سەردێڕ:

ئایا ئەوانەی خـۆیان ناپارێزن بکوژین؟

10/20/2020 7:28:59 PM
6597 جار خوێندراوەتەوە
سەرکەوت سەوادی و هیمداد محمود
+ -

ئێستا جیھان بە دۆخێکی ناوازە و مێژوویدا تێدەپەڕێت، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتا گشتگیرەوە کە بە کۆرۆنا ناسراوە. ئێستا مرۆڤایەتی لە بەردەم پرسی جەوھەری و چارەنووسسازدا وەستاوە و دووبارە خەریکی بنیاتنانەوەی دیدگا و دونیابینی خۆیەتی، لە پێناو تێگەیشتنێکی سەردەمی و شیاو کە بتوانێت ھەڵسەنگاندنێکی دروست سەبارەت بەم دۆخە گەڵاڵە بکات. ئێستا مرۆڤایەتی دەیەوێت لە زۆرینەی رەھەندەکانەوە رەخنەی دونیابینییە کلاسیکییەکانی بەر لە کۆرۆنا بکات، دیدگایەکی نوێ کە شیاوی دونیای دوای کۆرۆنا بێت، بھێنێتە ئاراوە.

روانگە زانستی و فەلسەفییەکان وەک سەرجەم کایەکانی ژیان توشی قەیران بوون، تیۆرەکانیان، ناتوانێت پاساومەندی سەبارەت بەو دۆخە ئەخلاقی و ژیاریانە ئامادە بکەن کە کۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا ھێناویەتە ئاراوە، یان چاوەڕوان دەکرێت بیھێنێتە ئاراوە. ئەوەی کە توشی گرفت بووە تەنیا لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی نین، بەڵکو بەشێک دیدگای ئەخلاقیشمان لە بەردەم ئەم دۆخەدا، دووچاری گرفتی ریشەیی بووە و ناتوانێت لە گێژاوی ئەم پەتایەدا بێ گرفت بێتە دەرەوە. بۆ نموونە ئەم تێڕوانینە باوەی کە پێشتر پێی وابوو کێشەی ھەر دەوڵەتێک لە سنورێکی جوگرافی دیاریکراودا تەنیا کێشەی خۆیەتی و پێویستە خۆیان بە وزە و توانا مادییەکانی خۆیان رووبەڕووی ببنەوە، کەوتووەتە گرفتەوە. پێشتر وا گریمانە دەکرا دەوڵەتێک بە داخستنی سنورەکانی و پارێزگاری لێ کردنی دەتوانێ خۆی لە گرفتەکانی دەرەوەی سنورەکانی ئەرخەیان بکات، کۆرۆنا توانی کۆتایی بەم وەھمە بھێنێت و بە روونی جەختی لەوە کردەوە کە جیھان ھەمووی یەک ژینگەیە و ھیچ دەسەڵاتێک توانستی ئەوەی نییە سنوری بۆ دابنێت، ھەروەھا ئەم پەتایە پێی گوتین ئەوە تەنیا تەکنەلۆژیا نییە کە سنور ناناسێت و دەتوانێت جیھان بکاتە گوندێکی بچووک، بەڵکو ھێزی دیکەش ھەیە کە دەتوانێ باشتر و خێراتر ئەمە بکات.

کۆمەڵێک پرسیار لە میانەی ئەم پەتا گشتگیرەدا رووبەڕووی تیۆرە ئەخلاقی و زانستییەکان بوونەتەوە و خوازیاری وەڵامن. رەنگە کرۆکیترین پرسیارێک ئەوە بێت کە لە ناونیشانی ئەم نوسینەدا کراوە، ئایا زۆرینەمان بکوژین؟ پرسیارێکی دیکەی کرۆکی ئەوەیە، لەم تەنگژەیەدا ئەوەی کە وەک بەرپرسیار و سەپێنەری رێکارەکانی خۆپارێزی دەبینرێت بریتین لە دەزگاکان و حکومەتەکان و ئەوانەی کە رێشمەی سیاسەتی جیھانیان لە ئەستۆیە، بەڵام ئایا بەرپرسیارێتی تاک، وەک بوونەوەرێکی ئاگامەند و بەرپرسیار و ئەخلاقی، لە کوێ دایە، لە تەنگژەیەکی لەم شێوەیەدا تاک چ بەرپرسیارێتییەکی لە ئەستۆ دایە. ئەوە روونە کە تیۆرەکانی لیبڕالیزم و تاکگەرایی بە شێوەیەکی تێبینی کراو کەوتوونەتە کێشەوە و ناتوانن وەکو پێشتر داواکاری بۆ ئازادییەک بەرز بکەنەوە کە تیایدا تاک بە شێوەیەکی کەڕەمسۆ و لاسارانە بەرژەوەندی و ئازادییە تایبەتییەکانی بخاتە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە.

