سەردێڕ:

سیاسەت و کۆنترۆڵکردنی ژینگە

1/17/2021 2:31:49 PM
3187 جار خوێندراوەتەوە
ئازاد ئیبراھیم ئەحمەد
+ -

"سیاسەت" و "ژینگە" ھەمان وێنەی درەخت و زەوییە لە کاری باخداری دا، وەک چۆن ھەموو زەوییەک بۆ بەرھەمھێنان و درەخت چاندن دەستنادات، بەھەمانشێوە ھەموو ژینگەیەک بۆ سیاسەت و سیاسەتکاری گونجاو نییە و بەئاسانی بێڵکاری! سیاسی تێدا ناکرێت، بەڵام ھەم سیاسەت و ھەم ژینگەیش دەتوانن کاریگەرییان بۆسەر یەکتر ھەبێت. ھەمیشە سیاسەت ئەو ھێزە سیحریەیە کە ھێزی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و تاکی گەلێک زۆرە. لەم ھاوکێشەیەدا ھەم سیاسەت دەتوانێت کۆنترۆڵی "ژینگە بەپێناسە کۆمەڵناسییەکەی" بکات و ھەم ژینگەش دەتوانێت ھەموو ھێزی کۆنترۆڵکردنی سیاسەت بخاتە دەرەوەی خۆی.

ژینگە؛ بەھەموو ماناکانییەوە، لەخۆرئاواوە بۆ خۆرھەڵات، ناچونیەک و جیاوازە. ھەندێک ژینگە کۆنترۆڵکردنی ئاسانە لایەن ھێزی سیاسی و ئابوورییەوە، بەڵام ھەندێک ژینگەیتر ھەمیشە تەقینەوەی ناوخۆیی ھەیە دژی ئەو ھێزانەی دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت بگوترێت ئەسڵەن ئەوەی لەخۆرھەڵاتدا ھەیە ژینگەی تەواونییە یان زەرووریەتی مرۆڤایەتی نەیخوڵقاندووە، بەپێچەوانەی ژینگە خۆرئاواییەکەوە کە لەژینگە گشتییەکەوە تاکو ژینگەی خێزان و ژووری تاکەکان ژینگەیەکە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ھەر ھێزێکی دەرەکییەوە چ ھێزی دینی مەسیحیەت و کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئیسلام بێت، یان چ ھێزێکی ئابووری و سیاسی بێت، کۆنترۆڵکردن و تەسلیمبوونی ئەستەمە.

ئەگەر سیاسەت و پارتایەتی کۆنترۆڵی ژینگەی گشتی کردو لە ژینگەی گشتییەوە شۆڕبووەوە بۆ ژینگەی خێزان و تاک، ئەوا تەواوی ھێزە دینی و ئابووری و وەرزشی و ...ھتد، دەبنە موڵکی سیاسەت و ھەموویان دەچنەژێر ڕکێفی ئەم ھێزە سیاسییەوە. کۆنترۆڵکردنی ژینگە بەھێزی ئاینی و حیزبایەتی لەئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی ھەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەدا کۆتایی ھات، لەفەرەنسادا ئیمانوێڵ کانت و ھاوڕێکانی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەڕزگارکردنی ژینگە ھەبوو لەدەسەڵاتی دینی مەسیحیەت و دادگاکانی پشکنین و دواتر گوازرایەوە ئەڵمانیاو پاشان بۆ وڵاتانیتری ئەوروپی، بۆیە لەو مێژووە بەدواوە کۆنترۆڵکردنی ژینگە لەئەوروپادا لەلایەن ھەر ھێزێکی سیاسی یان دینی یان ئابوورییەوە ئەستەمە، بەڵکو دوو ھێزیتر نزیکەی لەوەی ژینگەی ئەوروپی داگیربکات وەرزش و سێکسە.

لەژینگەی خۆرھەڵاتیدا، ئاسانترین شت بۆ کاری پارتایەتی و بەردەوامی سیاسەت، کۆنترۆڵکردنی ژینگەیە بەسیاسەت. لە خۆرھەڵاتدا وەک خۆرئاوا نییە تائەندازەیەک ھێزی ئابووری و سیاسەت دووربن لەیەکترو تێکەڵ نەبووبن، بەپێچەوانەوە لە خۆرھەڵاتدا ھێزی سیاسی لەھەر وڵات و ژینگەیەکدا لای ھەر ھێزو چەند پارتێک بوو، ئەوا ھێزی ئابووری ئەو ژینگەیەش لەلای ئەو پارتانە دەبێت، بۆیە زۆرجاران دەبینین لەخۆرھەڵاتدا ئەگەر حیزبەکان بەھێزی سیاسی نەتوانن کۆمەڵگا و ڕووبەری ژینگە گشتییەکە داگیر بکەن ئەوا ھێزی ئابووری دەخەنەگەڕ لەبرسیکردنی تاک و میللەتدا، لەم ڕێگەیەوە وادەکرێت لەمیللەت و موچەخۆر و فەرمانبەران کە چاویان لەدەستی حیزب بێت نەک دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەت.

لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، ژینگەی گشتی و ژینگەی خێزان و تاک، کۆنترۆڵکراوە بە سیاسەت، ھەموو مەجلیس و دانیشت و بەرنامەیەک قسە لەسەر سیاسەت و ئابووری و موچەیە، چونکە عێراقیش بەو پێیەی لەناو ژینگە خۆرھەڵاتییەکەدایە، ھێزی ئابووری وڵات لەلای حیزبەو موچەخۆران چاویان لەپارتەکانە موچەیان بداتێ نەک دەسەڵاتی دەوڵەت، لەم بارەدا دەبینین کە دەسەڵات ھێزی ئابووری کۆنترۆڵ کرد وەک سەرچاوەی موچەی ھاوڵاتیان ئەوا بەسیستماتیکانە توانیویەتی کۆنترۆڵی کۆمەڵگاو ژینگەی گشتیش بکات.