سەردێڕ:

‌بزوتنەوە گۆڕان لەبەردەم سەنگی مەحەکدا

7/13/2020 4:01:37 PM
5484 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عینایەت
+ -

لەگەرمەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمان ساڵی ٢٠١٣ نەوشیروان مستەفا دروشمی بەرەو دەسەڵاتی بەرزکردەوە، ئەم دروشمە وایکرد جۆرێک لەپاشەکشە بەئەنجامی ھەڵبژاردنەوە دیاربێت لە (٢٥) کورسیەوە بوو بە (٢٤) کورسی، سەرباری ئەوەی گۆڕان نەیتوانی خۆی حکومەت پێکبھێنێ، یان جڵەوی پێکھێنانی حکومەت بەدەستبھێنێ، سووربوو لەسەر بەشداری لەحکومەت، لێرەوە بزوتنەوەکە دەستی بەپاشەکشە کرد، لەبری بەرەی خەڵک کەوتە بەرەی دەسەڵات، ئەندامەکانی تووشی جۆرێک لەشپرزەیی بوون، ئەندام پەرلەمانەکانی خولی چوار وەک ئۆپۆزسیۆن ھەڵسوکەوتیان دەکر، لەولاشەوە تیمی حکومەت وەک بەشێک لەدەسەڵات رەفتاریان دەکرد، پاش تێپەڕبوونی کەمتر لەیەک ساڵ بەسەر پێکھاتنی کابینەی ھەشت، دڵنیابووین کەبەشداریمان لەحکومەت ھەڵەیەکی گەورەبووە، لە ٣٠/٩/ ٢٠١٤ بەندەو دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین  وەک نوێنەرانی خەڵک لەبانگەوازێکدا داوامان لەگۆڕان کرد لەحکومەت بکشێتەوە، لەگەڵ مەڕحومی کاک نوشیروان کۆبووینەوە، دەسخۆشی کرد، بەڵام ھیچ ھەنگاوێکی بۆ کشانەوە نەنا.

بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی داواکەی ئێمەی نەکرد لەحکومەت نەکشایەوە تا لەڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لەحکومەت دەرکرا، دەرگای پەرلەمان داخرا، ئەزمونێکی تاڵمان بینی، دوای تێکچوونی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی، رێکەوتنی دەباشان لەگەڵ یەکێنی مۆرکرا، بەندە ھەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەم رێکەوتنە نەبووم، باوەڕم بەدۆستایەتیکردنی یەکێتی ھەبوو، نەک رێکەوتن لەگەڵیان، لەڕۆژی ئاھەنگگیڕانی رێکەوتنەکە لەشاری جوان ئامادە نەبووم، بەخودی کاک نەوشیروانم وت، نابێ سیاسەت لەسەر بنەمای پەرچەکرداربێت، کاتێک لەگەڵ یەکێتی تێکدەچین لەگەڵ پارتی رێکبکەوین، بەھۆی تێکچوونمان لەگەڵ پارتی، بگەڕێینەوە بۆلای  یەکێتی، رێککەوتن لەگەڵ کێ؟! لەگەڵ حزبێک کە بەھۆی گەندەڵی و نادادی ئەو حزبەوە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە.

پاش تێپەڕبوونی کەمتر لەیەک ساڵ بەسەر داخوازیەکەی ئێمە بۆ کشانەوە لەکابینەی حەوتی حکومەتی ھەرێم، زۆربەی دەسڕۆیشتوەکانی گۆڕان و لایەنگرانی گۆڕان خۆزگەیان دەخواست کەبزوتنەوەی گۆڕان بەدەنگ ئەو داوایەی ئێمەوە بھاتایە، پێشئەوەی پاشەکشەی پێکرابا، خۆی پاشەکشەی کردبا.

پەندێکی باوی کوردی ھەیە دەڵێ ( ئەگەر یەکەم جار خەڵەتێنرای خوا بیانگرێ، ئەگەر بۆ جاری دووھەم ھەر ئەو کەسە خەڵەتاندتی خوا خۆت بگرێ) عەرەبەکانیش وتەیەکی جوانیان ھەیە دەڵێن ( نابێت مرۆڤ لە یەک کوونەوە دوو جار مار بیگەزێ).

