سەردێڕ:

ھەندێک بنەمای بەسود بۆ سەرکەوتن لە ژیان

10/2/2020 12:07:21 AM
15527 جار خوێندراوەتەوە
نەزهەت ‌حالی
+ -

زۆر جار مرۆڤ لە ئەزموونی ژیانی خۆی فێری زۆر شتی نایاب دەبێت، بەڵام ھەر ئەزموونی ژیانی مرۆڤ بەس نییە بۆ فێر بوون و بۆ سەرکەوتن لە ژیان، زۆر جار مرۆڤ دەتوانێت لە نوسین و وتەی کەسانیتر شتی زۆر گرنگ فێر ببێت، گەنجانی کوردستان سەرمایەی ھەرە بە نرخی نیشتمانن، کە دەتوانن بە خوێندنەوە و وەرگرتنی ئەزموونی کەسانیتر باشتر لە دەرفەتەکانی ژیانیان سودی باشتر وەربگرن و ڕۆڵی خۆیان لە پێشکەوتنی وڵاتی خۆیان ببینن، ھەر لەو سۆنگەیەوە بابەتی خوارەوە پێشکەشی ھاوڕێانی ئازیز دەکرێت. 

سایمۆن سینێک نووسەری ئەمریکی باس لە پێنج بنەمای گرنگ دەکات، کە ھەرکەسێک دەتوانێت لە بوارە جیا جیاکانی ژیان و پیشەی خۆی سوودیان لێ وەربگرێت، ھەوڵم داوە بە کورتی ئەو بنەمایانە باس بکەم، لە دوو خالیش دوو بەسەرھات بە کورتی باس کراون. 

١ - بەدوای ئەو شتانە بگەڕێ کە دەتەوێت بەدەستیان بھێنیت.

 مرۆڤەکان بە دوو شێوازی جیاواز جیھان دەبینن، ھەندێ کەس تەنیا ئەو شتانەی کە دەیانەوێت دەبینن، ھەندێکیش تەنیا ئەو بەربەستانە دەبینن ڕێگرن لە بەدەستھێنانی ئەو شتانەی دەیانەوێت.
 دەتوانی ھەوڵی وەدست ھێنانی ھەر شتێک بدەیت کە دەتەوێت، بەڵام نابێت ئینکاری مافی کەسێکی تریش بکەیت کە دەیەوێت بە دوای شتە ویستراوەکانی بگەڕێت. 

٢- ھەندێک جار ھۆکاری کێشەکان خۆمانین.
 لە سەدەی ھەژدەیەم پەتایەک لە ئەوڕوپا بڵاو بویەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی دووگیان بوون، دوایی ٤٨ کاتژمێر لە منداڵ بوونیان دەمردن، دکتۆر ئۆلیڤەر وێندل گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە خودی دکتۆرەکان ھۆکاری مردنی ئافرەتەکانن، لەبەر ئەوەی ئەو دکتۆرانەی کە بەیانیان جەستەی ئافرەتە مردووەکانیان تەشریح دەکرد و بە دوای ھۆکاری مردنیان دەگەڕان، بە بێ ئەوەی دەستیان بشۆن دوای نیوەڕۆ چاودێری پرۆسەی منداڵ بوونی ئافرەتەکانی تریان دەکرد، ھەر بۆیە بە دکتۆرەکانی وت ئێوە ھۆکاری مردنی ئافرەتەکانن، بەڵام دکتۆرەکان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ئینکاری ئەو ڕاستییەیان دەکرد و بە دکتۆر ئۆلیڤەریان دەووت،  تۆ شێت بوویت. دوایی دەرکەوت کە بە شوشتنی دەستەکان و پاک کردنەوەی کەرەستەکان ئەو نەخۆشییە لە ناو دەچێت. لەو ڕووداوە دەتوانین ئەو وانەیە وەربگرین، کە ھەندێ جار بە خۆمان ھۆکاری گرفت و کێشەکانین.
ھەر بۆیە دەبێت بەرپرسیارێتی ھەموو ئەو کارانە بخەیتە ئەستۆی خۆت کە ئەنجامیان دەدەیت، تۆ دەتوانیت ھەموو شانازییەک (کرێدیت) وەربگری بۆ ئەو کارە دروستانەی کە ئەنجامیان دەدەیت ئەگەر بەرپرسیارێتی ئەو کارانەش وەربگریت کە نادروست و ھەڵە بوون.
 
