سەردێڕ:

رق و سیاسەت.. لە پەراوێزی پەیوندی شیعە و کورد

11/18/2020 1:52:31 PM
6142 جار خوێندراوەتەوە
د. هه‌ردی مێد
+ -

بە ھەندگرتنی پرسی رق لە شیکردنەوە و تێگەشتن لە کردە سیاسیەکان پرسێکی نازانستی و عەفەوی نییە.

لە راستیدا، Emotion کە دەشێت بە جۆش یان سۆز لێرە وەریبگێڕێن، رەھەند و لایەنێکی گرنگ و سەرەکی چالاکیە سیاسیاکانە. رقیش بەشێکی سەرەکی پرسی Emotion-ە. سیاسەت بە بێ خرۆشان، دروستکردنی جۆش و رق مەحاڵە. ھەڵەیەکی گەورە دەکەین وابزانین سیاسەت و سیاسەتکردن بریتیە لە کۆمەڵێ کردە و گوفتاری عەقڵانی. سیاسەت لە جۆش. رق، ھەڵچون، خرۆشان، فریودان...خاڵی نییە. رق بەشێکی گرنگی کاری سیاسیە و یەکێکە لە بزوێنەرەکانی پەیوەندی و پەیوەندبەندییە سیاسیەکان. قسەکردن لە رق و تێگەشتن لێی لە دوو ئاستدا گرنگە: ئایا رق لە دامێنەوە دروست دەکرێت و لە ئاستی سەرەوە بە ھەنگ وەردەگیرێت و برەوی پێدەدرێت؟ یان لە سەرەوە دروست دەکرێت و بۆ خوارەوە شۆڕدەبێتەوە؟

 لە گۆشەنیگای ئەم دوو پرسیارەوە گرنگە ئەمڕۆ تێبگەین رقی شیعە لە ئاستی خوارەوە ھەیە و برەوەی پێدەرێت لە ھەمبەر کورد؟ یان لە ئاستی سەرەوە، واتە لە ئاستی دەستگاکانی دەوڵەت و پارتە شیعەکانەوە کار بۆ دروستکردنی ئەم رقە دەکرێت و کۆمەڵگاش پێی تێدا دەخشێنێت؟ بە خوێندنەوە بابەت و مژارە میدیایی و رۆژنامەوانییەکان وا تێدەگەین کە رقی شیعە لە دامێنەوە دروستبووە و لە ئاستی سەرەوە بە ھەند وەرگیراوە. بۆ نمونە، زۆرجار گوێمان لەو بیرۆکەیە دەبێت کە گوایە:‌ گەر گوتار و ئاکاری حزبە شیعەکان توندە لە بەرانبەر کورد، ئەمە بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانی شەقامە. ئەم گوتارە لەم رۆژانە زۆر لە برەودابوو. زۆرێک دەڵێین حزبە شیعەکان گەر بەم شێوەیە توندبوون لە پەرلەمان لە سەروبەندی گفتوگۆ و پەسەندکردنی یاسای قەرز، بە ھۆی پرسی ھەڵبژاردنە و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە سۆز و پەسندێتی شەقام بۆ خۆیان دابین بکەن. واتە، گەر بڕوا بەمان بکەین کۆمەڵگەی شیعی رقی لە کوردە و سیاسیەکانش دەیانەوێت لە سەر ئەم رقە وەبەرھێنان بکەن. بەش بە حاڵی خۆم، بڕوام بەوە نییە رق لە دامێنەوە دروستبێت. رقی شیعە لە کورد، وەک رقی تورکمان لە کەرکوک لە کورد، ھەردووکیان بەرھەمی ئەکتەر و دەستگا سیاسیەکانن. بە مانایەکی دی، رق گەمەیەکە لە سەرەوەڕا دروستکراوە و ھەر لێرەشەوە بۆ کۆمەڵگا لە ڕێگەی میدیا و ئەکتەرە لۆکاڵیەکانەوە شۆڕدەکرێتەوە. لەم روانگەیەوە، پێموایە توندی پارتە شیعەکان لە بەرانبەر مافەکانی کورد و قەوارەی ھەرێم ھیچ پەیوەندی بە شەقامی شیعەوە نییە. شەقام تەنھا بیانوو و پاساوە و جێی نیگەرانییشە کە زۆرمان بە ھەڵە بڕوامان پێھێناوە. شەقام پاساوێکی خەیاڵی، بیانویەکی ڤیرچواڵ و موجەردە کە پارت و دەستگا سیاسی و حکومیەکان بۆ لێدان لە کورد و بچوککردنەوەی فیدراڵی بەکاری دەھێنن. بە بڕوای من لە ٢٠٠٩ەوە خەباتی شیعە خەباتی دروستکردنەوەی ناوەند و لە پەلوپۆخستنی قەراخەکانی دەوڵەتە. مالکی بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ئاماژەی بە دروستکردنەوەی ناوەند دەدا، بە ئاشکرا ھەوڵی بۆ سەپاندنی ئەو بڕوایە دەدا کە دروستکردنی ناوەندێکی بەھێز، زەمینەسازی بۆ دەرچوون لە زەبروزەنگ و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی عێراقی خۆشدەکات.

لە کۆتاییدا، من بڕوام بەو بیرۆکەیە نییە کە ھاوڵاتیانی شیعە دوژمنی کوردبن و رقیان لەمان بێت. گەر رقێک ھەبێت دروستکراوە لە سەرەوەڕا ھەم بۆ تۆخکردنەوەی کەلێنەکان، ھەم بۆ بەکارھێنانی وەک پاسا و بیانوو بە مەبەستی سیاسی.