لەسەروبەندی کابینەی نۆھەمدا پاش مشتومڕێکی زۆر بۆ بەشداربوون لەحکومەت یان بەشدارنەبوون، تای تەرازوو بەلای ئەوانەدا شکایەوە کە لایەنگری بەشداریکردنبوون، ئەوانەی ھانی بەشداریکردنیاندا ھەر ئەوانەبوون، یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمیان لەپشتی پەردەوە ئامادە کردبوو، پێشئەوەی خولی چوارەمی پەرلەمان کۆتایی بێت ئەوان رێکەوتنیان بۆ کابینەی نۆی حکومەت کردبوو، ئەویش بەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە کەخزمەتی بەپارتی کرد، ھەرچەند سێ ئەندامی پەرلەمانی خولی چوار (بەندە، دکتۆر شێرکۆ، پەرواخانم) دژایەتی تێپەڕاندنی ئەم یاسایەمان کرد، بەڵام لەبەرئەوەی ژێر بەژێر کارەکە کرابوو، دژایەتیکردنەکەی ئێمە بەرھەمی نەبوو.

لەسەر بنەمای رای زۆرینە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کابینەی نۆھەمی حکومەتی کرد، بیانوش ئەوەبوو، کەگۆڕانی پاش کاک نەوشیروان، وەک گۆڕانی سەردەمی کاک نەوشیروان نیە، باری ئابوری خراپە، نانبڕاوێکی زۆرمان ھەیە، یەکێتی دژایەتی تەوامان دەکات، تەقەیان لەگردەکە کربوو، ئەو گۆڕانکاریانەی کەگۆڕان دەیەوێ لەناو دەسەڵاتدا باشتر بۆی جێبەجێ دەکرێت وەک لەوەی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت، ئێمەش بێدەنگ بووین و پیرۆزباییمان لێکردن، تا ئەم ساتەش ھیچمان نەوتووە

زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر دەسبەکاربوونی کابینەی نۆی حکومەتدا تێدەپەڕیوە، سەرۆک جێگرو وەزیرەکانی ئەم کابینەیە ھیچ وەعدو پەیمانێکیان لەوەی کە بەخەڵک و پەرلەمانیاندا جێبەجێ نەکرد، بارودۆخی کوردستان لە کابینەی پێشووی خۆیان خراپتر بووە:

-لەسەرەتاوە سەرجەم ئەو پڕۆژانەیان کردەوە کەپێشتر وەستابوون، پاش تێپەڕبوونی کەمتر لەدوو مانگ و پێش سەرھەڵدانی پەتای کۆڕۆناو دابەزینی نرخی نەوت، بەبیانوی قەیرانی داراییەکی تر، پڕۆژە کۆنەکان و تازەکانیشیان وەستاند، بەمەش خەڵکی کوردستانیان بێئومێدتر کردو خاوەن کۆمپانیا خۆماڵیە بچوک و ناوەندەکانیان رووبەڕووی زیانێکی گەورەتر کردەوە.

-بڕیاربوو سەرجەم داھاتەکان بێتەوە خەزێنەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی، بەپێچەوانەوە سەرچاوەی داھاتی سەرەکی کەنەوتە لای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە، تائێستا بێ وەزیرە، کەس نازانێ کێ دەیبا بەڕێوە، ھەرچەند گومان زۆرە ئاشتی ھەورامی لەپشتی پەردەوە ئەو وەزارەتە بەڕێوەدەبات، وەزیری دارایی کە سەر بەبزوتنەوەی گۆڕانە، چاوەڕێی مەرحەمەتی ئەو وەزارەتەیە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پڕۆژەکان دابین بکات.

