سەردێڕ:

میدیا و دکتۆرا و مامۆستای زانکۆ

8/13/2020 5:55:00 PM
5257 جار خوێندراوەتەوە
کامیل عومەر
+ -

دیاردەیەکی باو و ھەڵە لە دەزگا ھەمەچەشنەکانی راگەیاندن (بینراو، بیستراو، چاپکراو، ئەلکترۆنی و سۆشیال میدیا)دا دەبینرێت، ئەویش دانانی پیتی (د.)ی پێش ناوی کەسێک و دانانی ناونیشانی (مامۆستای زانکۆ)یە، کە دەشێت بەھەڵە یاخود ساختەکارانە بۆ باسکردنی کۆی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە پسپۆرێتی میوان یان بانگھێشتکراوەوە نییە، دابنرێت.

لە زمانی کوردی و عەرەبیدا، دانانی نازناوی زانستی (د.) کورتکراوەی وشەی دکتۆرایە، کە لە (دکتوراە)ی عەرەبیەوە وەرگیراوە، ھەروەھا لە زمانی ئینگلیزیشدا دانانی (Dr.) کورتکراوەی زاراوەی (Doctor)یە. بەپێی ئەم راستییە زانستییە بێت، کورتکراوەی (د.) پێویستە یەکلاییکەرەوانە تەنھا کورتکراوەیەک بێت بۆ ھەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا، نەک (پزیشک)ی کوردی و (گبیب الممعالج)ی عەرەبی و (physician)ی ئینگلیزی.

لێرەوە دەپرسین میوان یان بانگھێشتکراوی بەرنامە بە چ پێوەرێک کورتکراوەی نازناوی زانستی دکتۆرا - (د.)ێکی خستوووەتە پێش ناوەکەیەوە؟! لەکاتێکدا تەنھا بڕوانامەیەکی بەکالۆریۆس لە پزیشکیی ڤێرتەرنەری یان پزیشکیی گشتیدا ھەیە، یان ئامادەیی پەرستاری، یاخود بەشێکی پزیشکیی پەیمانگایەکی خوێندووە،  کە ئەمە لە راستیدا فرتوفیڵ و خەڵەتاندن و چەواشکردنی خەڵکە. خۆ ئەگەر بڕوانامەی دکتۆراشی ھەبێت ئەم بڕوانامەیە جۆکەر نییە بۆ ھەموو چەشنە تۆپیک و بابەتێک بخوات تا توانای قسەکردنی دەربارەی ھەبێت و لێیبدوێت، بۆ نمونە کاتێک وتارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و گشتی لەیەکێک لە میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە، بەپێی ئەو بنەمایەی خرایەڕوو دروست نییە (د.) بخرێتە پاڵ ناوەکەیەوە، چونکە ئەو (د.)ە، لەڕووی زانستی و لۆجیکییەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە بواری نوسینەکەیەوە نییە. ھەروەک چۆن گونجاویش نییە کەسانی خاوەن پۆستی سیاسی و ئیداری، (د.)ی دکتۆراکەیان بخەنە پێش ناوەکەیانەوە.

(مامۆستای زانکۆ)ش پیشەیەکە بۆ کەسێک کە ھەڵگری بڕوانامەیەکی ئەکادیمی (ماستەر یان دکتۆرا) بێت و لە یەکێک لە زانکۆکاندا وانە بڵێتەوە، بەم پێیەش دەستەواژەی (مامۆستای زانکۆ) پسپۆڕیی نییە لە بوارێکی دیاریکراودا وەرگیرابێت، بەڵکو ناونیشانی زانستی کار و پیشەکەیە، واتە ئەم نازناوە تەنھا بۆ شوێنی کارەکەیە و بۆ شوێنی دیکە گونجاو نییە، زیاتر لەمەش ناکرێت ھەڵگری بڕوانامەیەکی ماستەر یان دکتۆرا بە مامۆستای زانکۆ ناوزەد بکرێت، ئەگەر لە زانکۆیەک وانە نەڵێتەوە. خۆ ئەگەر کەسەکە (مامۆستای زانکۆ)ش بێت پسپۆڕییەکی دیاریکراوی ھەیە و ناشێت بە ناوی (مامۆستای زانکۆ)ەوە قسە لەسەر ھەموو شتێک بکات (میدیا، ژن، سیاسەت، ئابووری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کێشەی تاوانکاریی، ..ھتد)؟!، یان نەبووە و ناکرێت مامۆستای زانکۆ و لەھەمانکات کادێری حزبێکی سیاسی بێت، لەژێر ناونیشانی (مامۆستای زانکۆ) شەڕی حزبەکەی بکات. کە ئەمەش دیسان خۆھەڵخەڵەتاندن و چەواشەکردنی بینەر و وەرگرە.

