سەردێڕ:

ترەمپ یان بایدن؟

10/23/2020 9:23:29 PM
8453 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد ڕەئوف
+ -

لە ھەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە ٢٠١٦ لە نێوان ھیلاری کلنتۆن و دۆناڵد ترەمپ بەرێوەچوو، لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەدا ماوەی ٢٨ رۆژ لە ئەمریکا بووم، لەو ماوەیەدا لە (٦) ویلایەتی ئەمریکا ئاگاداری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان بووم و لە ھەندێک لە کەمپەینەکان بەشداردەبووین، ئەگەرچی من بانگھێشتی خولێکی تایبەت بە رۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری کرابووم، بەڵام بەشداریمان لە بەشێک لە ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی کۆماری و دیموکراتەکاندا کرد.

من کە بە تێڕوانینێکی رۆژھەڵاتی و موتابیعی سیاسەتی دەرەوە و دیوی دەرەوەی ئەمریکام کردبوو، لە دوورە پێشبینی زۆری دەرچوونی ( ھیلاری)م دەکرد و لەناخیشەوە حەزم بە دەرچوونی ئەو دەکرد، بەڵام کە چوومە ئەمریکا و تێکەڵاویم لەگەڵ خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکان و شەقامی ئەمریکی بووم تێڕوانینم گۆڕا.

ئەگەر خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆجی بۆ تاکی شەقامی ئەمریکی بکەیت، کە زۆرینەیان کەمتر گرنگی بە ژیانی سیاسی و دۆخی سیاسی دەدەن، روانینیان بۆ سیاسیەکان زۆر جیاوازە، ئێمە کە ھەندێک جار دەچووینە ناو بازاڕ و شەقامەکان لە ھەندێک ویلایەت دەمانویست رای ھاوڵاتیانی ئاسایی وەربگرین لەسەر ھەڵبژاردن، زۆرینەیان موھتەم نەبوون، وەڵامیان نەدایەوە، زۆر بە گرنگی نەیان گرتبوو.

بەڵام کاتێک دەمانخستنە بەردەم دوو بژاردە و دەمانوت (ھیلاری) یان (ترەمپ) یەکسەر پێدەکەنین و دەیان وت ترەمپ (crazy) واتا ترەمپ شێتە، وێناکردنی ترەمپ بە شێت مانای وانەبوو کە پێیان خراپ بێت، رەفتار و سلوک و لێدوان و جوڵەکانی جیاواز بوو، جیاوازبوو لە پرۆتۆکۆڵی سەرکردە و کارەکتەرە سیاسییەکان، جوڵە و سلوکەکانی تەعبیری لە ناخی تاکی ئەمریکی دەکرد، ئەو جیاوازییەی ترەمپ بۆ خۆی واقیعێکی لە شەقامی ئەمریکیدا دروست کردبوو، بەو پێیە دانگەی ئەمریکییەکان حەزیان بە کارەکتەری جیاواز بوو، ترەمپ بوو بە دیاردەیەک کە لەناو ھەموو توێژەکاندا باس دەکرا، ئەمەش بە دیوێکدا بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن پۆزەتیف بوو.

لە پاڵ ئەوەی ترەمپ ھەمیشە وەک کارەکتەرێکی سیاسیی و ئابوری بەھێز خۆی پیشان دەدا، کەلتوری ئەمریکییەکان ئەوەیە کە خەڵکی ئازا و بەھێزیان خۆش دەوێت، ھەر سەرکردە و کەسێکی بیانی دەبینن یەکەم وەسفیان ئەوەیە کە سەرکردەیەکی ئازا و بەھێزە، ھیلاری لەرووی کەسایەتی سیاسییەوە بەھێز بوو، بەڵام ئەمریکییەکان لە ھیلاری بەھێزتریان دەویست.

