سەردێڕ:

لەبارەی ئەخلاقی سیاسییەوە

7/8/2020 9:44:39 PM
4442 جار خوێندراوەتەوە
د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
+ -

ئەخلاقی سیاسی، Political Ethics ) یان (ئەخلاقی گشتی، Public Ethics)بریتیە لە داوەریکردنی و حوکمدان بە دروستی یان نادروستی گوتار و ڕەفتارە سیاسییەکان لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە. 

ئەخلاقی سیاسی، دابەشدەبێت بۆ دوو بەش: 

یەکەم: ئەخلاقی پیادەکردن، دووەم: ئەخلاقی سیاسەتەکان، لێرەدا باسی یەکەم دەکەین. 

یەکەم: ئەخلاقی پیادەکردن (Ethics of Process) یان ئەخلاقی خاوەن پلە و پۆستەکان (Ethics of Office) ئەم بەشەی ئەخلاقی سیاسی جەختدەکاتەوە لە ئەخلاقی فەرمانبەری گشتی و ئەو شێوازانەی بەکاریان دێنێت لە ئەنجامدانی کارەکانیدا، بە دەربڕینێکی دیکە بریتیە لە ئەخلاقی ئەو کەسانەی لە پلە ‌و پۆستی گشتیدان و بەشدارن لە پرۆسەی حوکمڕانیدا. 

کێشەی سەرەکی کە دووچاری ئەم کەسانە دەبێتەوە بریتیە لە ئەنجامدانی کردارێکی نادروست یان کردارێکی پێچەوانە لەگەڵ بەڵێنەکانی پێشوویاندا، بە دەربڕینی (مایکڵ واڵزەر، Michael Walzer) بریتیە لە (کێشەی دەستە پیسەکان، Problem of Dirty Hands)، واتە لە سیاسەتدا ھەندێک کاری ھەڵە ئەنجامدەدرێت کە لە رووی ئەخلاقیەوە نادروستن. 

لە دامودەزگا گەورەکانیشدا بەھۆی ھەبوونی زیاد لە بەرپرسێکی کارگێڕی، کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ناتوانرێت بە ئاسانی کەسی بەرپرس لە ھەڵەکە دیاری بکرێت، ئەمەش بە (کێشەی زۆری دەستەکان، Problem of Many Hands)  ناسراوە. 

نموونەی نا ئەخلاقی سیاسی پلەو پۆست (گەندەڵی،Corruption )ـە واتە بەکارھێنانی پلە ‌و پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، گەندەڵی کێشەی دەستی پیسە، بەڵام کاتێک دەبێتە تۆڕو رێکخراو کێشەی زۆری دەستەکانیش پەیدا دەبێت، بۆ نموونە ھەموو کەس دەزانێت لە کوردستاندا گەندەڵی ھەیە، بەڵام کەسیش ڕاستەوخۆ خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، بگرە ھەمووان بانگەشەی چاکسازی دەکەن! 

لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە یەکەم سیفەتی ئەخلاقی کە پێویستە لە کەسانی خاوەن پلە و پۆستدا ھەبێت بریتیە لە (ڕاستگۆیی، Honesty) یان پابەندبوون بە (حەقیقەت، Truth). بۆیە (دێنیس تۆمسۆن، Dennis Thompson) بانگەشەی ئەوە دەکات لە دیمۆکراسیدا پێویستە خەڵک بەرپرسیاریەتی بخەنە ئەستۆی سەرکردەکان و خۆشیان بەرپرسیارییەتی ھەڵبگرن، بۆ نموونە کاتێک سەرکردەکان کارێکیان ئەنجامدا لە رووی ئەخلاقیەوە پاساوی نەبوو، ئەوا تەنھا دەستی سیاسییەکان پیس نابن، بەڵکو دەستی خەڵکیش پیس دەبێت، ئەم پرۆسەیەش ناودەنێت (Democratic Dirty Hands). 

