سەردێڕ:

ھەرێمی سلێمانی یان لامەرکەزییەت؟

5/13/2020 12:59:47 AM
9270 جار خوێندراوەتەوە
ئارام سەعید
+ -

ماوەیەکە لێدوان و گفتوگۆی زۆر لەسەر مەسەلەی لامەرکەزی دروستبووە کە دیارە جوڵینەری سەرەکی ئەمجارە و لەم تەوقیتەدا یەکێتیە کە بانگەشەی بۆ دەکات.

دوور لە موزایەدەی سیاسی و کارتی گوشار سیستمی لامەرکەزی جیبەجێکردنی لە ھەرێمی کوردستاندا ئەرکێکی زۆر قورس نیە و پێویستی بە گۆڕینی دەستور نیە، چونکە ھەرێم دەستوری نیە، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی ھەبێت کۆمەڵێک یاسایە کە کاتی خۆی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتی گۆڕییان لە پارلەماندا و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن و پارێزگاریان دەستکاریکرد لە بەرژەوەندی سەپاندنی زیاتری مەرکەزیەت، ئەوەی لەسەردەمی پۆل بریمەردا بۆ ھەموو عێراق دانرا (یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان) دەسەڵاتی تەواوی دابوو بە ئەنجومەنی پارێزگاکان و دواتر شۆربووەوە بۆ ئەنجومەنی قەزاکانیش، بەڵام سروشت و پێکھاتەی حزبی کوردی بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ئەو لامەرکەزیەتەی پێ ھەرس نابێت و ناچار بەچەند قۆناغێک سەروگوێلاکی یاساکەیان شکاند، ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان دواخست و فەرامۆشیان کرد.

ئێستا ململانێەکی توند لەنێوان ھەردوو حزبدا سەریھەڵداوە و ھەریەکەیان بەشێوەیەک گوزارشتی لێدەکەن و لێدوان و پێشنیاری ھەردولا بڵاودەکرێنەوە. لەکاتێکدا ئەم ململانێیە ھەیە قەیرانێکی ئابوری قورس بەرۆکی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەی گرتوە، ھەر لە نەبونی موچە و قەیرانی ئابوری بەھۆی کەرەنتینەی ڤایرۆسی کورۆناوە تا دەگاتە شکستی ھەردوو حزب لەبەرامبەر بەغدا و تەسلیم نەکردنی نەوتی ھەرێم و ھتد......

پرۆژەی ھەرێمی سلێمانی پرۆژەیەکە تەواو جیاوازە لەو لامەرکەزیەتەی ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی دەکەن. لامەرکەزیەت کاتێک دەبێت کە مەرکەز ھەبێت و دەسەڵاتەکان لەنێوان مەرکەز و ناوچەکانی تر بە یاسا رێکبخرێت، بۆیە کە دەوترێت لامەرکەزیەت لە ھەرێمدا ئەوە پرۆژەیەکە بۆ ھەرێم کە ھەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە واتە ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجەش جگەلەوەی دەکرێت قەزاکانیش ئەنجومەنی خۆیان ھەبێت، نەک تەنھا بۆ سلێمانی ، واتە لە مەرکەزەوە کە ھەولێرە دەبێت بڕیار بدرێت کە سیستمی لامەرکەزی پیادە بکرێت و بە یاسا دەسەڵاتەکان رێکبخریت و ئەوەش دەبێت پارلەمان بیکات کە زۆرینەی پارلەمان پارتیە و نایکات.

ئەم پرۆژەیە کەناوی ھەرێمی سلێمانیە ئەوەیە کە سلێمانی ببێت بە ھەرێمێکی سەربەخۆ و مەرکەز بەغدا بێت نەک ھەولێر، واتە سلێمانی ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ لە عێراقدا کە ئەویش دەستوری عێراق رێگەی پێداوە و رێکاری یاسایی بۆ دەستنیشانکردوە.

ئەوانەی نیگەرانن لەم پرۆژەیە پاساویان ئەوەیە ئەزمونەکە لەباردەبات و ھەرێم نامێنێت، واتە ئەو کوردستانە بەھێزەی بونیاد نراوە نامێنیت! جگە لەوەی مێژویەکی دورودرێژی کوردایەتی و خەبات باسدەکەن کە لەو پێناوەدا خوێنیان بەخشیوە بۆیە نابێت ئەزمونەکە لەناو ببرێت.

ھەندێکی تر بۆچونیان وایە کە ئەگەرھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد نەبێت ئەوا ئەگەر ھەرێمی سلێمانیش دروست بێت ھەر ئەوانە حوکم دەکەن کە ئێستا دەیکەن و دادگا بێلایەن نابێت و ھێزی چەکدار لەژێر چەتری حزب دەمێننەوە وعەینەن تاس و حەمامە!.

