سەردێڕ:

خۆجوانکردن لە رێی ناشیرینکردنی ئەویدیکەوە

1/19/2021 8:55:08 PM
3317 جار خوێندراوەتەوە
جەعفەر عەلی
+ -

(١)
   ئەو کاتەی دەوڵەتی عیراقی نوێ لە خاڵی سفرەوە دەستی پێکردەوە، ھەرێمی کوردستان تەمەنی حوکمڕانی نزیک بە ١٢ ساڵ بوو. کاتێک عیراقی نوێ پۆلیس و سەربازێکی دەوڵەتی نەمابوو، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم خاوەنی دەیان ھەزار چەکداری جیا جیا بوون. ئەو کاتەی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی، تەنیا یەک فەرمانگە و دەزگای کارکردنی دەوڵەتی و خزمەتگوزاری نەمابوو، ھیچ بنەمایەکی ژیان و ئاسایشی تێدا نەبوو، ھەرێمی کوردستان وێڕای بوونی ھەر سەرنج و تێبینییەک لەسەری، بەڵام خاوەنی جۆرێک لە دەزگای حوکمڕانی و رێکخستنی ژیان بوو. ئەو کاتەی عیراقی دوای سەدام نە بنەمایەکی دەوڵەتداری تێدا مابوو، نە شتێک بە ناوی سەروەرییەوە، ھەرێمی کوردستان ئارامتر و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش تا رادەیەک مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا دەکرا.

عیراق لە رووی مێژووییەوە وڵاتێکە پڕیەتی لە ناکۆکی و ناشیرینی، سەرڕێژە لە خوێن و جەنگ و نیفاق. دوای پرۆسەی ئازادیش، بوو بە کانگای تەقینەوەی ئەو کێشە مێژووییانەی، کە لە رێی زەبر و توندوتیژییەوە، کپ و خامۆش کرابوون. ئێستایش ھەموو رۆژێک لەبەردەم ئەگەری بە یەکدادانی نەتەوەیی، مەزھەبی و تائیفیدایە. ئومێد ھەڵچنین لەسەر دروستبوونی بەغدایەکی دیموکراسی، وەک ئەوە وایە ئومێد بە ھەڵبژاردنی پاک و دروستبوونی سوپایەکی نیشتیمانی لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی، بە خواستی خۆیان، بخوازیت.

(٢)

لە ئێستادا ژمارەیەک لە قەڵەمی حیزبی و زۆرێک لە ئەندام و ھەوادارانی بێ ئەندێشەی حیزب، کاتێک باس لە کێشەکانی ھەرێم دەکرێت، لەبری بیرکردنەوە لە پرسە نیشتیمانییەکە و  رەخنەکردنی شێوازی کاری حیزبی و ئیداری، بۆ داپۆشینی کۆی ئەو گرفتە بونیادییانەی دەسەڵاتی کوردی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی دروستکردووە، پەنا دەبەنە بەر بەراوردکاری ھەرێم بە بەغدا و پێماندەڵێن: کۆی کابینەکانی حکومەتی ھەرێم لە کابینەکانی عیراق باشتر و سەرکەوتووتر بوون. ئەم فێگرتنە بە باشتربوونی ھەرێم و ئەم وەھمی بەراوردکارییە وای لێکردوون بۆ ئەوەی ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێم و دەسەڵاتی کوردی جوان پێشانبدەن، ھەمیشە بە دوای ناشیرینییەکدا بگەڕێن. گەڕان بە دوای ناشیرینێک بۆ ئەوە نا تا ناشیرینێکی دیکەمان پێبناسێنن، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە تا پێمانبڵێن، ئێمە جوانین. ئەوان ھەرگیز وەک خۆیان، وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری سەربەخۆ و لە دەرەوەی بەراوردکاری، لە دەرەوەی دۆزینەوەی بوونێکی سیاسی وەک خۆیان، یان لە خۆیان ناشیرینتر، ناتوانن بۆ تەنیا ساتێک جوان بنوێنن. ھەموو ھێزی جوان نواندنی ئەوان، توانای گەڕانیانە بۆ دۆزینەوەی دوا پنتی سیاسی ناشیرین لە ئەویدیدا. لەو ھێز و دەسەڵاتە ناشیرینتر بوونی نییە، کە تەنیا بۆ ئەوەی لە رەخنەکردنی خۆی، لە کەموکورتی و شکستەکانی خۆی رابکات، دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی قێزەونترین نمونە سیاسییەکانی دونیا و دەیخاتە سەر مێزی بەراوردکاری. 

