سەردێڕ:

خنکاندنی زمانی کوردی لە کۆلێژی یاسا

8/15/2020 3:39:45 PM
7636 جار خوێندراوەتەوە
تریفە عومەر
+ -

یەکێک لەو گرفتانەی کە مایەی ھاتنەئارای چەندین کێشە و ئاریشەی دیکەیە، گرفتی تێنەگەیشتنە لە زمان، ھەروەک ئەو بۆچوونە باو و سواوەی زمان بە ئامێرێک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان دەناسێنێت، لەکاتێکدا زمان زانستە و ئەو ھێزەیە کە سەرجەم بوارەکانی دیکە دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەوەی لە زماندا دەستماندەکەوێت تەنھا زانیارییەکان نین، بەڵکو کۆی ئەو بیرکردنەوە و دەستوور و بڕیارانەن کە جیھانی لەسەر بونیاتنراوە.

یەکێک لەو بوارانەی، زمان رۆڵی کارای لە جێبەجێکردنیدا ھەیە، بواری یاسایە، کە بەھۆیەوە مرۆڤەکان لەچوارچێوەی ژینگە و کۆمەڵگاکانیاندا وابەستە بە کردەوە و ھەڵسوکەوت و تەنانەت خواست و بیرکردنەوەکانیشان دەبن، ھاوکاتیش رێگەی بەرقەراربوون و چەسپاندنی ئارامی و دەستەبەرکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا و نەتەوەیە، بۆیە زەروورەتی نوسینی بڕگە یاساییەکان بە زمانی کوردی بە تەنیا مایەی ئاشنابوونی تاک نییە بە پانتایی مەودای قانونی، بەڵکو لە ھەمانکاتدا وادەکات ھاوڵاتی پتر پەی بە سنوری رەفتار و کردەکانی خۆی ببات، ھاوکات ئەنجامدانی توێژینەوەش بە زمانی دایک نەک تەنیا رایەڵی پەیوەندییەکانی توێژەر و خوێنەر لەسەر ئاستی تێگەیشتن پتەودەکات، بەڵکو پارادیگمای توانست و توانای توێژەریش بۆ بابەتەکەی قوڵتر و ھەڵگریی دنیابینی و ھزری داھێنەرانەی توێژەر دەبێت، چونکە ئیدی ئەوە سروشتی زمانی دایکە کە کاریگەری قوڵی لەسەر ئاوەزمەندێتی ئاخێوەر ھەیە، چۆمسکی وتەنی زمان بە تەنیا ئاوێتەی بیر و ئاوەز نییە، بەڵکو توخمی سەرەکی پرۆسەکانی زەین و رەنگدانەوەی تاکگەرایی فەرھەنگییشن، بەرلەویش ھاریس لەبارەی گرنگی زمان لەسەر بیر دەڵێت دروستە و پێکھاتەی زمان لەسەر بنەمای پرۆسە زەینییەکان ھەڵدەھێنجرێت، لەبەرئەوە لێکۆڵینەوە بە زمانێکی دیکە جگەلەوەی دەبێتە ھۆی لاوازکردنی کێڵگەی فەرھەنگی بوارەکە کە بواری یاسایە، ھەروەھا ھۆکاری سستی تێگەیشتنی بە تایبەت خوێندکار و بە گشتی ھاوڵاتیانیشە لە بڕگە و بابەتەکانی یاسادا، جگە لە چەندین کەموکورتی دیکەش پەیوەست بە بوارەکەوە کە لە نائامادەیی زمانی دایکدا دەخوڵقێت.

ئەنجامدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە کۆلێژی یاسا بە زمانی عەرەبی بە بەھانەی ئەوەی کە زمانی کوردی زمانی یاسا نییە و لە ئاستیدا شکستدەھێنێت، بەدەر لە کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەینەبردن بە لایەنە نەرێنییەکانی ئەم بابەتە ھیچ ئەگەرێکی دیکە لەخۆناگرێت، گەرنا بەھانەیەکی وا پەککەوتە ناکرێت بە پێوەری یەکلاکەرەوە بۆ وەھا بڕیارێکی گەورە، لێرەوە دەپرسین ئایا ھیچ توێژینەوەیەک لە بەردەستدایە کە سەلمێنەری دروستی ئەم بڕیارە بێت، ئایا بۆ وەھا بڕیارێک پشت بە داتایەکی زانستی بەستراوە کە زمانی کوردی بە کەڵکی یاسا نایەت؟ ئایا بیریان لەوە کردووەتەوە کە زمان زانستە و کۆی ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە زمانی کوردی یاسای پێنانوسرێتەوە و توێژینەوەی قانونیی پێئەنجامنادرێت؟

ئایا ئەوەی بڕیارێکی وەھا دەدات چی لە مۆرفۆلۆجی و سینتاکس و واتا دەزانێت، ھیچ دەربارەی زاراوە و کەلێنی فەرھەنگی و چۆنێتی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە دەزانێت؟ ئەی چی لەسەر شێواز (ستایڵ) و داڕشتن و داڕشتنەوە دەزانێت؟ جگەلەوە ئایا ئەوەی خاوەن بڕیارێکی وەھایە ھیچی دەربارەی ستراتیژ و رێبازەکانی وەرگێڕان خوێندووەتەوە؟ دەزانێت کاتێک دوچاری ئاستەنگێک دەبێتەوە چۆن چارەسەردەکرێت؟ دەی ھەر ئەمەش نا، زمانێک نەک ھەر فکر و فەلسەفە و زانستی پێبنوسرێتەوە، بەڵکو چەندین کتێبی بیانیشی پێوەربگێڕێت، ھەرگیز پرسیاری نەکردووە چۆن دەکرێت لە توێژینەوەی بوارێکدا شکستبھێنێت؟ یاخود ئەمە نەشارەزایی و کەم فەرھەنگی و کەمئەزمونی و لاوازیی نووسینی بڕیاردەرە کە وەھا دەزانێت ناکرێت بە کوردی توێژینەوە یان وەرگێڕانی بڕگە و دەقە یاساییەکان ئەنجامبدرێت.

کۆلێژی یاسا لەبری وەلانان و فەرامۆشکردن و خنکاندنی زمانی کوردی، پێویستە بیر لە دانانی یەکەیەکی وەرگێڕان تایبەت بە وەرگێڕانی زاراوە قانونییەکان بکاتەوە، بەجۆرێک لە دەستەیەک پسپۆری یاسا و وەرگێڕان و زمانی کوردی پێکھاتبێت، پێویستە ئەو راستییە ساکارانە بخەینەڕوو کە چ زمانێک بۆ دروستکردن و داڕشتنی وشەی نوێ، بەھۆی چەشنە لکاوی و تێئاخنراوی و شکاوییەکەیەوە ھێندەی زمانی کوردی بەکار و کارا بێت، ھەر لەتەک ئەمەش کەم زمان ھەن لە ئاستی فەرھەنگدا بەھۆی خەسڵەتی نەرمێتییەکەیەوە، ھێندەی زمانی کوردی لەبار و شیاوی بەرھەمھێنانەوەی وشەی نوێ بێت، ئەگەریش بەھانەی کەمی پسپۆری مامۆستای کورد لە بوارەکەدا ھەبێت، ئەوا مانای ئەوە نییە سیاسەتێکی وەھا دوژمنکارانە بۆ خودی زمان و نازانستیانە بۆ خودی خوێندکار بەکاربھێنرێت، بەڵکو دەبێت مەودای پێشبینیان فراوانتربێت بۆ ھاتنی ئەو نەوەیەی کە چ شتێک دەربارەی زمانی عەرەبی نازانێت و جگەلەوەی پۆلێک نەخوێنەوار بۆ کۆمەڵگا دەخەنەوە، ھۆکارێکی گرنک دەبن بۆ لاوازکردنی کێڵگەی فەرھەنگی و بەربەستێکی گەورە دەبن لە ئاست گەشەپێدانی مەعریفی بوارەکە، ھەر بۆیە دانانی وانەیەک تایبەت بە زمانی یاسا بە پێویست و گرنگ دەزانرێت.