ئێستا ململانێکە لە نێوان ترەمپ و بایدندایە، ئەگەرچی ترەمپ لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا خاڵی لاوازی زۆر بوو، بەڵام وەک ھێز و ئازایەتی و لێھاتوویی تائێستاش لە پێش رکابەرەکەوەیەتی، بایدن وەک کەسێکی لاواز و بە تەمەن دەردەکەوێت، بۆیە ئەو لاوازیەی بایدن، خاڵی لاوازی بایدنە بە نیسبەت بەشی زۆری شەقامی ئەمریکییەوە، ئەگەرچی کۆرۆنا دەستبارێکی بەھێزی بایدنە، بەڵام رەنگە تەنھا کۆرۆنا نەتوانێت بایدن بەرێتە کۆشکی سپی.
بەپێی زۆرێک لە راپرسییەکان بایدن بە چەندین خاڵ لە پێش ترەمپەوەیە، بەپێی راپرسییەک کە لە ١٣/١٠/٢٠٢٠ کراوە (بایدن %٥١ لەبەرامبەردا ترەمپ %٤٣)، بەڵام زۆرجار ئەنجامی راپرسییەکان دروست ناکەونەوە، بەو پێیەی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای ٢٠١٦، لە زۆربەی راپرسییەکاندا ھیلاری لە پێش ترەمپەوە بوو بەڵام ترەمپ سەرکەوت، لە راپرسییەکدا کە لە ٦/١١/٢٠١٦ کرابوو دوو رۆژ پێش وادەی ھەڵبژاردن لە (واشنتۆن پۆست) بڵاوکرایەوە ( ھیلاری %٤٨ و ترەمپ %٤٣)، بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانە دەرچوو.

من بەر لە چوونم بۆ ئەمریکا وەک چاودێرێک لەدەرەوە رووداوەکانم دەبینی پێم وابوو کە (ھیلاری) دەرچوونی مسۆگەرە، بەڵام کە چوومە ئەمریکا و نزیکەی مانگێک مامەوە لەناو ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا و دوای گەڕانەوەم پێش پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە، رام گۆڕا و وتم بە خوێندنەوەم بۆ گەل و شەقامی ئەمریکی (ترەمپ) سەردەکەوێت.

سەرئەنجام ھیلاری (٦٣ ملیۆن و ٣٩٠ ھەزار و ٦٦٩) دەنگی بەدەستھێنا و ترەمپیش (٦١ ملیۆن و ٨٢٠ ھەزار و ٨٤٥) دەنگی بەدەستھێنا، لە کۆی (٥٣٨) نوێنەر، ھیلاری (٢٣٢) نوێنەری بردەوە، ترەمپ (٢٩٠) نوێنەری بردەوە کە سەرکەوتن پێویستی بە (٢٧٠) نوێنەربوو.
ئێستاش سەرەڕای گۆڕانی باردۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی جیھانی، بەڵام بەشێک لە رووداوەکانی ئێستا ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتین، رووداوەکان کاریگەرییان لەسەر لاوازی پێگەی ترەمپ کردووە، بەڵام خاڵی بەھێزیشی زۆرە لەبەرامبەر رکابەرەکەی.

لە ھەڵبژاردنی پێشوو دەیانوت ترەمپ شێتە، لەم ھەڵبژاردنەدا دەڵێن ترەمپ درۆزنە، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتی تا مانگی ئابی ٢٠٢٠ ترەمپ ( ٢٢ ھەزار و ٢٤٧) درۆ یان قسەی ناڕاستی کردووە. ئاسان نییە پێشبینی بۆ بردنەوەی ترەمپ یان بایدن بکرێت، ئەمریکییەکان کارەکتەری بەھێز و جیاوازیان دەوێت، بایدن کارەکتەرێکی زۆر جیاواز نییە کە ترەمپی تێپەڕاندبێ، بایدن ھاوشێوەی ئۆباما نییە، ئۆباما لە ھەردوو خولەکەدا خاوەنی کارەکتەرێکی جیاواز بوو لەبەرامبەر رکابەرەکانی، بۆیە ئاسان نییە بایدن بچێتە کۆشکی سپی چونکە ھێشتا ترەمپ جیاوازتر و بەھێزتر دەردەکەوێت لەچاو رکابەرەکەی، بەڵام بارودۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی گۆڕانکاری لە پێشبینیەکاندا دەکات و کاریگەری لەسەر گۆڕانی خوێندنەوە و پێشبینی بۆ ئەنجامەکان دەکات و ئەگەری کەوتنی ترەمپیش ئەگەرێکی لاواز نییە.