سەردێڕ:

چەند ڕاستییەک و خۆپارێزییەک لە بارەی کۆرۆناوە بە زمانێکی سادە!

2/25/2020 11:58:27 PM
16706 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات عەلی
+ -

• قۆناغە قورسەکانی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕێندراوەو لە چەندین وڵات وەک ئەمریکا و ئوسترالیا و چین ئێستا لە زۆرێک لە تاقیگە و کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی دەرمان، ئەنتی ڤایرۆسەکە لەسەر ئاژەڵ تاقیدەکەنەوەو پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن، دوای پەسەندکردنی بەچەند قۆناغێک دەگات بە توشبووان و ئەوانەی مەترسی توشبونیان لەسەرە. ئەمەش دەگاتە مانگی شەشی ئەمساڵ.

• ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ڤایرۆسانە نییە کە بۆ ھەمیشە یان ماوەیەکی زۆر لە لەشی توشبووەکەدا بمێنێتەوە، ئامارەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ٣٣%ی توشبووان لە چین نەخۆشخانەیان جێھێشتووەو چاکبونەتەوە ھەروەھا سەرجەم توشبوانی فەرەنسا و ڤێتنامیش چاکبونەتەوە. ھەرچەندە ئەنتی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان وەرنەگرتووە. واتە بەرگری لەش دەتوانێت ڤایرۆسەکە لەناو ببات.

• کۆتایی چلەی زستان و بەرزبونەوەی پلەی گەرما ھۆکارێک دەبێت بۆ دامرکاندنەوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، وەک زۆرێک لە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش لە سەرمادا زیاتر دەمێنێتەوەو گەشە دەکات. بە گەیشتن بە مانگی ٤ و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٢٥ پلە لە نیوە گۆی باکوری زەوی،پێشبینی دەکرێت ڤایرۆسەکە بەرەونەمان و کزبوون بچێت.

• ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ توانای مانەوەی لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ تا ٢٤ کاتژمێرە، واتە گەر کەسێکی توشبوش کەرەستەیەک یان شوێنی دانیشتنێک ڤایرۆساوی بکات لە دوای ٢٤ کاتژمێر ڤایرۆسەکە دەمرێت و نامێنێت لەو شوێنەدا. بۆیە کەرەستە و کەلوپەلی ھاوردەکراو لەوڵاتانی ڤایرۆسەکەوە مەترسی لەسەر نییە گەر ٢٤ کاتژمێر زیاتر پێ بچێت.

• ڤایرۆسەکە ناتوانێت بە ھەوادا بڵاوببێتەوەو لەڕێگەی ھەناسەدانەوە کەسانی نوێ توش بکات. تەنھا لەڕێگەی کۆکە و پژمە و بەرکەوتنی کەسی توشبووەوە ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زۆرە.

• گریمان دەستت ڤایرۆساوی بوو ئەوا بە ئاسانی بەو پاکەرەوانەی مادەی کحولیان تیادایە ڤایرۆسەکە لەناو دەچێت. بۆیە ھەر کاتێک  لەکار دەگەڕێتەوە ماڵەوە ئەوا پێش چوونە ژورەوە دەستت و مۆبایلەکەت بەو مادانە (جیڵی پاکردنەوەی دەست) پاکبکەرەوە. ھەروەھا دەست بردن بۆ لوت و چاو و دەمت کەمبکەرەوە یان مەیھێڵە.

•  مەرج نییە کە نیشانەکانی ئەنفلۆنزات تیادا دەرکەوت ئەوا ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، چونکە نیشانەکان ھەمان نیشانەن، لە ئەمریکا ئەم پاییز و زستانە ٢٠ ملیۆن کەس توشی ئەنفلۆنزای وەرزی بوون و ١٠ ھەزاریان گیانیانلەدەستدا، بەڵام تەنھا ٥٣ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەو کەسیشیان گیانیانلەدەستنەداوە.

• مەچۆرە شوێنە قەرەباڵەغەکان و ماچ و تەوقە بوەستێنە، ئەو کەرەستانە بەکارمەھێنەرەوە کە پێشتر کەسێکی تر بەکاری ھێناوەو نەشۆراوە وەک نێرگەلەکێشان چونکە ھۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە.

• ڕێژەی گیانلەدەستدانی توشبوانی ڤایرۆسەکە نزیک لە ٢%، ئەمەش زۆر کەمترە بە بەراوردی ڤایرۆسەکانی تری کۆرۆنا یان ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارانەی پێشتر لە جیھاندا بڵاوبونەتەوە.

• ئەگەر لە کەرتی تەندروستی یان لە ھەر شوێنێک کاردەکەیت و نەخۆش ڕووی تێدەکات، ئەوا ئەو جلوبەرگانەی بۆ کارەکەت لە بەرتدایە تێکەڵاوی جلوبەرگی ئەندامانی تری خێزانەکەتی مەکە و باشترە ھەموو ڕۆژێک بشۆرێت کە گەڕایتەوە ماڵەوە.

• لەم کاتەدا واز لە رێجیم کردن بھێنن، چونکە ڕێجیم و خۆ برسیکردن بەرگری لەش لاواز دەکات. بۆیە باشترە لەشت پڕ ڤیتامین و ئاو بێت کە ھاوکاریت دەکات لە لەناوبردنی ڤایرۆسەکە گەر خوانەکردە توش بویت.