڕوخسارە بە دەربڕینێکی دیکە ئەو ڕوخسارەیە کە ڕووی پێ لە خودا دەکەین. دوعا دەکەم ئەم تراژیدیایانەی ئێستا یارمەتیمان بدەن ڕوومان -نەک پشتمانی- تێبکەین.

وەرگێڕانی ھۆگر یاسین