سەردێڕ:

بەھاری ئەمریکا یان زستانی ترامپ

1/23/2021 11:15:43 AM
5787 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد مێرگەسۆری
+ -

فیگەری ترامپ، وەک سەرۆکی مەزنترین ھێزی ئابووری وسەربازی وەک ئەمریکا، دیاردەیەکی نوێی جیھانی بوو، لە ھەمان دەمدا، ئەکتەرێکی دیاری ئەو سیاسەتە گریمانەیی(افتراچی-suppositive)  سەردەمەکەیەتی، کە وەک چۆن ئەو تێزە بۆتە دیاردەیەکی ئەم سەردەمە و بەشێکی دۆخە گشتیەی  تاکی ئەمڕۆی گرتۆتەوە.

سەردەمی ترامپ، سەردەمی ھەلچوون و باڵاکردنی سیاسەتی پۆپۆلیستی و فەوزەوی بوو، کە بەشێکی زۆری کایەکانی ئەمریکای گرتەوە و بووە تەجروبەیەک بۆ ئەو پرۆسە سیاسی و ئابووریەی ئەمریکای پێ ناسراوە، کە ئەویش ساسەتی پراگماتیسمی ئەمریکییشە (American Pragmatis).

چوار ساڵی ترامپ، پڕ بوو لە دەرھاوێشتەی کۆی ئەو ڕووداو وگۆڕانکاریانەی دەرەوەی ئەو جیھانەی ئەمریکای پێ دەناسرێتەوە و ئەو لێکەوتە سیاسیانەی، کە لە ئەنجامی گەشەی ئابووری چەند جەمسەرێکی تازە لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبینرێن، وەک نموونەی چین ، ھند ، دەرکەوتنەوەی میراتگری شوورەوی - رووسیا.

دوو ھەفتە پێش دەستبەکاربوونی بایدن، ھەوادارانی ترامپ، دوای چەند نارەزایەتی و ھاندانێکی پێشتووتری سەرۆکەکەیان ڕژانە سەرشەقام ودواتریش بۆ ناو باڵەخانەی کۆنگرێس، ئەو دیمەنەش بۆ جیھان و ئەمریکیەکان جێی کۆمەڵێک ڕامان و لێکدانەوە بوو، داخۆ چۆن و بە چ مەرامێک، ئەم ھەڵکوتانە سەر کۆنگرێس ڕوویدا؟

لەوانەیە تا ئێستاش، لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدنیش وەک (٤٦)ھەمین سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتووەکانی، باسی ئەو ڕووداوە کۆنگرێس و ترامپ بکرێ. بەڵام ئەگەرزۆر خێرا و بەچری لەبارەی ئەو ڕووداوە بدوێین، بۆمان دەردەکەوێ، کە ھیچ کاراکتەرێک لە ئاستی سەرۆک تا وەزیر و ئەندامی کۆنگرێس و حاکمی وولایەتەکان بە بێ پێشینە و پلان دیار ناکرێن. دەکرێ لە چەند پرسیارێکەوە، بچینە نێو جەوھەری بابەتەکە، 
- ئایا ھاوڵاتی ئەمریکی یان دامودەزگا و دامەزراوەکان ئەوەندە بێ ئەزموون و بێباکن لەوەی ، ھاوڵاتی پەلاماری کۆنگرێس بدات و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەتوانن ڕێگری لێ بکەن یان بە مەرامێکی چەند ھەزار کەسێک نەزان بۆ ئەنجامدانی ئەو کار و ڕووداوە؟.
- یان بۆچی لە دوو ھەفتە پێش بەجێھێشتنی کۆشکی سپی لە لایەن ترامپ، بۆچی ترامپ‌ئەوا ھانی ھەوادانیدا  و چی لێکەوتەوە؟ 
ئایا ئەمە سەرەتایەکی بەھاری ئەمریکی بوو، لە چەشنی بەھاری ووڵاتانی تر؟ یاخود کۆتایی زستانی ساردوسڕی ترامپ و وەرزێکی تازەی گۆڕانکاریە لە سیستمی جیھانی؟

