سەردێڕ:

ئایا گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکانی ھەرێم تەنھا سوێچ پلاکێکە؟

4/17/2021 11:26:08 AM
1772 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولموتەلیب رەفعەت
+ -

چەند رۆژێک پێش ئێستا بەرێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان میوانی (NRT) بوو. پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا حکومەتی ھەرێم ئەتوانێ بەنداوەکان وەکو کارتی فشار دژ بە حکومەتی ناوەند بەکاربێنێ؟ بێژەری کەناڵی (NRT) وڵامەکەی وەرنەگرت و میوانەکە ھەوڵی دا لە ڕووی سیاسیەوە دڵی ئەو برادەرانە نەشکێنێ کە باس لە گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکان دەکەن و دواتر لە وڵامدا ووتی: گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکان تەنھا (سویچ پلاکێکە).

نەخێر یەک سویچ پلاک نییە بە ھیچ شێوەیەک، چونکە بەنداو بەتەواوەتی دەزگایەکی ئەندازەییە پێویستی بە ھاوسەنگی تەواوە لە نێوان ئەو بڕە ئاوەی کە دێتە نێو بەنداوەکە و ئەو بڕە ئاوەی کە دەردەچێت. توانای بەنداوەکانی ھەرێم تەنھا (١٠) ملیار م٣ و ھەر بڕێکی زیاتر لەو ژمارەیە مەترسیەکی زۆر گەورە لە سەر بەنداوەکان دروست دەکات و دەبێتە ھۆی دروستبوونی کارەساتی زۆر گەورە.
 
ئەگەر بەنداوی دوکان وەکو نمونە وەرگرین ئەوە توانای گلدانەوەی (٦,٨) ملیار م٣ ئاوی ھەیە. رۆژانە ئاو دابین دەکات بۆ بەنداوی (دوبس) و کەناڵە ئاودێرییەکان کە لە سەری دروست کراون (لە دەرەوەی سنوری ھەرێم) کە دەگاتە دوزخورماتوو، کەرکوک و حەویجە تاوەکو دەگاتە سنوری بێجی. ئەو کەناڵانە ئاو دابین دەکەن بۆ زیاتر لە (١,٥) یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو سنورە. جگە لەو بڕە ئاوەی کە بۆ وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو دانراوە بە مەبەستی (ئاو خواردنەوە). ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەو بڕە ئاوەمان بڕی، ئایا چ پرۆژەیەکمان ھەیە لە کوردستان بە قەباری ئەو (١,٥) ملیۆن دۆنمە بۆ ئەوەی ئەو بڕە ئاوەی تێدا سەرف بکەین؟
 
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر بەنداوی دەربەندیخانیش وەرگرین وەکو نمونە بە ھەممان شێوە، توانای گلدانەوەی (٢,٨)  ملیار م٣ ئاوی ھەیە. بەنداوی (حەمرین) لە باکوری پارێزگای دیالی بە ڕێژەی زیاتر لە ٨٠% پشتی بە بەنداوی دەربەندیخان بەستووە. جگە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەوە ئەم بەنداوە ئاو بۆ پرۆژە ئاودێرییەکانی سنوری پارێزگای دیالی دابین دەکات لە خانقین، جلولا، حەمرین، بەلەدروز، مەندلی... ھتد، تا دەگاتە سنوری بەغدا پێش تێکەڵبوونی روباری سیروان (دیالی) بە روباری (دیجلە). واتا لە دەرەوەی سنوری ھەرێم ئاو دابین دەکات بۆ زیاتر لە (٢) ملیۆن دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای دیالی و بەشێک لە پارێزگای بەغدا. 
ئەگەر ئەو بڕە ئاوەمان بڕی بە ھەمان شێوەی پرۆژەکانی بەنداوی دوکان کە ئاماژەی پێکرا، ئایا چ پرۆژەیەکی ئاودێری گەورەمان ھەیە بە قەبارەی (٢) ملیۆن دۆنم کە ئەو ھەموو ئاوەی تێدا سەرف بکرێت؟ یا تەنھا لە نێو بەنداوی دەربەندیخان بەندی دەکەن بێ گەڕانەوە بۆ بابەتی ھاوسەنگی ئاو لە بەنداوەکان؟ ژیانی زیاتر لە (٢) ملیۆن ھاوڵاتی کورد وزیاتر لە (٧) ملیۆن ھاوڵاتی نەتەوەکانی تر دەخەنە مەترسیەوە؟

بۆیە باسکردنی گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان لە ناوەند و بەکارھێنانی وەکو کارتی فشار ئەوپەڕی نازانستییە و بەڵگەیە لە سەر بێ ئاگابوون لە پرۆسەی بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو. گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکان پێویستیان ھەیە بە پرۆژەی جێگرەوە کە بتوانین ئاوی دەرچووی بەنداوەکانی تێدا بەکاربھێنرێت وەکو پرۆژەی ئاودێری گەورە، ئەو کات ئەتوانین ئاسایشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان بە رێژەی زیاتر لە ٨٠% دابین بکەین. بەڵام بەداخەوە ئەو عەقڵیەتی حوکمی ھەرێمی کوردستانی کردووە تا ئێستا زۆر بێ ئاگا بووە لە چۆنیەتی بەرێوبردنی سەرچاوەکانی ئاو و فەراھەمکردنی ئاسایشی ئاوو خۆراک لەم ھەرێمە.