خودی ئەم پرۆژەیە لە بێ ئومێدیەکەوە سەریھەڵداوە لەئەنجامی پەراوێزخستنی سلێمانی و ھەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و لەماوەی چەند ساڵی رابردودا دەسەڵاتداران پرۆژە و کارەکانی سلێمانی دوادەخەن و ھاوڵاتیانیش لەم نێوەندەدا لەنێوان ھەولێر و سلێمانیدا ژمارەکانیان لێ وون دەبن و ھەریەکەی ئەویتر تاوانبار دەکات. بەنمونە پارتی دەڵێت یەکێتی رێگرە لە کارەکانی سلێمانی و یەکێتی دەڵێت کە پارتی کۆسپ دەخاتە بەردەم کاروباری سلێمانی و دەسەڵات ناداتە حکومەتە خۆجێیەکان تا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەوانەی بڕوایان بە ھەرێمکردنی سلێمانی ھەیە دەڵێن:

١. ئەگەر ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت و پارێزگای ھەڵەبجەشی لەگەڵ بێت ئەوا دەسەڵاتێکی دەبێت تەواو جیاواز لەوەی ئێستا، کە ئەگەر بەرێژەی بەشداری و دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی رابردودا بەراوردی بکەین ئەوا نوێنەرەکان و دەسەڵاتی سلێمانی تەواو دەگۆڕێت، چونکە ئێستا زۆر لە وەرەقەکان تێکەڵ دەکرێن و ژمارەی راستەقینەی دەنگدەرانی حزبەکان بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە لەنێوان پارێزگاکان تێکەڵ دەکرێ و قەبارەی راستەقینەی ھەر ھێز و حزبێک وون دەبێت لەنێوان پارێزگاکاندا، بەڵام ھەرێمەکە بەس سلێمانی بێت ئەوکات ھەموو ئەنجامەکان رونتر دەبن.

٢. لەکاتێکدا پارتی بە دەنگدان لە ھەرێمی سلێمانی دەنگی زۆرینەی نیە، بەڵام دەتوانێت بڕیار لەسەر بودجە و خەرجی و پلانی سلێمانی بدات و پڕۆژەکانی رابگرێت و خەرجی سنوردار بکات، کەئەمەش بێ ئومێدیەکی ترە کە ھێزێک لەسەدا دەی دەنگەکانی پارێزگایەکی ھەبێت و بڕیار لەسەر ھەموو جومگە سەرەکیەکانی بدات.

٣. خاڵێکی تر ئەوەیە دەمێک ساڵە لە سلێمانی خۆپیشاندان دەکرێت و دەنگی ناڕازی بەرزدەکرێتەوە و بێ ئەنجام کۆتایی دێت، کە ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە سلێمانی تەنھایە و پارێزگاکانی تر کە ئەم جوڵە و نارەزاییەی نیە و لەئاکامدا داواکارییەکان ون دەبن بەوەی دەسەڵاتی خۆجێی دەڵێت کە دەسەڵات لای ئەوان نیە، بەڵکو لە مەرکەزە کە ھەولێرە.

٤. بۆ لایەنی ئابورییش ئەم سنورە دەبوژێتەوە، پرۆژەی ئابوری سەربەخۆی پارتی و ریکەوتنە نەوتیەکانی لەگەڵ تورکیا رادەگیرێت و پێداچونەوە دەکرێت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی سروشتی لەگەڵ بەغدا و داھاتی ناوخۆ و نەوت دیار دەبێت.

٥. بۆ پێکھێنانی ھەرێمی لامەرکەزی سلێمانی کە قەزاکان و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەسەڵاتی خۆجێی خۆیان دەبێت و خاوەنی ئەنجومەنی ھەڵبژێردراو دەبن، جگە لە پارێزگای ھەڵەبجەش کە ئەنجومەنی پارێزگای دەبێت، پێویستە پەیکەری حزبەکانیش پیداچونەوەی تیدا بکرێت کە پەیکەرێکی مەرکەزی توندە، کە ئەمەش دەبێتە خالێکی ئەرێنی کە حوکمڕانیی ھەرێمی سلێمانی پتەو دەکات.

٦. ھەرێمی سلێمانی ئەگەری شەری ناوخۆ دوور دەخاتەوە و ئەوکات لەجیاتی ململانێی سەربازی نێوان زۆنی زەرد و سەوز پەیوەندی ئابوری و کەلتوریی و سیاسی جێگەی دەگرێتەوە.