سەردێڕ:

میدیای نوێ شۆڕشێکی نوێی لە بواری میدیادا ھێناوەتەوە ئاراوە

9/16/2020 9:39:20 PM
4050 جار خوێندراوەتەوە
موحسین شوانی
+ -

ھەندێک پێیانوایە میدیای نوێ کودەتای بەسەر میدیای کۆندا کردووە. دەربازبوونیەتی لە چنگ کۆت و بەندی دەسەڵات و رادەستکردنی میدیایە بە خەڵک، کە پێشتر قۆرخکرابوو لەلایەن چینێکەوە، بە پێچەوانەوە ھەندێک رایان وایە، میدیای نوێ ھیچ چوارچێوەیەک و بنەمایەکی پڕۆفیشناڵ و بابەتی بوونی نییە!

زۆربوونی ئامڕازەکانی میدیا و رەخساندنی ئازادی بێسنور مانایەکی بۆ میدیا نەھێشتووەتەوە. ئەگەر جاران میدیای کۆن (چاپەمەنی، رادیۆ و تیڤی) زیاتر خۆی لە گواستنەوەی ھەواڵ و زانیاری و ھونەر دەبینییەوە لە سنورێکی دیاریکراو، میدیای نوێ پەرەی بە ئامڕازە کۆنەکان داوە و جگە لە ھەواڵ و زانیاری تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیکردنە لەنێوان ھەموو مرۆڤایەتی و گشت سنور و سانسۆرەکانی بڕیوە، کەرەستە و دەزگا و ئامڕازی نوێ و ئاسان و ھەرزانی فەراھەم کردووە.

بەڵام ھەردوو میدیا تەواوکەری یەکترن. ھیچ کامیان بێ ئەوی تر رۆڵی راستەقینە و تەواوی میدیا نابینێت، میدیای کۆن بەبێ ئامڕاز و تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت ناتوانێ سنورەکان تێپەڕبکات و بگاتە تەواوی وەرگر. میدیای نوێش بە تەنھا و بەبێ ئامڕازەکانی میدیای کۆن ناتوانێت رۆڵی میدیایی راستەقینە ببینێت، بەرەوپێشچوونی زانست و تەکنەلۆژیای ئامڕازەکانی پەیوەندی رەنگە لە ئایندەدا کۆتایی بە میدیای کۆن بھێنێت!