سەردێڕ:

پێغەمبەر، ئەو پیاوەی کەڕامەتی بۆ ئافرەتان گەڕاندەوە

10/20/2020 9:12:39 PM
11348 جار خوێندراوەتەوە
تریفە جەلال
+ -

- ڕۆژئاواییەکان سەرسامی خۆیان دەردەبڕن بەوەی چۆن پیاوێکی وەک محمد (د.خ)، توانی بەتاک و تەنھا لەنێو کۆمەڵگایەکی پڕ لە جەھل و نەفامی و یاسا شکێنیدا، خەڵکی ھوشیار بکاتەوە و پێیان بڵێت: نە کچان بۆ زیندە بەچاڵ کردنن نە ژنانیش بۆ کوشتن و ئازاردان.
ـ ئەو کەسێک بوو وەک پیاو لەناو مزگەوت بە ئاشکرا دەیفەرموو: رێز لە خێزانەکانتان بگرن و خۆشتان بوێن و بە یاوەرەکانیشی دەوت: من خێزانەکەم خۆش دەوێت، بۆیە ئێوەش خۆشتان بوێن و گرنگی بە ماڵ و منداڵتان بدەن.

ـ پەیامبەرەکەی ئێمە، بە کردار رێزی لە خێزانەکانی دەگرت و کەرامەتی دەپاراستن نەک تەنھا دروشم، بۆیە کاتێک پێڵاوەکانی دەدڕان خۆی بەدەستە پیرۆزەکانی دەیدورینەوە، زۆربەی کات جلەکانی خۆی دەشۆرد، تاکو بە پیاوان بڵێت: ھاوکاری کردنی خـێزانەکانتان عەیبە نییە.

ـ ئەو ھەموو شتێکی جوان و چاک و پاکی لەگەڵ خەڵک و خێزانەکانی دەکرد بۆیە خودای گەورە وەسفی دەکات بەوەی کە خوڕەوشتی محمد (د.خ) لە ئەخلاق و رەوشتە بەرزەکانە، بەجۆرێک لەناو منداڵ و خێزانەکانیدا رەنگی دابوویەوە، منداڵەکانی بە باشترین باوک باسی بکەن.

ـ وەفا بۆ ژن و بۆ رەگەزی بەرامبەر، یەکێکی دیکە بوو لە سیفەتە ھەر جوانەکانی پەیامبەرمان، ھەر ئەمەش بوو وایکرد لە فەتحی مەککە کە ھەمووان سەرقاڵ بوون، بەڵام ئەو لە ‌تەنیشت کەعبەی پیرۆز، عەباکەی خۆی رادەخات بۆ ئافرەتێکی بەتەمەنی، ھاوڕێی کۆنی خەدیجەی خێزانی.

ـ ئەو ھێندە جوان بوو، لە سەرەمەرگدا لەتەنیشت خێزانەکانی و لەسەر دەستەکانی عائیشەی خێزانی وەفاتی کرد، چەند چرکەیەکیش پێش مەرگی پیرۆزی بە پیاوەکانی وت: لەگەڵ ژناندا باش بن رێزیان لێ بگرن و ئازاریان مەدەن.

- بۆیە جێگەی خۆیەتی لە یادی لەدایکبوونیدا بەشانازیەوە بڵێین: سوپاس بۆ ھەموو شتێکت ئەی پێغەمبەری خودا، تۆ کەرامەتت بۆ رەگەزی مێ گەڕاندەوە، تا دوا چرکە بەرگریت لە مافەکانمان دەکرد.