بەپێی قسەی ھەندێ لە میدیاکار و خاوەن دەزگا میدیاییەکان، کە لە پۆستێکی  فەیسبوکمدا لەبارەی ئەم بابەتەوە بە کۆمێنت خستبوویانەڕوو، ئەم کێشەیە دەخەنە ئەستۆی میوانەکانیانەوە، وەک ئاماژەیان بۆ کردبوو زۆرجار میوانەکان لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنی و رادیۆییەکان پێداگری لەسەر نووسینی ناونیشانی (مامۆستای زانکۆ) دەکەن و دەیکەنە پێشمەرجی ئامادەبوون، ھەڵبەت لە نووسینی وتاری رۆژنامەوانیشدا بەھەمانشێوە، بەڵام بەپێی ئەزموونی بەندە و سەرنجدانم، ھەندێجاریش پەیوەستە بە کەموکوڕی و کەمتەرخەمی کەسانی پەیوەندیدار لەدەزگا راگەیاندنەکان، کە خۆیان ماندووناکەن و لەکۆڵ خۆیانی دەکەنەوە بەوەی تەنھا دەنووسن (مامۆستای زانکۆ)، یان بەمەبەستی قەبەکردن و فووتێکردنی ئەرێنی یان نەرێنی پرس و بابەتێک دەستەواژەکە بەکاردەھێنن، بەتایبەت بۆ ململانێ سیاسی و حزبییەکان.

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و پەیوەست بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بانگھێشتکراو، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن، بەپێی پسپۆری و تایبەتمەندێتی، میوانەکانیان بانگھێشتبکەن و بەم شێوازانە بیانناسێنن:  (ئاوات عەلی- دکتۆرا لە ........)، یان ( ئاوات عەلی- پسپۆڕی بواری........)، یان (ئاوات عەلی- مامۆستای ........ لە زانکۆی سلێمانی).

ئەوکاتە رزگاریان دەبێت لە مەرجی پێشوەختی میوانەکانیان و دەشتوانن ئەو کەسانە بەپێی پسپۆرییان بانگھێشتبکەن، کە بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرایان ھەیە و مامۆستای زانکۆ نین.

بۆ ئەو کەسانەشی وتار دەنووسن و بڵاویدەکەنەوە، گەر لە بواری پسپۆریدا بوو بەھەمانشێوەی پێشوو تەنھا ناوی دووانی یان سیانی و پسپۆرییەکەیان، یان دکتۆرا لە فڵان بواردا بنووسن، گەر نوسینەکەشیان پەیوەندی بە پسپۆڕییەکەیانەوە نەبوو، باشتر وایە تەنھا ناوی دووانی یان سیانی خۆیان لەسەر وتارەکە بنووسن و ھیچی تر.

ئاماژەکردن بە پسپۆڕی و نازناو و ناونیشانی زانستی لەکاتی چاوپێکەوتن و نووسینە رۆژنامەنووسییەکاندا، بۆ جەختکردنەوەیە لە لایەنی زانستی و بۆ ئەوەیە کە خەڵک نەڵێن فڵان لەخۆیەوە قسە دەکات و دڵنیابێتەوە لە پسپۆری کەسەکە، بەپێچەوانەشەوە خستنەپاڵی (د.)ی ساختە و قسەکردن لەسەر ھەموو شتێک بەناوی مامۆستای زانکۆوە، چەواشەکاری و ھەستکردنە بە کەمی کەسەکە. ھاوکات ئەو کارە زیان بە پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستایانی زانکۆ دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە مامۆستایانی زانکۆ لە دژی کاری ئەو کەسانە بوەستنەوە.