ئێستا با کەمێک لە سەر ئەم دوو پرسیارە کرۆکییە بوەستین، فەیلەسوفانی پێشین جەختییان لەوە کردووەتەوە کە تاک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت لە دەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ژیانێکی شایستە بژیت. بەمەش تاک لە نێو ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەدا ناچاری پەیوەندی گرتنێکی ئەخلاقییە. ھەڵوێستی ئەخلاقی، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، مامەڵەی ئەخلاقی، فۆڕم بە پەیوەندییەکانی تاک دەدەن، جا ئەم فۆڕم پێدانە چ بەرامبەر تاکە ھاوشێوەکانی بێت، یان بەرامبەر کۆمەڵگە بێت بە شێوەیەکی گشتی. زۆرێک لەو پەیوەندییە ئەخلاقیانەی تاک ناچنە ژێر رکێفی و یاسا و نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگاشەوە، بەڵکو ئەوە خودی تاک خۆیەتی کە بڕیار دەدات لە دۆخە دیاریکراوەکاندا بە چ شێوەیەکی مۆڕاڵی ھەڵوێست وەردەگرێت.

مادام بەشێک لە ھەڵوێست و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانمان لە رێی یاسا و نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، کەواتە بەرپرسیارێتی خۆ جڵەو کردن و ھەڵوێست نواندی ئەخلاقیشمان تەنیا بەرپرسیارێتی دەزگا فەرمی و یاساییەکان نین. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەزگا فەرمی و یاساییەکان ھیچ بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆدا نییە، بەڵکو بەو واتایەیە کە تاک خۆشی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ و ناچاری ھەڵوێست نواندنی ئەخلاقییە. لە دۆخی پەتای کۆرۆنادا، کە بەشێوەیەکی خێرا لە مرۆڤەکانەوە بۆ یەکتری دەگوازرێتەوە، سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی جەخت لەسەر بەکارھێنانی ماسک، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، لێک دوورکەوتەنەوەی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، چونکە ئەمانە دەبنە ھۆی خێرا بوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و توشبوونی خەڵکانی زیاتر بەم پەتایە، لە دەرنجامی ئەوەش خەڵکانێک توشی ئازاری زۆر، ھەندێک جاریش مردن دەبنەوە. پرسیارە ئەخلاقییەکەمان ئەوەیە؛ ئایا تۆ مافی ئەوەت ھەیە، لە بەر ئازادی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆت، خەڵکانی دیکە توشی ئازار، یان ھەتا مردنیش بکەیتەوە؟ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، کاتێک کەسێک توشی کۆرۆنا دەبێت و دەمرێت، بەھۆی کەمتەرخەمی ئەوانی دیکەوە، ئایا ئەوانەی دەبنە ھۆکاری ئەمە، کوشتنێکی نائەنقەستییان یان ئەنقەستییان ئەنجام نەداوە؟

بۆ روونکردنەوەی زیاتر، پێویستە ئێمە لێرەدا دوو تێگەی، کوشتنی بە ئەنقەست، کوشتنی نائەنقەست روون بکەینەوە. کوشتنی بە ئەنقەست بریتییە لە کوشتنێکی پلان بۆ داڕێژراو و بە ئاگایانە، کە کەسی بکوژ بە ئاگایە بەرامبەر دەرەنجامی ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدات. ھەرچی کوشتنی نائەنقەستە، کوشتنێکی پلان بۆ داڕێژراو نییە و کەسی بکوژ ئاگایی بەرامبەر دەرەنجامی کردەوەکەی نییە. دەکرێ ھەمیشە جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان ئەم دوو جۆر کوشتنەدا ھەبێت و لە یاساشدا جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆر کوشتنەدا کراوە، بەڵام ھەمیشە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئەم دوو کوشتنەدا ھەیە، ئەوەش لە ئاکامەکەیدا دەردەکەوێت کە ھەردووکیان ھەمان ئەنجام دەخەنەوە کە کۆتایی ھێنانە بە ژیانی کەسێک.

ئێستا کە ئەوە روون و بەڵگە نەویستە خۆنەپارێزی، نەبەستنی ماسک و تێکەڵ بوونی کۆمەڵایەتی، دەبنە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئێمەش بە ئاگاین لەوەی کە بە جێبەجێ نەکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەبینە ھۆکاری بڵاوبوونەوەکە، لە ئاکامیشدا بە ھەزاران توشی ئازار و مردن دەبنەوە، لە دۆخێکی لەم شێوەیە چۆن دەکرێت پێمان وابێت کە کوشتنێکی بە ئەنقەستمان ئەنجام نەداوە؟ لێرەدا جارێکی دیکە پرسیارە کرۆکییەکە بیر دەھێنینەوە، ئایا ئێمە زۆرینەمان بکوژین؟!