سەد ساڵی ڕاٮردوو، بۆ جیھان ، سەد ساڵی وێرانکردن و بیناکردنەوەی سیستمی جیھانی بوو، لە نۆوەدەکانی سەدەی رابردووش، دەرکەوتنی تێرم یان تیۆری سیستمی نوێی جیھانی بوو، ئێستا ئەمریکا لە دوای دەستەڵاتی ترامپەوە، جارێکیتر بە فۆرمەڵەکردنەوەی سیستمی جیھانی، ھەژموونی خۆی بەسەرجیھان دووپات دەکاتەوە. ترامپ بۆ خۆی فیگەرێکی ئەو درامایە بوو، کە دەستی پێکرد، نەک کۆتایی یان نیوەڕێی بێ. بایدن، خاوەن ئەو پڕۆژەیەیە، کە دەبێ ئەمریکا جارێکیتر ببێتەوە بە سەرکردە مەزنەکەی جیھان، سەرکێشی و کێبڕکێی ڕووسیا وچین سنوردار دەکات. لە ھەمانکاتدا، ئەمریکا لە سایەی دەستەڵاتی ترامپ . ئەو پەیامەی گەیاند، کە دەبێ جارێکیتر ئەمریکا بێتەوە مەیدانەکە و تەنانەت دەیەوێ  گۆڕانکاری لە ستایلی ژیانی تاکی ئەو ووڵاتانەش بھێنێەئاراوە، کە نەیار و رکابەری ئەون.

ڕوودوەکەی کاپیتۆل، بە ھەمووانی گووت، وەک چۆن ھاوڵاتی ئێمە بۆی ھەیە گوزاشت لە ھەموو خواستەکانی بکات و دەبێ ئەواش ھاوڵاتی ڕووسی  لە مەیدانی کرملین بەئازادی داوای مافەکانی بکات و ئەگەر بشیەوێ سیستمی حکومڕانی بگۆڕێ، ڕێگیری لێ نەکرێ  و بۆ چینیش بە ھەمانشێوە، کە نابێ جارێکیتر سەرکوتکاری  ساڵی ١٩٨٩ لە بەرامبەر خوێندکارانی ریفۆرمخواز  (مەیدانی  تیانانمن) دووبارە بێتەوە. لەگەڵ ئەوەی لەو بڕوایە نیم، تا ڕادەیەکی زۆر و مەودایەکی زەەنی ئەمریکا وڕۆژئاوا لەگەڵ گۆڕینی سیستمی سیاسی چین بن، لەبەر ئەوەی چین سەنتەری کۆمەڵێک لاین یان ھێڵی پارسەنگی ئابووری جیھانیە.واتە دەبێ پێداچوونەوە بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادیە گشتیەکاندا بکات و دەیانەوێ پەلھاوێشتنی چین سنووردار بکەن. بۆ ھەندێ ووڵاتی ھەرێمیش بەھەمانشێوە،بایدن سوارە و لە ماوەیەکی کەمدا، ھەنگاوەکانی لە ئەرزی واقعدا دەبینرێن.

دەکرێ بلێین ترامپیزم، لە بنەڕەتدا تەنھا دیاردەیەکی سیاسیە نیە، بەڵکو فۆرمێکی تازەی سیاسەت و ئیدارەدانی جیھانیە، لە چاوی ئەمریکاوە. بەوەی تەنھا ھێزی ئابووریی بە تەنیا ناتوانێ جوڵە بە ڕێرەوی گۆڕانکاری ڕیشەیی بکات، بەڵکو دەبێ لەگەڵیدا ھێزی نەرم ومەعریفە (Soft Power).

و سیاسەت ھەبێ، کە ئەو دوو ھێزە یان سێ پڕەنسیپە لە خودی جەوھەری بونیادی ئەمریکادا ھەیە و دەتوانێ ھەمیشە سەرمەشق بێ. چونکە لەسەردەمی ترامپ و دوارۆژەکانی نیشانی ھەموو جیھانیدا،کە خاوەن دامەزراوەیەکی بەھێز و چەسپاوی دیموکراسیدان. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی دیمەنەکە بۆ روانین بۆ داھاتویەکی نزیک، گەڕانەوەی (ئەلیکسی ناڤالتی) ئۆپۆزسیۆنی دیاری پۆتین و کرملینە بۆ مۆسکۆ لە چەند  ڕۆژ پێش دەستبەکاربوونی بایدن. ئەوانە ھیچیان نە ڕێکەوتە و نە ڕووداوی ڕۆژە، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ڕووداو و گۆڕانکاریە مەزنەکان، بە  ڕێکەوت بوون، بەڵام لەم  زەمەنەدا ڕێکەوتن و سەودای ژێربەژێر، تاڕادەیەکی زۆر چۆتە شوێنی ڕێکەوت.
لێرەوە زستانی ترامپ کۆتایی ھات.