٣ – دەبێت چاومان لە یەکتری بێت و ھاوکاری یەکتری بکەین.

زۆر جار کە تووشی گرفتێک دەبیت و نازانی و ناتوانی چ بکەیت، زۆرێک لەوانەی تۆیان خۆش دەوێت بە خێرایی دێن بۆ ئەوەی ئاگایان لە تۆ بێت و ھاوکارت بن، بەڵام ئەوە لەو کاتەدا ڕوو دەدات کە تۆ پێشتر ئاگات لەوان بووبێت.

٤ – ھەمیشە دوایی ھەمووان قسە بکە.

نێلسۆن ماندێلا لە ئاستی دونیا بە سەرکردەیەکی گەورە ناسراوە، ئەو کوڕی سەرۆکی خێلێک بوو، جارێک لێی دەپرسن چۆن فێر بوویت کە ببی بە سەکردەیەکی مەزن، گووتی لەگەڵ باوکم دەچوومە کۆبوونەوکانی خێلەکەمان، دوو شت لە باوکم فێر بووم، لەو کاتەی کە لە گەڵ بە تەمەنەکان کۆ دەبوویەوە ھەمیشە بە شێوەی بازنەیی لەگەڵ ئەوان دادەنیشت و دوایین کەسیش بوو کە قسەی دەکرد.

  ٥ – ئەو شتەی کە بۆ تۆ دەکرێت لەبەر پێگەکەتە نەک لە بەر تۆ.

جارێک یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا کە خانەنشینکرابوو، داوەت کرابوو بۆ ئەوەی ووتارێک بۆ ھەزاران کەس لە کۆنفرانسێک پێشکەش بکات، لە دەستپێکی قسەکانی لەوکاتەی  کوپێکی سەفەریی قاوەی لەدەست دەبێت، دەوەستێت و بە زەردەخەنەوە دەڵێت دەزانن پارساڵ من لە پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگریدا بووم و داوەت کرابووم بۆ ھەمان ئەو کۆنفرانسەی ئەمڕۆ، کە ھاتم بۆ ئێرە بە فڕۆکە، شوێنی بزنس کلاسیان بۆ دابین کردم و لە فڕۆکەخانە کەسانێک چاوەڕوانیان دەکردم و تاکوو ژوورەکەم لە ھۆتێل لەگەڵم ھاتن، بەیانی ڕۆژی دوایی کەسێک لە لۆبی چاوەڕوانی دەکردم و منیان بۆ ئەو ھۆلە ھێنا و لە ڕێگای پشتەوە منیان ھێنایە نێو ھۆڵەکە و چووینە ژوورێکی تایبەت و لە کوپێکی جوانی سێرامیکی قاوەیەکیان پێشکەش کردم، بەڵام من چیتر یاریدەدەری وەزیری بەرگری نیم ئەو جارە بە خۆم بە تیکەتی عادی ھاتم و بە تاکسی چوومە ھۆتێل و ڕۆژی دوایی بە خۆم بە تاکسی ھاتم بۆ ھۆڵی کۆنفرانسەکە و چوومە دەرگای پێشەوە و ڕێگای خۆم دۆزییەوە بۆ شوێنی ئامادە بوون، داوای قاوەم کرد کەسێک بە دەست ئامێری قاوە دروستکردنی پێشان دام و من چووم و قاوەیەکم بۆ خۆم لە کوپێکی سەفەری تێکرد، ئەو دەرسەی لەو بابەتە وەرم گرت ئەوەیە کە کوپی سرامیکی قاوە بۆ من نەبوو بۆ ئەو پێگەیە بوو کە پێشتر ھەم بوو، ئەگینا من شایانی کوپی سەفەری قاوەم.

سایمۆن سینێک دەڵێت ھەر کات پۆست و پێگەیەک وەربگرن خەڵک بە شێوازێکی باشتر ھەڵسوکەوتان لەگەڵ دەکەن، بەڵام لە بیرتان نەچێت کە ئەو شتە بۆ ئێوە نیە بۆ پێگەکەتانە، ئێوە شایانی کوپی سەفەری قاوەن بۆیە ھەمیشە بە سادەیی ھەڵسوکەوت بکەن و تەوازوعتان ھەبێت.