سەردێڕ:

لە چ کۆمەڵگەیەکدا ژیان دەکەین؟

2/24/2021 12:59:03 PM
4709 جار خوێندراوەتەوە
د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
+ -

بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ هەر دیاردەیەکی سەرنج راکێشدا، کۆمەڵگەی ئێمە دابەشبوونێکی توند بەخۆیەوە دەبینێت، تا ئاستی ئاڵۆزی و پێکدادان، ئەم دوو لەتبوونە لەسەر ئاستی سۆشیاڵ میدیا بەرجەستە و بینراوترە، هەرچەندە هەندێکجار دەگاتە ئامرازەکانی میدیای گشتی و دامودەزگا فەرمی و نافەرمییەکانیش. بێگومان کەرەستەی سەرەکی ئەم پێکدادانانە بابەتە کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسییەکانە، کە جێگەی مشتومڕو راوبۆچوونی جیاوازن.

ئەوەی جێی سەرنجە هەندێکجار ئەکتەرەکانی هەردوو بەرەی دژیەک بەپێی بابەتەکە (کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی) دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی جێگیرە توندی هەڵوێست و رەدکردنەوەی بەرامبەرە، خاڵی هاوبەشی نێوان هەڵوێستەکان بریتیە لە نەهێشتنەوەی خاڵی هاوبەش بۆ یەکترقبوڵکردن و گفتوگۆو ئاڵوگۆڕی راوبۆچوون.

یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ئەم دۆخە ئاڵۆزە بریتییە لە قبوڵنەکردنی ئەو گۆڕانەی کە بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا هاتووەو بەردەوامیش دەبێت، هەروەها تێنەگەیشتن لە سەردەمی نوێ و ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی زیاتر، سەردەمێک کە چیتر یەک رەنگ و یەک دەنگ نابێت لە هیچ بابەتێکدا، بە ڕادەیەک تاکە خاڵی جێگیری سەردەمی نوێ بریتییە لە فرەیی لە هەموو بوارەکاندا.

لێرەدا ئاماژە بە یەکێک لە بابەتە پڕ کێشە و مشتومڕ ئامێزەکان دەکەم، ئەویش جیاوازی هەڵوێستەکانە لە نێو کایەی ئایینی لەلایەک، هەروەها دوو لەتبوونی توند لە نێوان ئاراستە ئایینییەکان و ئاراستە سێکیولارەکاندا، ئامرازی دەستی هەندێک لە ئاراستە ئایینییەکان بریتییە لە کشاندنەوەی شەرعیەتی ئایینی لە بەرامبەرەکانیان لە رێگەی «تەبدیع» و «تەکفیر»ەوە، لە بەرامبەریشدا ئامرازی دەستی ئاراستە سێکیولارەکانیش بریتییە لە کشاندنەوەی شەرعیەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەقڵانیەت و زانستخوازی لە بەرامبەرەکانیان لە رێگەی «تەخوین» و «تەجهیل»ەوە.

تاکە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بریتییە لە تێگەیشتن هەردوو ئاراستەکە (ئایینی و سێکیولار) لە کۆمەڵگە وەک ئەوەی کە هەیە و خەریکە بەردەوام بەرجەستە دەبێت، نەک ئەوەی هەر ئاراستەیەک دەیخوازێت یان خۆی وێنای دەکات، پاشان قبوڵکردنی ئەو جیاوازییانە و خۆ راهێنان لەسەر قبوڵکردنی فرەیی فیکری و دابەشبوونی کردەیی بەسەر ئاراستە و گروپی جیاوازدا، چونکە لە کۆتاییدا لە قازانجی هەردوولایە.

ئەم تێگەیشتن و قبوڵکردنە پشتدەبەستێت بە سێ بنەمای گرنگ:

یەکەم: بنەمای فەلسەفی: هەردوو ئاراستەکە مافێکی بنەڕەتیان هەیە بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە بواری گشتی کۆمەڵگەدا، واتە هەمان ئەو مافەی کە تۆ بە خۆتی دەدەیت بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونەکانت، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ شەرعیەتدان بە بیروبۆچوونی بەرامبەر، هەروەها هەر رەدکردنەوەیەکی بەرامبەر لەڕووی فەلسەفییەوە یەکسانە بە رەدکردنەوەی خود.

دووەم: بنەمای سۆسیۆلۆژی: هەردوو ئاراستەکە مافێکی کۆمەڵایەتییان هەیە بۆ وەرگرتنی شوناس و خۆ نمایشکردن و پیادەکردنی مافە کەلتوورییەکانیان، هیچ ئاراستەیەک (ئایینی یان سێکیولار) دارای پیرۆزی و هەڵاوێردنێکی تایبەت نییە، واتە شەرعیەتی بوونی هەر شوناسێک لە کۆمەڵگەدا دەگەڕێتەوە بۆ کارلێککردن و ئاڵوگۆڕی پۆزەتیڤ لەگەڵ ئاراستەکانی تردا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەونی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە.

سێیەم: بنەمای چالاکی و خەبات: هەر ئاراستەیەکی فەلسەفی و شوناسێکی گروپی کۆمەڵایەتی لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە کایە جیاوازەکانی بواری گشتیدا چالاکی بنوێنێت، فیکری خۆی بڵاوبکاتەوە و کاریگەریی لەسەر ئەوانیتر دروستبکات، لە رێگەی پرۆژەی جیاوازی فەرهەنگی و سیاسی و ئابورییەوە، واتە هەر جوڵە و چالاکییەک لەلایەن هەر ئاراستەیەکەوە واتە مافێکی یەکسان و بەرامبەر بۆ ئاستەیەکی دیکە بۆ خەبات و چالاکی لە بواری گشتیدا، بێگومان لەم کێبڕکێیەدا سەروەری یاسا باڵادەستە و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان مرۆڤ خاڵی جێگیرە.

پوختەی مەبەست:

هەردوو ئاراستەی (ئایینی و سێکیولار) لە رووی (فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و چالاکی)ەوە دەبێت پابەندی (رێسای زێڕین، Golden Rule) بن، واتە (ئەوەی بۆ خۆت پێتخۆشە و بە ڕەوای دەبینیت، بۆ ئەوانیتریش پێتخۆشبێت و بە ڕەوای ببینە) یان (ئەوەی بۆ خۆت پێتناخۆشە و بە ڕەوای نابینیت، بۆ ئەوانیتریش پێتناخۆشبێت و بە ڕەوای مەبینە).