سەردێڕ:

کامە عێراق؟

11/17/2020 10:03:33 AM
6904 جار خوێندراوەتەوە
شیروان تاڵیب
+ -

ئەوەی ئەمڕۆ لە نێچیرڤان بارزانیم بینی، ناڵێم پێشتر نەمدیوە، بەڵام لەڕاستیدا دەمێکە لێم نەدیووە.

نیگەرانییەکی زۆر تاڕادەی توندبوون ، بێھوایی لە چاککردنەوەی ئەوەی شکاوە نا، چونکە ئەو سیاسییەکی لێزانە و بێھیوایی نازانێ، بەڵام بێھوابوون لە عەقڵییەتیی ھەندێک لەوانەی کە لە بەغدا بڕیار دروست ئەکەن و بەسودفەی نیشتنەوەی ( باز ) ێک ھاتوون و حوکمیش ئەکەن.

ئەم عێراقە کە بونیادنرایەوە، قەرار وابوو تازەبێ تا لەسەر پێی خۆی بووەستێ ، نە بۆ دەرەوەی خۆی ھەڕەشە بێ و نە بۆ ناوخۆیشی سەرئێشە. خۆی ئەبوو عێراق ھیوا و ئایندەبێ، ھیوایەک بۆ گەلانی پێکھێنەری وڵاتەکە کە چیتر بە وەسیلەی جیاواز جیاواز نەخنکێنرێن. ئایندەیەکیشبێ بۆ نەوەی ئەوانەی کە لە شاخ بوون و شاخیان کردبووە دۆستی خۆیان و کردبوویانە خانەخوێیەکیش بۆ ئەوانەی کە لە جنوبەکەیەوە دێن. دەی ئەوەتا ئەمڕۆ عێراق بۆ ژیان ترسناکترینە و ئایندەکەیشی دەردی میسیرییەکان ئەڵێن ( علی کف عفریت )، جا عفریتێکیش نا، زیاتر.

ئەو بەغدایەیشی کە جاران چونکە ( ناوەندی ) بوو، مەرکەزێکی سەرەخۆرە بوو. ئەوەی تێیدا حوکمی ئەکرد، ملی یەکێکی پێش خۆیی پەڕاندبوو و دواجار خۆیشی ملی یان ئەشکێنرا، یان بە پەتدا ئەکرا، یاخوود ئەگەر شانسداربووایە، پێی شۆڕ ئەکرا، وا بڕیار بوو ئیتر پایتەختی ڕەشیدان بێ، ھی ھەمووان و بۆ ھەمووان بێ، دەی ئەوەتا ئەویش بەدەردێک چووە، ناڵێم ڕەحمەت لە کفن دز، بەڵکو نەفرەت لەو و لەوانەیشی کە ئەیانەوێ بیکەنەوە بە مەرکەز.

خەڵکی ڕۆژھەڵات بەتایبەت ئەوانەیان کە لە ناوەڕاستەکەیدا ئەژین، عیبرەت لە ڕابردووی نەک کۆن، بەڵکو لە تازەکانیشی وەرناگرن. ئاخر ئەگەر جیھان عێراقێکی مەرکەزییان بوویستایە، کێ لە بەعس مەرکەزییتر بوو.

ئێوە دیققەت بدەن ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی چی ووت :
(ئەگەر بەغدا سەقامگیری و ئارامیی بۆ عێراق دەوێ، ئەوا دەبێ دیالۆگ بکەین).

دیالۆگ یەعنی قسەیەک لە من و یەکێکیش لە تۆ، شتێک بۆ من و شتێکیش بۆ تۆ و دواجار لە خاڵێکدا ڕێکەووتن. جا ئەگەر ئەمە نەما وەک چۆن ئەو شەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا نەما، ئیتر سەقامگیریی عێراق و ئارامییەکەی لەژێر پرسیاردایە و بەخوا مەرکەزییەت و ئەکسەرییەت، چەند بەکەڵکی سەددام و بەعس ھات، ھەرئەوەندە بەکەڵکی خەڵکی تریش دێت.
جا عێراق یان ئەبێ تازە بێ، یان نابێ .