-قەراربوو یاسای سندوقی داھاتە نەوتی و گازییەکان، بکەوێتە گەڕ، بەڵام تائێستا حکومەت خۆی لێ بێدەنگ کردووە

-لەکابینەی ھەشتدا زۆربەی ناڕەزاییەکانی ئێمەی پەرلەمانتار ئەوەبوو کەداھاتی نەوت و گاز نابێـت لەبانکی کوردستانی ئەھلی بێت (کەخاوەنەکەی خزمی نزیکی سەرۆکی حکومەت بوو) پێویستە پارەکە بچێتە بانکە حکومیەکان، لەئەنجامی ئەم پڕۆسە نایاساییەدا لەسەر حسابی بودجەی گشتی مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار قازانج بەکۆمپانیای کوردستان دەگەیشت، ئەوەی لەم کابینەیەدا گۆڕا تەنھا گواستنەوەی پارەکە بوو، لەبانکی کوردستانی ئەھلیەوە بۆ بانکی ئار تی، ئەویش بانکێکی ئەھلیە، گومان ھەیە کە خاوەنەکەی نزیکبێت لەسەرۆکی حکومەتی تازە، قازانجێکی مانگانەی بەرچاو لە بودجەی گشتی دەبات، لەکاتێکدا چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاکی چەند جار جەختیان کردووەتەوە لەنایاسابوونی دانانی ئەم پارانە لەبانکە ئەھلیەکاندا، بۆچی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان، لێپێچینەوەی لەوەزیری دارایی نەکرد لەسەر ئەم بابەتانە؟

-دوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠١٤ بەدواوەو لەکابینەی ھەشتەوەو لەبەرنامەی کاری ئەم کابینەیەشدا ھاتووە کەنابێت لەمەودوا حکومەت تەنھا پشت بەنەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داھات ببەستێیت و پێویستە سەرچاوەی داھات زیاد بکات، بەڵام بەشکانی نرخی نەوت ئەم کابینەیە ئەژنۆی شکاو ئیعلانی مایەپوچی کردو پەنای بۆ ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە بردو قەرزی لێکردن کە لەسایەی کابینە یەک لەدوای یەکەکاندا گەشەیان کردو بوونە سەرمایەداری زەبەلاح ( ئایا وەزیری دارایی وەڵامی چی بوو لەبەردەم جڤاتی گشتی بۆ ئەم بابەتە؟!)، ئەگەر لێپرسراو بێت!!

-لەسەروبەندی بانگەشەی خولی پێنجەمی پەرلەمان ھەموو لایەنەکان بەبزوتنەوەی گۆڕانیشەوە پەیمانیاندا نەک ھەر دەست بۆ مووچەو قووتی مووچەخۆران نەبەن، پاشەکەوتەکەشیان بدەنەوە، بەداخەوە بەرگەی تەنھا ماوەی یەک مانگی دابەزینی نرخی نەوتیان نەگرت، دوو مانگی تر موچەی فەرمانبەرانیان دواخست، مووچەیەکی قارسکراوی بەدەر لەیاسایان پێدان، ئەوەی جێگای سەرنجە لەبڵاوکراوەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا ھاتووە، داوا دەکات، قارسکردنی مووچە با تەنھا بۆ ئەم مانگە بێت، لەکاتێکدا وەزیرەکە لەکۆبوونەوەکەدا بووە، لەبری دڵنیاکردنی جڤات داوا لەحکومەت دەکات لەکاتێکدا خۆی حکومەتە، تۆ بڵێی لەوەزیری داراییان پرسیبێت تۆ کە لەبزوتنەوەیەکی دژە نادادییەوە چوویتە ئەوێ بەچ یاسایەک ئەم بڕینەت کرد؟ بۆچی لەبری بڕینی قووتی خەڵک شەقێکت لەکورسسیەکەی ژێرت ھەڵنەداو  واژۆی ئەم بڕینەت نەکردایە؟!!

-وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەر بەبزوتنەوەی گۆڕانەکەی لەمەێ خۆمانە، پەیمانیدا ھیڵی شەمەندەفەر بۆ شارەکانی کوردستان دابین بکات، گەر من لەو کۆبوونەوەیەدا دەبووم لێمدەپرسی، ئایا لەسەر وەعدو پەیمانی خۆت ماوی؟! نەدەکرا ئەو لێدوانە نەدەیت و سکەی شەمەندەفەرکە بکەیتە (مفاجڕە) بۆ خەڵک؟!

