سەردێڕ:

بڕیاری ١٣٢٥ و باڵانسی جێندەری لە زانکۆکاندا

11/22/2020 11:25:40 AM
4055 جار خوێندراوەتەوە
کامیل عومەر
+ -

بڕیاری ژمارە (١٣٢٥)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی (٢٠٠٠) دەرچووە، تایبەتە بە بارودۆخی ژنان کاریگەریی شەڕ و قەیران و ئاڵۆزییەکان لەسەر ژنان. (عیراق)یش یەکەم وڵاتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە پلانێکی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە داڕشتووە و ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.

یەکێک لە ئامانجەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، - لەئاستی حکومەت و حزبە سیاسییەکاندا- پرسی زیادکردنی بەشداریپێکردنی ژنانە لە پێگەی دروستکردنی بڕیاردا، بەڵام تاچەند لە واقیعی ناوەند و پێگەکانی دەسەڵاتدا لە ھەرێمی کوردستان رەنگیداوەتەوە و بەشداری راستەقینە بە ژنان کراوە و باڵانسی جێندەری راگیراوە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەپێویستی دەزانین ناوەندە ئەکادیمیەکان – زانکۆکان - وەک نموونە وەربگرین و بزانین تا چ ئاستێک لە پێگەی دەسەڵاتی ئەو ناوەندانەدا، بەشداریی ژنان ھەیە و دەسەڵاتیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لە ماڵپەڕی ئەو وەزارەتە وەرگیراوە، (٣٥) زانکۆی حکومی و تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، کەچی تەنھا (یەک ژن) پۆستی سەرۆکی زانکۆی پێدراوە و ئەوانی دیکە ھەموو (پیاو)ن، سەرباری ئەوەی تێبینیدەکرێت کە زۆرینەی یاریدەدەر و راگر و سەرۆکبەش و بەڕێوەبەراتیەکانی دیکەی ناو زانکۆکان لە رەگەزی (نێر)ن.

لەناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکانیشدا، خراپتر لە دەزگا و دامەزراوە حزبی و حکومیەکانی دیکە، مامەڵە لەگەڵ ژن کراوە و باڵانسی جێندەری بەئاستێکی زۆر، لاسەنگ و نابەرامبەرە، لەوەش سەیرتر ئەوەیە لە پەیکەری کارگێری زانکۆکانی ھەرێمدا، دامەزراوەیەک بەناوی (سەنتەری جێندەر) ھەیە، ئیدی نازانین دەبێت ئەم سەنتەرانە کاریان چی بێ و بۆ چ مەرام و مەبەستێک دامەزرێنرابن؟ لەکاتێکدا نەتوانن باڵانسی جێندەری لە پۆست و پێگە دیارەکانی زانکۆدا دروستبکەن!، یان وەک زۆربەی دامەزراوەکانی تر تەنھا بۆ ماکیاژکردنە و ناوێکی بەتاڵە و ئیشی بە ناوەرۆکەکەی نییە.

ئەدی خۆ لە کۆلێژی کاڕگێڕی و بەڕێوەبردنی ئەو زانکۆیانەدا، وانەی ئەوە بە خوێندکاران دەوترێتەوە کە دروستکردن و دامەزراندنی ھەر شوێنێک لەسەر بنەمای پێویستی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بێت. بەوپێیەش ئەو سەنتەرانە زیادەن و بە نەبوونیشیان ھیچ کێشەیەک دروستنابێت.

کەواتە، نەبوونی باڵانسی جێندەری لە زانکۆکاندا، وەک لە کۆی دامەزراوەکانی دیکەدا ھەیە، کێشەیەکە کە سەنتەرەکانی جێندەریش نەیانتوانیووە چارەسەریبکەن، ھەربۆیە، یان دەبێ کار بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی (کۆتا) بۆ ژنان لەناوەندە ئەکادیمیەکاندا بکرێت وەکچۆن لە پارلەمانی کوردستان جێبەجێکراوە، یان بکرێتە مەرج کە (ژنان)یش ھاوشێوە و ھاوژمارەی پیاوان لە ھەموو جومگە سەرەکییەکانی زانکۆکاندا دەسەڵاتیان پێبدرێت، لە ھەردوو حاڵەتەکەشدا، پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاسای خوێندنی باڵا ھەیە، تاوەکو یەکێک لەو پێشنیازانە جێگیربکرێت.

قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، تەنھا بۆ ئەوە نییە کە ژن دابنرێت ‌و رەچاوی باڵانسی جێندەری بکرێت، بەڵکو دەبێت دانان و دیاریکردنی ئەو ژنانە لەسەر بنەمای پێوەری زانستی ‌و توانا بێت، ئەوەی پێی دەوترێت  (CV)، نەک لەسەر ئەو پێوەرە نادروستانەی کە تا ئێستا حزبە سیاسیەکان لە دانانی ژن لە پۆستەکاندا لەناو زانکۆکان ‌و لە دامەزراوەکانی دیکەدا، پەیڕەویانکردووە، ھەر ئەمەش خواستی پلانی نیشتیمانی بڕیارە (١٣٢٥)ی ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ بەشداریپێکردنی ژنان.

تێبینی: ئەم وتارە لەژێر رۆشنایی و بەشداریکردن لە پرۆژەیەکی رێکخراوی (ئەزموون بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و مافی مرۆڤ) نووسراوە، کە بەھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی ئاسودە جێبەجێدەکرێت و لەلایەن ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری خانمان و (ێندوق المررە الامن والسلام)ەوە بودجەی بۆ دابینکراوە.