سەردێڕ:

پڕۆژەی ئاوی گەرمەسێری ئێران (TWP) لە سەر ڕووباری سیروان

7/9/2020 10:24:57 PM
8479 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولموتەلیب رەفعەت
+ -

وڵاتی ئێران بە جدی وبێ ووچان کار لە سەر پڕۆژە ئاوییەکان وبەنداوەکان دەکات کە لە سەر ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان (سیروان وزێی بچووک ولقەکانیان) دروستی کردوون وخەریکی دروستکردنی بەنداوی زیاترە. چونکە ئەمە چانسێکی زۆر گەورەیە بۆ ئێران وھیچ کات وەکو ئێستا حکومەتی عیراق لاواز نەبووە بەرانبەر بە ئێران. ئەمە لە لایەک, لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوێی لێ خەواندووە وخۆی نەکردوەتە خاوەن ماف وخاوەن خاک وئاوی ئەم وڵاتە ‌و تەنھا چاوی لە سەر داھاتی نەوت و خاڵە سنوریەکانە. بۆیە ئێران تا لە توانای ھەبێت زیاتر خێرایی دەکات لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زانیاری تازە بڵاو دەکرێتەوە دەربارەی ئەو پڕۆژانە. سەرەڕای ئەوەی ئێران ھیچ زانیارییەکی فەرمی نادات لە سەر پڕۆژە ئاوییەکانی. 

یەکێک لەو پڕۆژە گەورانەی کە ئێران خەریکی دروستکردنیەتی وبەشێکی زۆری لە تەواوبووندایە (پڕۆژەی ئاوی گەرمەسێر TWP)ە کە ئەتوانین بڵێین ھاوشێوەی پڕۆژەی (GAP)ی تورکییە. ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و زیاتر مەبەست لێی فراوانکردنی زەوی کشتوکاڵییە وگۆڕینی زەوییە دێمەکانە بۆ زەوی کشتوکاڵی بەراو, ئەمەو جگە لە ئامانجی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و پیشەسازی. ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەش پێکھاتووە, یەکەم بەشی کارەکانی لە تەواوبووندایە کە ئاو لە ڕووباری سیروان ولقەکانی کۆدەکاتەوە بە (تونێڵی نەوسود) کە بەنداوی (داریان, ھێرۆ, ئەزگەڵە وچەند بەنداوێک وتونێلێکی لاوەکی تر) لە ئاوەزێڵی سیروان وزمکان دەبەستێت پێکەوە لەگەڵ بەنداوی (شەرەف شاە وچەمی جامیشان) لە دەرەوەی ئاوەزێڵی سیروان. 

ئامانجی سەرەکی ئەم بەشە لە پڕۆژەی (TWP) ئاودانی زیاتر لە (١٨٠) ھەزار ھێکتارە لە زەوی کشتوکاڵی. ھەر لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە زیاتر لە (یەک) ملیار مەتر سێجار ئاو لە ئاوەزێڵی سیروان وزمکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی گەرمەسێر لە ئێران. 

بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە بەنداوی ئەزگەڵەوە (کە ھاوسنورە لە گەڵ سەرتەکی بەمۆ) دەست پێدەکات تا پارێزگاکانی ئیلام وئەھواز. ئەم بەشە ئاوی زیادە لە بەشی یەکەمەوە دەگوازێتەوە بە تونێڵ وکەناڵی ئاوی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ئیلام وبەشێک لە پارێزگای ئەھواز, و زیاتر بۆ مەبەستی فراوانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە. 

پڕۆژەی (TWP) جگە لە تونێڵی (نەوسود) وچەند تونێڵێکی تری لاوەکی پێکھاتووە لە (١٣) بەنداو کە بریتین لە (گاوشان, سلێمان شاە, ئازادی, گاران, ژاوە, زێویە, ئازاد, داریان, زمکان, ھێرۆی, ئەزگەڵە, ئەمیر ئاباد و بەنداوی رەمشات). 

بە تەواوبوونی بەشی دوومی ئەم پڕۆژەیە ڕووباری سیروان (٧٠%)ی داھاتی لە دەستدەدات وھەروەھا تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکەشی نامێنێ. تەنھا (٣٠%) ڕووباری سیروان دەمێنێتەوە کە لە ناوخۆی ھەرێمەوە دابیندەکرێت. گەورەترین مەترسی ئەم پڕۆژەیە لە سەر بەنداوی دەربەندیخان وحەمرین دەبێت وناوچەی گەرمیان تووشی گرفتی بەبیابانبوونێکی توند دەبێتەوە کە زۆر ئەستەمە چارەسەربکرێت.