لە ھەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەم فۆرمەی ھەرێم کاربکات، مەحاڵە بتوانێ گۆڕانکاری بە قازانجی خەڵک و چاکەی گشتی ئەنجام بدات. ئەم شێوە لە دەسەڵات، ئەگەر حوکمی پاریس و لەندەن و بەرلین و ژنێفیشی بدەیتێ، لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا دەیکات بە وێرانەیەکی حیزبی و دواتر لەبری داننان بە شکست، بە خەرتوم و مەقادیشۆ و کابول و سەنعا بەراوردی دەکات
دەسەڵاتی جوان، دەسەڵاتێک کە دیدگا و روانینی مۆدێرن و نیشتیمانی بۆ پرسی ژیان و بەرەوپێشچوون ھەبێت، دەسەڵاتێک بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و دادی کۆمەڵایەتی کاربکات، دەسەڵاتێک بونیادنانەوەی نیشتیمان و پرسی مرۆڤسازی وەک ستراتیژ ببینێت، ھەرگیز  بۆ شاردنەوەی ناشیرینییەکانی، چاوی ناچێتە سەر نمونەی وەک خۆی و لە خۆیشی ناشیرینتر، بەڵکو لەبری بەغدا، دوبەی، لە بری سوریا، سەنگاپورە، لە بری یەمەن، کۆریای باشور و لە بری لیبیا، رواندای سەردەمی (پول کاگامێ) دەبینێت و بە شێوەیەکی عەقڵانی سوود لە ئەزمون و پلان و کار و بەرنامە و بەرەوپێشچونیان وەردەگرێت، نەک دوای ٣٠ ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی، بۆ خۆدزینەوە لە شکست، تەنیا کارت گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی نمونەی ناشیرینی سیاسی، تا ناشیرینییەکانی خۆتی پێدابپۆشیت.

ھەرێمی کوردستان گرفتەکانی بونیادین، ھەر پرۆسەیەکی چاکسازی توانای چوونە ناو ئەو گرفتانەی نەبێت، مەحاڵە دۆخی گشتی ھەرێم بە ئاقارێکی باشتردا بڕوات. گرفتی ئێمە لە بوونی فڵان خاڵی گومرگی و فیسار دەزگای حوکمڕانیدا نییە، بەڵکو گرفتی گەورە و ریشەیین، گرفتن لەو عەقڵیەتەی چارەسەرەکان لە بوونی بینای بەرز و پردی بەرزدا دەبینێت، نەک مرۆڤی بەرز و ئەخلاقی سیاسی بەرز. مەبەستمان لە مرۆڤی بەرز نە سوپەرمانی نیچە و نە قارەمانەکەی کارلایلە، بەڵکو مرۆڤێکە سەنگ و بەھای ئینسانی وەک بوونەوەرێک رێزلێگیراو بێت، مرۆڤێک بێت ئازاد، خاوەن ئیرادە و ماف و بوونی خۆی، نەک بە بەرنامە بخرێتە ناو پرۆسەیەکی دورودرێژی ملکەچی و داماڵینی لە ھەر رێز و بەھایەکی ئینسانی. ھەرێمی کوردستان بەدەر لەم رێگەیە، رێگەی دووەم و رێگەیەکی دیکەی بۆ دەربازبوون لە گرفت و قەیرانە قوڵ و بونیادییەکانی لەبەردەمدا نییە.