-ئایا جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لێپیچینەوەی لەوەزیری بازرگانی و پیشەسازیەکەی خۆی  کردووە لەم کۆبوونەوەیەدا؟!  پێی بڵێ تۆ پلانت چیبوو بۆ دۆزینەوەی بازاێ بۆ بەرھەمە ناوخۆییەکانی ئەم ھەرێمە،؟! جاران گلەیی لەجوتیاری کورد دەکرا کە لەدەسکێک کەوەرەوە تا فەردەیەک برنج لەدەرەوە دێت ئێستا بەسەدان ھەزار تۆن (گەنم، بەتاتە، برنج، خەیار، شووتی، کولەکە، خەیار) بەرھەمدێت و کەس کڕیاری نییە، پیشەسازی کەرتی گشتی ھەر نەماوە،  ئەوەش حاڵی بازرگانی ئەم ھەرێمەیە، دەبوو کاتێک لەبێ بازاڕیدا جوتیارەکان بەدەیان تۆن تەماتەو شووتی و چی و چییان خستە ژێرپێیان وەزیرەکەی لەمەێ خۆمان بێ سێ و دوو لەحکومەت وازی بھێنایە، ئەگەر بازرگانی ئەمە حاڵی بێت و پیشەسازی کەرتی گشتیش سفر بێت،  دەبوو برادەرانی جڤات لەوەزیرەکەیان پرسیبا، گەلۆ ئەرێ تۆ وەزیری چیت؟!

-لەوەتەی جێگری سەرۆکی ھەرێمەکەی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان دەستی بەکار کردووە چالاکییەکمان لێ نەدیوە، تۆ بڵیی چییان لەم پیاوە ھەژارە مووچەخۆرە پرسی بێت؟ تۆ بڵێی رۆژانە لەدەرباری ھەرێم چۆن کات بەسەربەرێت؟ ئەو جێگری سەرۆکی ھەرێمە بۆ کاروباری سەربازیی، ئێران بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستانی دەڤەرەکەی ئەو کۆنترۆڵ کردووە، تورکیا بە (٤٠) کم سنوری بڕیوە، زیاتر لە (٣٠) بنکەی سەربازیی داناوە، (٢٠٠) گوند چۆڵکراوە، تائێستا نوتەقی لەخۆی بڕیوە ھیچ ناڵێ بێگومان کەسەرۆکی ھەریم ھیچ نەڵێ ئەم بۆ بیڵێ؟! ئەی لەم کۆبوونەوەیەدا، لەم بەیانە خیتامیەی بزوتنەوەی ھەژاراندا بۆچی بە وشەیەکیش باس لەم لەشکرکێشیەی تورکیاو ئێران نەکراوە، ئەمە نیشانەیەکی پرسی گەورەیە، ئەبێ وەڵام بدەنەوە.

-لەبڕگەیەکی تردا ھاتووە، پێویستە ھێزەکان بکرێنە نیشتمانی، بەڕێزان بۆچی خۆتان لەوێڵی داوە، ھەرێم (٤٠٠) ھەزار موچەخۆری بەناوی پێشمەرگەوە ھەیە، نیوەی ئەم ژمارەیە لەخزمەتی فیعلیدا نییە،  پاسەوانی سنووری عێرَاق پشتی لێگرتووین، ئیتر ھێزی چی و چەکداری چی؟ نیشتمانی بوونی چی؟ ئەوان ئیشیان بەم ھێزانە نییە بۆ پاراستنی خاک، تەنھا بۆ شەڕی داعش و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەکاریان دێنن، لەکاتێکدا پیاوی نەبەردو ئازای فرە لەم ھێزانەدا ھەن ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی سوپای داگیرکەری عەرەب و تورک عەجەمن، بەداخەوە فەرمانی بەرگریان پێنادەن، ئەو کابینەیەی ئێوە پشتگیریتان کرد، بەھۆی لاوازی و گرێدراوی بەدەوڵەتانی دەوروبەر زاتی رووبەڕووبوونەوەیان نییە، نە لە سەروو نە لەخوار رێگەیان نەدا ئەم ھێزانە بەرگری بکەن، ئەم پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایشە بوێرانەشیان ئیحراجی خەڵک و خاکی کوردستان کردوە، لەکاتێکدا بەبەرچاوی ئەم ھێزە ئازایەوە، خاکی کوردستان دەبێتە سوتماک، رێگە بەم ھێزانە نادرێ بەرگری لەم خاکە بکەن.