پڕۆژەی (TWP) پێکھاتووە لەم بەنداوانەی لای خوارەوە: 

١- بەنداوە لاوەکییەکان: ئەم بەنداوانە بە شێوەی بەنداوی ڕێکخەرن ولە ڕێی تونێڵ وکەناڵەوە ئاو دەگوازنەوە بۆ تونێڵی (نەوسوود) وەکو (مرەخێڵ ولێڵە وگردی قاسمان). 

٢- بەنداوی کاوشان: ئامانج لە درووست کردنی گواستنەوەی (٥٥٠ ملیۆن م٣) ئاوە لە ڕووباری سیروانەوە لە ئێران بۆ ئاوەزێڵی ڕووباری (کەرخە) بە مەبەستی ئاودێریکردنی زیاتر لە (٣٠) ھەزار ھێکتار لە دەوروپشتی ئاوەزێڵی کەرخە. 

٣- بەنداوی گاران: ئەم بەنداوە ئەکەوێتە دووری (٢٠ کم) لە شاری مەریوان لە کوردستانی ڕۆژھەڵات و لە سەر زێی (گاران)ی سەر بە ڕووباری سیروان دروست کراوە. توانای خەزنکردنی زیاتر لە (١١٠ ملیۆن م٣) ئاوی دەبێت و توانای ئاودێریکردنی زیاتر لە (١٠) ھەزار ھێکتار زەوی کشتوکاڵی ھەیە. ھەروەھا وەکو سەرچاوەیەکی ئاو خواردنەوە ھەژمار دەکرێت بۆ شاری مەریوان ودەوروپشتی. ئەم بەنداوە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لە سەر ھەرێمی کوردستان وبە تایبەتی لە سەر ناوچەی (گەرمیان) چونکە ئەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی بەنداوی دەربەندیخان بە ڕێژەیەکی زۆر, و کاریگەری دەبێت لە سەر بەنداوی (حەمرین). ولە ئەنجامدا ئەبێتە ھۆی تێکچوونی ھاوسەنگی ئاوو ھەوا لەو ناوچانەی کە رووباری سیروانی تێدا تێپەڕدەبێت و ڕەنگە کێشە لە نێوان ناوچەکانیش سەرھەڵبدات لە سەر بەشە ئاو. وکاریگەرییەکانی ئەم بەنداوە سەریھەڵداوە بەڵام بەھۆی زۆری دابارین لە ساڵانی ڕابردوودا بە توندی دەرنەکەوت.  

٤- بەنداوی داریان باوە: ئەم پڕۆژەیە توانای خەزنکردنی ئەگاتە نزیکەی (٩٠٧ ملیۆن م٣) وپێکھاتووە لە دوو تونێڵی سەرەکی. تونێڵی لای ڕاست بە درێژی (٩٨٩ م) وئەوی لای چەپ (١٠٣٤ م). ئامانج لە دروستکردنی ئەم بەنداوە دابین کردنی (٣١٦,٣ ملیۆن م٣) بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکەو بەرھەمھێنانی (٢١٠ مێگاوات) لە وزەی کارەبا. ئەم بەنداوە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە سەر ڕووباری سیروان وئەبێتە ھۆی تێکچوونی سیستمی ئەم ڕووبارە ‌و دواتر کاریگەری دەبێت لە سەر ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان. ھەروەھا کاریگەری ڕاستوخۆی دەبێت لە سەر ئەو ناوچانەی ئەم ڕووبارە(سیروان)ی تێدا تێپەڕدەبێت وەکو ھەڵەبجە ‌و گەرمیان و پارێزگای دیالە.  

٥- تونێڵی نەوسوود: ئەم تونێڵە بە گەورەترین تونێڵە ئاوییەکانی جیھان ھەژماردەکرێت کە درێژییەکی ئەگاتە (٤٨,٧ کم) وبە تیرەی (٦,١٢٥ م). ئامانج لەم تونێڵە گواستنەوەی (٧٠ م٣/چ) ئاوە لە بەنداوی (داریان, زمکان, لێڵە, مرەخێڵ, گردی قاسمان وھێرۆی)ەوە بۆ بەنداوی (ئەزگەڵە) ودواتر بۆ ناوچەی (سەرپێڵ زەھاو) ئەم پڕۆژەیە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە سەر ناوچەی گەرمیان وپاریزگای دیالە. 

٦- بەنداوی ئەزگەڵە (شەھیدانی ئەزگەڵە): ئەم بەنداوە ئەکەوێتە ناوچەی (سەرتەک) لە دیوی ئێرانەوە توانای خەزنکردنی زیاتر لە (٣٠ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە. 

٧- بەنداوی ھێرۆی: لە سەر ڕووباری سیروان دروستکراوە بە دووری (٣٠)کم لە بەنداوی داریانەوە, توانای خەزنکردنی (١٢ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە, ئەم بەنداوە مەترسیدارترین بەنداوە لە سەر ڕووباری سیروان چونکە ڕێگری دەکات لە چوونی ئاوی ڕووبارەکە و ئەو بڕە ئاوە زیادانە کە لە ئاوەزێڵی سیروانەوە دەچێتە نێو خاکی ھەرێمەوە و ئەیگوازێتەوە بۆ نێو تونێڵی نەوسوود.  

