سەردێڕ:

سێ مەتری بەسە.. لە پایتەخت باوە

11/20/2020 6:31:44 PM
10357 جار خوێندراوەتەوە
نەبەرد فوئاد
+ -

شاعیرێکی بەناوبانگی ئەمریکی ھەیە بە ناوی (پیودۆر رویپک)، لە یەکێک لە ھۆنراوەکانیدا دەنووسێت "لە تاریکدا چاو دەست بە بینین دەکات".

لەنێو ئەم تاریکی و دونیای مادییەدا، ھەموومان سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆمانین، خەمی ئەوەمانە چۆن پاروویەک نان پەیدا بکەین. لە پەیداکردنی نان، ھەموو تیۆر و پراکتێکێک بە لاوە دەنرێت. لەم سەردەمەدا کەمن ئەوانەی پراکتیزەی بیر و پەسەندییەکانی خۆیان دەکەن.

بە جۆرێک لە جۆرەکان گەلێکمان لێ پەیدا بووە کە گەلێکی بەکاربەرین. گەڕان بە شوێن کەموکورتیی ئاریشەکانی کۆمەڵگە لە بیرکراوە و تەنیا و تەنیا خەممان بووەتە لوقمە نانێک.

لە بچوک، مەزن درووست دەبێت، ھەر بۆیە ھەندێک حاڵەت ھەیە ئەگەر بنەبڕ نەکرێت دەبێتە دیاریدە. لەوەتەی ئێمە ھەین، حاڵەتە نەخوازراوەکان بنەبڕ نەکراون، بۆیە بوون بە دیاریدە.

جل و بەرگ مێژوویەکی ھێندە دێرینی ھەیە  بە بڕوای زۆرێک لە زانایانی مرۆڤناسی دیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر. جلوبەرگ بە تایبەتمەندی (توێژ، پلە، پیشە) دیاریدەکات. بە دەر لەمانەش پۆشاکی ھەر مرۆڤێک پێناسەیەکی دەرەکی دەبەخشێـت بە کەسەکە، بۆ نموونە جلی رەش لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا واتای خەمۆکی و تازیەبارییە، بە ھەمان شێوەش جلوبەرگی سپی واتای بۆنەیەکی خۆش و پاک و بێگەردە.

ماوەیەکە ئەوەی لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەبینرێت و ھەستی پێدەکرێت، پۆشین و بە کرددانی جۆرێک لە جلوبەرگە پێی دەگوترێت (قوتعتین). ئەم جلوبەرگە لە دوای ڕوخانی فۆڵگیسنۆ باتیستای سەرۆکی کوباوە لەناو چەپەکان سەریھەڵدا، بە تێپەڕبوونی کات و لە کاتی درووستبوونی حیزبی بەعسی ئیشتراکی، جارێکی دیکە ئەم جلوبەرگە پۆشرا. ئەوەی لە سەردەمی حیزبی بەعسی فاشیست ژیابێت، دەزانێت ئەو جلوبەرگە چەند لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بێزراو و ناشرین بووە. ئێستاش لە زۆر ناوچەی کوردستاندا کە تانە لە وەچەی کەسێک بدرێت کە باوکی یان باپیری لەگەڵ حیزبی بەعس کاریکردووە، پێی دەڵێن (وازی لێ بێنە ئێستاش قوتعتێنەکەی بە ئوتوکراوی ھەڵگرتووە).

ئەم پۆشاکە لە دوو پارچە پێکدێت کە سێ مەتر بەشی دەکات. گەز و چارەکێک بۆ مەتر و نیوێک بەشی پانتۆڵەکەی دەکات و ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی سەرەوەی دەکات. ئەم جۆرە جلوبەرگە ئەگەر قوماشەکەی خانەخانە یان خەت خەت بێت، لە سێ مەتر زیاتری دەوێت. 

لە دوای ھاتنی حکومەتی بەعسەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات، بەجۆرێک لە جۆرەکان ببووە جلی فەرمی ئەو کەسانەی لە دەزگای ئاسایش و پلە باڵاکانی وڵاتدا دەست ڕۆیشتبوون.
دەکرێت نەوەی ئێستا شارەزاییان نەبێت یان نەیانبێنێت بەڵام بە تەمەنەکانی ئێمە و ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، باش دەزانن مەبەستم کام جل و بەرگەیە. 

لەپاش ڕووخانی حکومەتی بەعس دەسەڵاتدارانی ھاوپەیمانی کاتیی عێراق قانونێکیان دەرکرد پێی دەوترا قانونی ڕیشەکێشکردنی بەعس، کە لە ١٦ی ئایاری ٢٠٠٣ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بە پێی ئەم یاسایە ھەموو شتێک کە پەیوەندی بە حیزبی بەعسەوە ھەبووە دەبێت لە ڕیشە بھێنرێت، بەڵام لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ئەم جلوبەرگە لە ناو چینی (فەرمانبەر، پارێز، مامۆستا....ھتد) بووەتە مۆد، خەڵکانێکی زۆر دەیپۆشن و بە کردی دەدەن.

قانونێک دانراوە بۆ ریشەکێشکردنی حیزبێک کە دەستیان بە خوێنی ئەم گەلە سوورە، چ خێرە ئێستا لە پایتەختێک لە تەنیشت (پیرە قەراوە) دەیپۆشن و پێوەی دێن و دەچن؟ ئایا ئێمە بەدەر لە زیندوکردنەوەی عێراقێکی رووخاو و دروستکردنەوەی سوپاکەیان، جارێکی دیکە بە پۆشینی جلەکانیان ڕیشەیان زیندوو ناکەینەوە؟ لە زمانەوانیدا کە دەوترێت ڕیشەکێشکردن واتا شتێک لە بنەوە بکێشرێت، بەڵام بە ڕاستی ئێمەی کورد دەمانەوێت ئەو ڕیشەیە ئاو بدەین و دروستی بکەینەوە، بۆیە کاتێک دەچیتە لای بەرگدروویەک بڵێی قوتعتێن چی پێویستە؟، زۆر بە سانایی پێت دەڵێت "چ نییە سێ مەتری بەسە".