سەردێڕ:

پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دوای بودجە

4/7/2021 2:53:55 PM
7080 جار خوێندراوەتەوە
جەعفەر عەلی
+ -

لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و پێکھێنانەوەی دەزگاکانی دەسەڵات لە بەغدا، ھەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھێندە پتەو و سەقامگیر نەبووە، نە ھەولێر و نە بەغدا بتوانن کار و بەرنامەی سیاسی و ئابووری خۆیان لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە دابڕێژن.

ھەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکان لە ھەندێ قۆناغدا گەیشتووەتە ئاستی دابڕان و بایکۆتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جومگەکانی یەکەمی بڕیار و دەسەڵات، تایبەت ئەو کاتەی مالکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەسعود بارزانیش سەرۆکی ھەرێم بوو. 

ریشەی پەیوەندییەکان جگە لەو سەردەمەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بوون، لە ژێر باری ناچاری و بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ناوچەیی و جوگرافی ھەرێم، ھەرگیز لە دۆخێکی ئاسایی و نموونەی پەیوەندی نێوان دوو بەرەی سیاسی و  ھاونیشتیمانی ھەڵگری یەک ناسنامەی قانونی ھاوبەشی ناو ھەمان چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی نەبوون. دەتوانین بڵێین دۆخی پەیوەندییەکان بە ئێستای دوای پەسەندکردنی بودجەی عیراق و سازانی ھەولێر و بەغداشەوە، لە ئاستێکدایە، بچووکترین لێکتێنەگەیشتن، یان بیانووی پێویستە، تا گێچی پەیوەندی و رێککەوتن و ئەنجامی سەفەرە مەکوکییەکانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغدا، لە یەک چرکەدا بێنێتەوە سەر سفر.

ئەم دۆخی پەیوەندییە لەرزۆکە، تەنیا پەیوەندی بە مەسەلەی بودجە و پارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو وەحشە ترسناک و تاریکەوە ھەیە، کە لە ناخی دۆزەخی سیاسییەکانی ھەولێر و بەغدادا دەژی، وەحشێک، نە تەنیا  توانا و ھێزی بیرکردنەوەی ناگاتە ئاستی ھەڵکشانی پتەوکردنی بنەما ھاوبەشە نیشتیمانییەکان، بەڵکو زۆر لەوە بچووکترە ئەو بۆشایی و درزە مێژووییە گەورانە چارەسەر بکات کە لە نێوان ھەر دوو لادا ھەن و مەرجی دروستکردنەوەی متمانەش دەبن بۆ ئایندەی ژیان و سیاسەت و کاری بە یەکەوەیی لە عیراقدا. ئەو عەقڵەی لە برینەکانی مێژووەوە بنەماکانی گوتاری سیاسی دادەڕێژێت، ھەرگیز لە دونیای ھاوچەرخدا، ناتوانێ ھەنگاوێک بە قازانجی دیموکراسی و داڕشتنی پەیوەندی سیاسی دروست، بچێتە پێش.

سیاسییەکانی ھەولێر و بەغدا، شەیتانەکانی ناوەوەیان ھێندە بە ئاگا و زیندووە، خەون بینینێکیان بەسە بۆ ئەوەی لە چرکەساتێکدا دۆخەکە لە رێککەوتنەوە بگۆڕن بۆ گرژی، ئارامی سیاسی و بوژانەوەی ئابووری بگۆڕن بە سەرزەمینێکی دۆزەخی بۆ ھاوڵاتییەکانیان.

ئاسانترین شتێک کە سیاسییەکان دەتوانن بیکەن و بە پلەی ئیمتیازیش تێیدا سەرکەوتوون، خوڵقاندنی دۆزەخە، ناشیرینکردنی جوانی و بەتاڵکردنەوەی ژیانە لە مانا. 

ئەوان چونکە سیاسی ناھۆشیار بە زانستی سیاسی، دامەزراوەی نیشتیمانی، ئازادی و مافی ئینسانن، بەردەوام خەریکی فڕێدانی دروشمی قەبەی ناواقیعی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و تێکدانی ژیانی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتین. ئاخر ئەگەر سیاسی بوو بە بازرگان، شەڕەکانی بە ناوی دیموکراسی، دەستور، نیشتیمان، نەتەوە و ماف و ئازادییەوە دەیکات، شەڕی راستەقینە نین و جەوھەری شەڕەکە گوزارشت لە دیوە دۆزەخییەکەی ناوەوەیان ناکات، چونکە پاڵنەری سەرەکی شەڕەکە لە تاریکی و دیوی ناوەوەیاندا پەنھان و شاراوەیە. ئەوەی لە شەڕدا خۆی بەیان دەکات، ئەوەی ھاوار دەکات و پۆپۆلیستانە یاری بە ھەست و ھۆشیاری عەوام دەکات،  دیوە رووکەش و ساختەکەیە، نەک دیوە راستەقینە شاراوەکە. ئەم قسەیە ھەم بۆ ئەو سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان، ھەم بۆ ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، راستی زۆری تێدایە. 

سیاسی پۆپۆلیست، سیاسی بازرگان، ھەر دووکیان پێویستیان بە عەوام، پێویستیان بە خەڵک ھەیە، نە سیاسی پۆپۆلیست بێ عەوام دەژی، نە سیاسی بازرگان لە دەرەوەی خەڵک و بازاڕدا دەتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبووی قەبەتر و گەورەتر بکات، بۆیە ھەردووکیان وەکیەک شەڕی داگیرکردنی دڵ و ھۆشیاری خەڵک دەکەن، نەک ئازادکردنی. کێشەی سیاسەت لە ھەرێم و عیراقدا ھەر ئەوەیە، کە سیاسەت وەزیفەی بنەڕەتی خۆی لێوەرگیراوەتەوە و کراوە بە سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی شکست و دۆڕان، کراوە بە بزوێنەری سەرەکی بە گەڕخستنی ماشێنی حەزە شەخسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. تا سیاسەت بەم فۆرم و تێگەیشتنە لە عیراق و ھەرێم درێژەی ھەبێت، ھەموو چرکەساتێک ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ھەر رێککەوتنێک ھەیە، ھەموو رۆژێک لەبەردەم گێمێکی دیکەی پەیوەندی گرژ و ئاڵۆز و دیسانەوە تۆمەتبارکردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێزەنتیدا وەستاوین.