سەردێڕ:

ناوی کوردستان لە ئەرشیفی رۆژنامەگەریی پێش دەوڵەتی عێراقیدا

9/17/2020 3:10:57 PM
6046 جار خوێندراوەتەوە
سالار کەریم حسێن
+ -

ئەگەر بەوردی چاوێک بەئەرشیفی رۆژنامەگەریی عێراقیدا بخشێنینەوە، ئەوا چەندین بەڵگە و دیکۆمێنتی بەنرخی مێژوویی لەبوارە جیاوازەکاندا تیادا دەبینین، بەحوکمی ئەوەش کە یەکێک لە بابەتە ھەرەگرنگ و ھەستیارەکانی پەیوەندیدار بەمێژووی سیاسیی ھاوچەرخی کوردەوە بریتییە لە دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی جیاوازدا، بۆیە ئەوەش چەند پرسێکی تری لەگەڵ خۆیدا ھێناوەکە بابەتی (ناولێنان) یان (ناساندن) یەکێکە لەوانە و تاڕادەیەک لەماوەکانی ڕابردوودا مۆرکێکی پارادۆکسییانەی وەرگرتووە، چونکە ئەرشیفی ڕۆژنامەگەری عێراق پێمان دەڵێن بەپێی سەردەم و ھەلومەرجە سیاسییە جیاوازەکانی ڕابردوو ھەمیشە ناوی کوردستانیش گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و لەیەک دۆخی جێگیردا نەوەستاوە، بەڵکو بەدرێژایی سەدەی بیستەم بەچەندین شێوەی جیاواز و دژ بەیەک ناوزەدکراوە، ماوەیەک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەئاماژەی ناڕاستەوخۆ وەک جوگرافیایەکی سەربەخۆ ناوی براوە، وەک لەم وتارەدا بەدیکۆمێنت ڕوونی دەکەینەوە، ماوەیەکی تریش لەپاش دروستبوون و پاشان بەھێزبوونی دەوڵەتی عێراق و بەتایبەتی لەسەردەمی حوکمڕانیی حیزبی بەعسدا کە ھەوڵی توانەوەی کورد دراوە لەبۆتەی کلتور و مێژووی عێراقیدا، نەتەوەی کورد وەک بەشێک لەگەلی عێراق و خاکی ھەرێمی کوردستانی ئێستاش وەک باکوری عێراق لە چوارچێوەی نیشتیمانی عەرەبیدا ناوبراوە.

 ئەوەی کە لێرەدا مەبەستمانە خستنەڕووی ناوی کوردستانە لەئەرشیفی رۆژنامەگەریی پێش دروستبوونی فۆرمی ئێستای دەوڵەتی عێراق کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ململانێی نێوان خەلافەتی عوسمانی و دەوڵەتی بەریتانیا و کاتەکەی دەکەوێتە دوای ساڵی ١٩١٧ کە سەردەمی ھاتنی ئینگلیزەکانە بۆ عێراق، لەڕاستیدا دۆخی ئەو سەردەمە ھەلومەرجێکی تایبەت بووە لەمێژووی ناوچەکەدا، چونکە ھێشتا عێراق بەفەرمی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بووە و پەیکەرە کارگێڕییەکەی دابەشکرابوو بەسەر ھەر سێ ویلایەتی: (موسڵ، بەغداد، بەسرە)دا و ئەستەمبوڵ پایتەخت بووە، بەڵام لەوکاتانەدا ئینگلیزەکان توانیویانە کۆنترۆڵی باشور و ناوەڕاستی عێراق بکەن و شاری بەغداد بخەنە ژێرڕکێفی خۆیانەوە، ھەر لەوسەردەمەدا ئینگلیزەکان رۆژنامەی (العرب) یان دەرکرد کە زمانحاڵی ئیدارەی ئیحتیلالی بەریتانیا بووە لەعێراقدا، ئەم ڕۆژنامەیە بە بەردەوامی بۆماوەی (٣) ساڵ لەنێوان ساڵانی (١٩١٧ – ١٩٢٠) دا بە زمانی عەرەبی دەرکراوە و تا کۆتایی (٨٦٩) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و دواتر ناوی ڕۆژنامەکەیان گۆڕیوە بۆ (العراق) و لەژێر ئەو ناوەدا درێژەیان پێداوە.

