سەردێڕ:

چیتر نان و پیاز بە نیشتیمان پەروەرییەکی بێ ناوەڕۆک سوودی نییە

10/17/2020 10:10:29 PM
3221 جار خوێندراوەتەوە
سەردار برادۆستی
+ -

بۆچی ھاوسۆزی ھاوڵاتیانی کوردستان لەگەڵ ئاڵایی نەتەوەیی ھەرێم لاوازە؟! بۆچی جاران گەر ئاڵای کوردستان کەسێک دەستی بۆ بردایە خەڵک دەڕژایە سەر شەقام کەچی ئێستا بارەگاشمان دەسووتێنن لە بەغدا  کەس نوقەی نییە دونیا ئارامە، ئایا ئەوە دەرخەری ئەو راستییە نییە کە بۆشاییەکی گەورە دروست بووە لە نێوان ھاوڵاتیان و حزبی دەسەڵات، بەواتایەکی تر گیانی نیشتیمانپەروەری بەڕاددەیەک لاواز بووە خەڵک بۆ قوتی ژیانی منداڵانی ئامادەیە تەنانەت سازش لە دروشمە نەتەوەیەکانیشی بکات ئەوەش راستییەکی تاڵە، ئایا دەسەڵاتدارانی ھەرێم کۆمێنتەکانی خەڵک دەخۆێننەوە لە زاخۆ تاکو کەلار بزانن چۆن گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن؟ ئایا دەزانن زۆربەی کۆمێنتەکان لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرخەری بێزاری و نیگەرانی خەڵکە ؟! ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە کە ھۆکاری سەرەکی داڕوخانی ئابوری ھەرێم نەبوونی پلانێکی ستراتیژی دوور مەودای کابینە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتی ھەرێم  وایکردووە خەڵکی کوردستان باجی ئەو بێ سەلیقەیی و بێخەمییە بدات، رەنگ بێ ھەوادارانی کابینەی ئێستا بڵێن ئەو قەرز و قۆڵەیەی حکومەت ھی کابینەکانی پێشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەوە راستییەکە گومان ھەڵناگرێ بەڵام دواجار پرسیار ئەوەیە کێ لە کاراکتەرەکانی کابینەکانی پێشتر دادگایی کران یان کێ بوێری ئەوەی ھەیە بڵێت ئەو بیست و ھەشت ملیارەتان بۆچی قەرز کردووە؟

بۆیە لەکۆتاییدا دەڵێم خۆزگە وانەبوایە:
خۆزگە ئێوە وەک ئیمارات و قەتەر کوردستانتان خۆش کردایە خەڵکتان بەختەوەر بکردایە نەک تەنیا خەریکی بازرگانی بن و خەڵک لە مەرگەسات بژی و ئێوە بە ھەزاران پاسەوان و سەدان ئۆتۆمبێل و کۆشک و تەلارتان لە گشت جیھان ھەبێت ئینجا شتێکیش ھەیە کە ھەموو دەسەڵاتێک کە باری لێژ بوو نزیکترین متمانە پێکەرانی خۆی لێناکاتە خاوەنی بۆنمونە سەدام حسێن خزمە نزیکەکانی فرۆشتیان.

والسلام علی من اتبع الھدی الا ھل بلغت.