باوەڕبوون بە (فەزیلەتە ئەخلاقیەکان، پابەندبوونی کەسی، پەروەردەی شیاو) کاریگەرییان ھەیە لەسەر ئەخلاقی سیاسی خاوەن پلەو پۆستەکان. 
دووەم: ئەخلاقی سیاسەتە گشتییەکان: ئەم بوارەی ئەخلاقی سیاسی تایبەتە بە پەیوەندی نێوان (ئەخلاق و سیاسەتی گشتی، Ethics and Public Policy)، واتە حوکمدان لەسەر ڕەچاوکردنی پێوەرە ئەخلاقیەکان لە پرۆسەکانی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکان لە حوکمڕانی وڵاتدا، وەک بوارەکانی: (دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی، نیشتەجێبوون). 

یەکەمین دەرئەنجامی ئەخلاقیبوونی سیاسەتەکان بریتیە لە بەدەستھێنانی (متمانە، Credibility)، ھەر دەسەڵاتێکیش کێشەی بەدەستھێنانی متمانەی خەڵکی ھەبێت، واتە کێشەی لە ئەخلاقیبوونی سیاسەتەکانیدا ھەیە. 

ئەخلاقیبوونی سیاسەتە گشتییەکان لەسەر دوو ئاست بڕیاری لەسەر دەدرێت. 

١:ئەخلاقیبوون لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا: مەبەست لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان بریتییە لە بەدیھێنانی ئامانجێکی سەرەکی وەک (عەدالەت، Justice)، واتە دەبێت سیاسەتە گشتییەکان بخرێنە خزمەت بەدیھێنانی عەدالەت و لە فەلسەفەی یاسادانان و سزادانی وڵاتیشدا رەنگبداتەوە. (ھارۆڵد لازوێڵ، Harold Lasswell): لە پێناسەی سیاسەتدا دەڵێت: (کێ، چی دەستدەکەوێت، کەی، و چۆن؟، Politics: Who Gets What, When, and How?). ئەمەش بریتیە لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتە گشتیەکان. یەکێک لەکێشەکانی ئەخلاقیبوون لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا (رەچاونەکردنی بنەماکانی عەدالەت)ـە، واتە پشتگوێخستنی بنەما دامودەزگاییەکانی عەدالەت، بۆ نموونە: یەکێک لە بنەما‌کانی پیادەکردنی عەدالەت بریتیە لە دابینکردنی ھەلی یەکسان بۆ ھاوڵاتیان، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان دەبینین بەمەبەستی سوودمەندبوونی (ئەندامانی حیزب، خزم و خێڵ، ناوچەگەرێتی) ئەم بنەمایە پێشێلکراوە، لە رێگەی:‌ (تەزکیەی حیزبی، دیاردەی بەدەر لە رێنماییەکان، دیاردەی شازادەی سیاسی واتە کوڕی بەرپرس دەبێتە بەرپرس) 

٢:ئەخلاقیبوون لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکاندا: جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکان لە ھەر وڵاتێکدا واتە گرتنەبەری میکانیزمی جیاواز لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجە سەرەکیەکەدا وەک سیاسەتەکانی (عەدالەتی دابەشکردن، Distributive Justice)، وەک: ڕەچاوکردنی عەدالەت لە دابەشکردنی داھاتەکان و دانانی باج و سیستمی موچە. (

دەیڤید ئیستن، David Easton):  رای وایە پرۆسەی سیاسەت بریتیە لە: (دیاریکردنی دەسەڵاتدارانەی بەھاکان،Authoritative Allocation of Values).  واتە پرۆسەی جێبەجێکردنی سیاسەتەکان و دابەشکردنی بەھاو داھاتەکان. 

یەکێک لەکێشەکانی ئەخلاقیبوون لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکاندا (ناکۆکی نێوان ئامانج و ئامرازەکان)ـە، واتە گرتنەبەری ئامرازی نائەخلاقی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، وەک جێبەجێکردنی رێسا‌ی میکاڤیلیزمی سیاسی (ئامانج پاساوە بۆ ئامراز، The End justifies The Means)، بۆ نموونە لە ھەرێمی کوردستان بە پاساوی مانەوە لە دەسەڵات، یان پاراستنی ئەزموونی حوکمڕانی چەندین ئامرازی نائەخلاقی و پێشێلکردنی مافی خەڵک گیراوەتەبەر، خراپترین نموونەکان:‌ (موچەی بندیوار، گرێبەستی کۆمپانیاکانی بەرپرس و حیزبەکان، ناعەدالەتی سیستمی موچە، خانەنشینکردنی ناشایستە).