٨- بەنداوی زمکان: لە سەر لقی زمکان دروستکراوە کە یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ڕووباری سیروان, توانای خەزنکردنی زیاتر لە (٢٣ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە و ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەم بەنداوە ئاودێریکردنی (٥٣١) ھێکتار زەوی کشتوکاڵییە وگۆڕینی (١٧٠٠) ھێکتار لە دێمیەوە بۆ زەوی کشتوکاڵی بەراو.  

٩- بەنداوی ئازاد: لە سەر لقی (گورە) دروستکراوە کە لقێکە لە لقەکەنانی ڕووباری سیروان وتوانای گلدانەوەی (٣٠٠ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە کە ئامانجی خواردنەوەو کشتوکاڵکردن وبەرھەمھێنانی وزەی کارەباییە. 

١٠- بەنداوی زێویە: لە دوری (٢٦)کم لە شاری کامیاران. توانای گلدانەوەی (١٧ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە کە بۆ مەبەستی ئاودێری کردنی (٢٥٠٠) ھێکتار لە زەوی کشتوکاڵی بەکاردەھێنرێت. 

١١- بەنداوی ژاوە: توانای گلدانەوەی (١٧٢ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە کە بۆ مەبەستی پیشەسازی و ئاودێری کردنی (١٧٠٠٠) ھێکتار زەوی کشتوکاڵی بەکاردەھێنرێت. 

١٢- بەنداوی ئازادی: توانای گلدانەوەی زیاتر لە (٧٠ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە کە بۆ مەبەستی خواردنەوەو پیشەسازی وھەروەھا ئاودێریکردنی (٤٢٠٠) ھێکتار زەوی کشتوکاڵی ھەیە. 

١٣- بەنداوی سلێمان شاە: توانای گلدانەوەی زیاتر لە (٤٨ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە کە بۆ مەبەستی خواردنەوەو پیشەسازی وھەروەھا ئاودێریکردنی (٢٦٠٠) ھێکتار زەوی کشتوکاڵی ھەیە.

١٤- بەنداوی ئەمیر ئاباد: لە کامیاران دروست کراوەو توانای گلدانەوەی زیاتر لە (٦ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە.

١٥- بەنداوی رەمشەت: توانای گلدانەوەی زیاتر لە (٦ ملیۆن م٣) ئاوی ھەیە وئەم بەنداوە لە گەڵ بەنداوی (ئەمیر ئاباد) توانای ئاودێریکردنی (١١٤٠) ھێکتار زەوی کشتوکاڵیان ھەیە.   

ھەروەھا چەندین پڕۆژەی تر ھەیە کە زانیاری بەردەست نییە لە سەریان وئێران بەردەوامە لە کارکردن تێیاندا.

دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆژە گەورانە ئاستی ڕووباری سیروان دادەبەزێت وبە ڕێژەیەکی زۆر کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوچەی گەرمیان و دواتر ناوچەکانی پارێزگای دیالە لە ناوەڕاستی عیراق. تا ئێستا دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ ناڕەزاییەکیان بەشێوەیەکی جدی دەرنەبڕیوە (ئەگەریش ھەبێت ڕەنگە تەنھا لێدوانی میدیاییە) سەرەڕای ئەوەی کە زانیاری تەواویان لەسەر ئەو پڕۆژەیە ھەیە. 

دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان ئەبێتە ھۆی پیسبوونی ئەم ڕووبارە (زیادبوونی ڕێژەی پیسی Pollutants) بە ھۆی تێکەڵبوونی پاشەڕۆی شارو ناوچە پیشەسازییەکان و پاشماوە کشتوکاڵییەکان بەم ڕووبارە، ھەروەھا دابەزینی ئاستی ئاوەکە دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڕێژەی سوێری (EC) کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر کشتوکاڵکردن و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان. 

سەرچاوەکان
- کۆمپانیای ئەندازیاری ڕاوێژکار (مھاب قدس), تونێڵی باشوری نەوسوود وگواستنەوەی سامانی ئاو (بە زمانی فارسی). 
- نوسینگەی ئەندازیاری ڕاوێژکار, کۆمپانیایی گەشەکردنی وزەو سەراوەکانی ئاوی ئێرانی, پلانی گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچەی گەرمەسێر (بە زمانی فارسی). 
- عبدالمگلب رفعت سرحت, کتێبی (کورد وعیراق لە سیاسەتی ئاوی وڵاتانی سەرچاوە), لاپەڕە (٦١-٦٤).