ئەگەر لەناوەرۆکی ژمارەکانی ڕۆژنامەی (العرب) بڕوانین دەبینین لە چەندین شوێندا بەڕوون و ڕاشکاوی ناوی (باشوری کوردستان)ی بۆ ئەو پانتاییە جوگرافییە بەکارھێناوە کەئێستا خاکی ھەرێمی کوردستانە و لەوسەردەمانەدا دەکەوتە ناو قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بێگومان فاکتەری ئەم ناوھێنانەش بە (باشوری کوردستان) لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆمەرامی سیاسیی تایبەتی ئینگلیزەکان کە مەبەستیان ڕاکێشانی ھەست و سۆزی کورد بووە بەلای خۆیاندا ھەتا لەو ڕێگەیەوە دووریان بخەنەوە لەتورکەکان، لەلایەکی تریشەوە لەژێر فشاری جموجوڵ و بەرھەڵستە سیاسی و چەکدارییەکانی کورددا بووە بەڕابەرایەتی شێخ مەحمودی حەفید، بەھەرحاڵ ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگ و جێی بایەخە ناوھێنانی خاکی ھەرێمی کوردستانی ئێستایە بە (باشوری کوردستان) کە ئەمە دیکۆمێنتێکی گرنگ و پڕبەھای سیاسیە و دەتوانین بە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی خودی بەریتانییەکانی دابنێین لەم بوارەدا، لەکاتێکدا لای ھەمووان ڕوونە کە ئەو کاتە و ئێستاش بەریتانیا یەکێکە لەوڵاتە گەورە و خاوەن بڕیارەکانی جیھان و دواتریش ھەر خۆی ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی ھەبووە لە لکاندنی زۆرەملێی ئەم بەشەی کوردستان بەدەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقەوە.

 ئەوەی لەدیکۆمێنتی ھاوپێچدا دەیخەینەڕوو نموونەیەکی گرنگە لەوبەڵگانەی کە ئاماژەمان پێدان، کە لەژێرناونیشانی: ( فی ساحە کردستان)دا  لەژمارە (٦٠٥) ی ڕۆژی ١٧/ تەمموز/ ١٩١٩ ی ڕۆژنامەی (العرب) داو لەلاپەڕە (١) دا بڵاوکراوەتەوە، کە ھەواڵێکی تایبەتە بەگەڕان و کێوماڵکردنی ھێزی ئینگلیزەکان بەدوای پاشماوەی چەکدارەکانی شێخ مەحمودی نەمردا کە بەپێی سەرچاوەکان لەدوای شەڕی دەربەندی بازیانی ساڵی ١٩١٩ لە ناوچەجیاوازەکانی چەمچەماڵ و سەنگاو و بازیاندا پەرتەوازە ببوون و ناوبەناو لێرەولەوێ زەبری پارتیزانانەیان لە ئینگلیزەکان دەوەشاند، بەتایبەتی چەکدارەکانی کەریم بەگی فەتاح بەگی ھەمەوەند و سەید محەممەدی جەباری، بەدیاریکراوی ئەم دیکۆمێنتە ئاماژە بەگوندی (مۆرتکە)ی ناوچەی بازیان دەکات (ھەڵبەتە چەند گوندێکی تر بەناوی مۆرتکە لە ناوچەجیاوازەکانی ھەولێرو ئاغجەلەر و تاوەگۆزیدا ھەن، بەڵام لێرەدا مەبەست لەوانە نییە.)، لەم دیکۆمێنتەدا خاکی ھەرێمی کوردستان بە (باشوری کوردستان) لەقەڵەم دراوە، ئەمەش شەرعیەت دانە بەھەبوونی پانتایی کوردستانێکی گەورەی خاوەن چەند جەمسەرێکی جوگرافیی جیاواز، چونکە بەپێی لۆژیکی جوگرافی ھەبوونی لۆکەیشنی (باشور) بۆ ھەر شوێنێک خۆی لەخۆیدا سەلمێنەری ئەوەیە کە ھەر سێ جەمسەر و ئاراستەی (باکور، ڕۆژھەڵات، ڕۆژئاوا) یش بۆھەمان شوێن بوونیان ھەیە.

 ئەوەی لێرەدا ئاماژەمان پێدا نموونەیەکی دیاریکراوە و ھیوادارین ببێتە دەستپێک و دەروازە بۆ توێژەر و ئەکادیمیستانی بواری مێژووییمان تا دەست بە کنەوپشکنین بکەن لەلاپەڕەکانی ئەرشیفی ڕۆژنامەگەری و چەندین بەڵگە و دیکۆمێنتی ھاوشێوەی ئەمانە لەو ئەرشیفانەوە ھەڵگۆزن و پەردەی تاریکییان لەسەرھەڵماڵن.