بەداخەوە جڤاتی نیشتمانی لەبری لێپێچینەوە لەئەدائی شکستخواردوی کابینەکە لەڕووی ئابوری، دارایی، ئیداری، سیاسی، سەربازیی و دیپلۆماسییەوە، کەچی لە کۆبوونەوەکەدا ھاتوە، پشتگیری تیمی حکومەت دەکەن، ئایا تیمەکەی تۆ بەشێک نییە لەحکومەتە شکستخواردووەکە؟ کاتێک تۆ ئەدائی بەشەکەی خۆت بەئەرێنی ھەڵدەسەنگێنی پشتگیری دەکەیت کەواتە پشتگیری سەرجەم کابینەکەت کردووە، ناکرێت خراپەکان بۆ ئەوان بێـت باشیەکان بۆ ئێوە، چۆن پشتگیری حکومەتێک دەکەیت، کەزەوی داگیربکرێت ھیچ نەڵێ؟! مووچەی خەڵکی پینەدرێ، پڕۆژەکانی وەستاندبێ (جگە لەوانەی خۆیان مەبەستیانە)، کارەبا وەک پێویست نەبێ، خەڵک لەبێئاویدا شەو تابەیانی نەخەوێ، مافیاکان سنورەکانیان کۆنترۆڵ کردبێ و وەزیری داراییەکەی تۆ ناردووەتە لەدوورەوە تەماشا بکات، حکومەتی مایەپوچ و کۆمپانیای سایەی بەرپرسانی قاسەپڕ، حکومەتێک لەسەر بەحری نەوت بێت، پڕۆژە بەقەرز جێبەجێ بکات، بۆری نەوتی دروستکردبێت بەپارەی گەل، دواتر بەتاڵان فرۆشتبێتی بەکۆمپانیای رۆزنەفت و ئێستا ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن دۆلار کرێی ئەو بۆریە بدات، سەدان ھەزار تەن بەرھەمی جوتیاران بەفییڕۆچووبێت و تووشی زیانی گەورە ھاتبن، حکومەت دەستەوەستان بێت، ئیتر چۆن ئیدانەی ئەدائی ئەم حکومەتە ناکەیت؟!

ئێمە چاوەڕێمان دەکرد بڕیارێکی بوێرانە بدەن، لەم دەسەڵاتە بکشێنەوە و سەد بەرد بەشوێنیدا فڕێدەن و پێیان بڵێن تا ئێرەو بەس، ئێمە باجی خەڵەتاندنمان دەدەین، لەوە زیاتر بەردەوامبین، فتوای قەتڵی بزوتنەوەکەمان دەدەین، کەزۆربەی جەماوەری چەوساوەی کوردستانی لەگەڵ بوو، بەم بڕیارە تاڕادەیەک خەڵکە ناڕازیەکەتان ئاشتدەکردەوە، پەڕەیەکی نوێتـان ھەڵدەدایەوە، بەڵام بەم راگەیاندنە  شەش خاڵیە لاوازە ئیمزاتان لەسەر مەرگی سیاسی ھەموومان کرد، شەرمەزاری بەردەم خەڵک و خواتان کردین، خۆتاندا لەسەنگی مەحەک و ساغ دەرنەچوون، دیارە بڕیاری قورس پیاوی بوێری دەوێ، بەداخەوە دەستوخەتەکەتان لەدەستوخەتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا ناچێ، نەعرەتەتان وەک نەعرەی مەرحوم زوڵاڵ نەبوو، ھۆکارەکەشی روونە ئێوە بزنێس دەکەن، ئەم راگەیاندراوەش پشکی دووەمی بارتەقای وەرگرتنی پۆستەکانە، دیارە پشکی یەکەمیش تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بوو، کەپێشەکی داتان.

خۆزگە بەوردی لەھەموو ئەوانەتان دەپرسیەوە لەحکومەتێکی دوو جەمسەردا بارودۆخیان چۆنە؟ دەسەڵاتی داراییان چەندە، لەڕووی ئیدارییەوە چەند سەربەستن؟ چەند دەسەڵاتیان بەسەر ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەدا ھەیە؟!!!!، تاچەند دەتوانن وەڵامدەرەوەی داخوازی ھاووڵاتیان بن؟! ئەو کاتە پشتگیریتان بکردنایە.