سەردێڕ:

دەسەڵات چۆن کۆمەڵگە بە مێگەل دەکات؟

10/21/2020 10:41:46 PM
7439 جار خوێندراوەتەوە
هاوڕێ جەبار
+ -

یەکەم کاری دەسەڵات کە بیکات لەدژی کۆمەڵگە بۆ ئامادەکردنی بۆ ھەر چەوسانەوە و فشار و زوڵم و ستەملێکردنێکی، ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە سیاسەت بێ بەش بکات ھیچ رێگایەک وەک ئەمە مەترسیدارنیە، ئەمەش کاریگەرترین رێگایە بۆ لاوازکردن و بێ رۆڵکردنی کۆمەڵگە، چونکە سیاسەتی کۆمەڵگە ئۆرگانی ھەرە ژیانی گفتوگۆکردن و بڕیار وەرگرتنە لە بارەی پێویستییە ماددی و مەعنەوییە بنەڕەتیەکان و ھەبوونی خۆی.

دیارە کە دەڵێین سیاسەت مەبەستمان ئەو جۆرە لە سیاسەتکردنەی دەسەڵاتداران بەتایبەت تر سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی نیە کە بە درۆ و فرتوفێڵ و دزیی و ھەڵخەڵەتاندن ناوزەند کراوە، سیاسەت لە مانا حەقیقیەکەی خۆی واتە ھونەری بەڕێوەبردنە.

ھەرچی ڕۆڵی سیاسەتە لە ناوەڕۆکی خۆیدا فەراھەمکردنی رێسا ئەخلاقیەکانی پێویست بە کۆمەڵگەیە، ھەروەھا گفتوگۆی بەردەوام بەڕێوەدەبات بۆ دۆزینەوەی پەیڕەو و رێگاکانی دابینکردنی پێداویستیە زیھنی و ماددییە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگە و گەیاندنێتی بە ئاستی بڕیار، لەسەر بنەمای ئەم راستیانە سیاسەتی کۆمەڵگە بەردەوام ھێزی گفتوگۆ و بڕیار وەرگرتن بەرەو پێشەوە دەبات و کۆمەڵگە بە زیندووی دەھێڵێتەوە و دەیکات بەخاوەن بۆچوونێکی کراوە، بە بەھرە و توانای خۆبەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروبارەکانی دەگەیەنێت، واتا سەرەکیترین بواری ھەبوونی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی بێ سیاسەت وەک مریشکی سەربڕاو وایە کۆمەڵگەیەک بەر لە گیان دەرچوون خۆی بەلای راست و چەپدا دەدات.

لە ناو کوردەوارییدا چەمکی سیاسەت بۆ کەسی زیرەک و لێھاتوو بەکار ھاتووە، کەسێک زیرەک و لێھاتوو بوایە و ھەڵ نەخەڵەتێنرایە ئەوا پێیان دەگوت کەسێکی (سیاسەت بازە) واتە کەسێکی سیاسیە، بۆیە دەسەڵات لەیەکەم ھەنگاوی خۆیدا دەیەوێت ئەو ھۆشیاریی و لێھاتووییە لە کۆمەڵگە زەوت بکات و بەشێوەیەکی زۆر ناشرین و قێزەون نیشانی بداتەوە، زۆرجار لە زاری دەسەڵاتدارانەوە گوێبستی بووین کە دەڵێن سیاسەت واتە درۆ و فرتوفێڵ ئەمەشیان بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگە لەو زانایی و ھۆشیارییە خۆ دووربگرن و تەنھا بۆ خۆیان سیاسەت بکەن، بێگومان سیاسەتی خۆشیان سیاسەتێکی چەوتە و دوورە لە ھەموو بەھا و پێوانێکی ئەخلاقی و مرۆیی.

بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتداران لەیەکەم ھەنگاویاندا یاسایان لە جێگەی ئەخلاقی کۆمەڵگە داناوە دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشان لە جێگەی سیاسەتەکەی جێگیر کردووە، بەربەستکردنی ھێزی سیاسی و ئەخلاق کە ڕۆڵی ستراتیژی ھەبوونی کۆمەڵگە دەبینن، ھەروەھا دانانی یاسا و بەرێوەبەرایەتی حکومڕان لە جێگایاندا لە ھەموو قۆناغێکدا ئەرکی سەرەکی دەوڵەت و دەسەڵاتە، ئەم دوو ئەرکە نەبن کەڵەکەبوونی سەرمایە و پاوانەکانی چەوسانەوە بوونیان نابێت. 
ئەم ھەنگاوەی دەسەڵات بە جۆرێک مەترسیدارە کۆمەڵگە دەگەیەنێتە ئاستی مێگەل بوون کە ئیدی ڕاست و چەپی خۆی ناناسێت و دەسەڵات چۆنی بوێت بەو شێوەیە ئاراستەی دەکات و ھیچ ھێزێک لە پێشی نامێنێت و ئاستەنگ بێت بۆی.

ئەگەر ئەو ھەنگاوانەی دەسەڵات بەرامبەر بە کۆمەڵگە کە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەمان پێکرد پەیوەندیداری بکەین بە دەسەڵاتی کوردی، ئەوا دەگەینە ئەو بڕواییەی کە دەسەڵاتی کوردیش ھەر لەیەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونی ئەم ھەنگاوانەی گرتووەتەبەر و زۆر بەجدی و بەبەرنامە کاری لەسەر کردووە، ئەو دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەی باشوری کوردستانی تێکەوتووە ئەنجامی ئەو ھەوڵدانانەی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگەیان گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ئامادەی قبوڵکردنی ھەموو جۆرە زوڵم و ستەم و برسێتی و ناعەدالەتیەک ھەیە. بە جۆرێک کۆمەڵگە بێ سیاسەت کراوە دەسەڵات چۆنی بوێت بەو جۆرە ئاراستەی دەکات و ڕۆژەڤی بۆ دروست دەکات و سەقاڵی دەکات، کۆمەڵگە وای لێ ھاتووە لەناو ھەمان بازنەی دەسەڵات دا سیاسەت دەکات و بیردەکاتەوە بۆیە ناتوانێت رێگە ڕاستەکە بدۆزێتەوە و خۆی ڕزگاربکات.

چارەسەری ئەم دۆخەش تەنھا خودی کۆمەڵگە خۆیەتی یەکەم کار کە کۆمەڵگە ئەنجامی بدات دەرچوونێتی لە ناو ئەو ھاوکێشە و بازنەیەی دەسەڵات، سیاسەت و ئەخلاق بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە و ببێت بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و ئەخلاقی ئەوکات ھێزی چارەسەری لای خۆی دەبێت، لە کۆمەڵگەیەکی مێگەلەوە دەبێت بە کۆمەڵگەیەکی ئافرێنەر و بونیانتەر و بەرھەمھێن.