سەردێڕ:

خۆپیشاندانی یاسایی و بە بەرھەم دەبێت چۆن بێت؟

8/11/2020 7:55:29 PM
4869 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار محەمەد ساڵح
+ -

خۆپیشاندان بریتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵە خەڵکێک لە گۆڕەپان و شوێنەگشتییەکاندا بە شێوەیەکی رێکخراو یان نیمچە رێکخراو، و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بۆ مەبەستی دروست کردنی رایەکی یەکگرتووی گشتی بۆ بەدەستھێنانی مەبەستێکی دیاری کراو.

رێکخستنی خۆپیشاندان لەلایەن لیژنەیەکەوە دەبێت کە لە ٣ کەس کەمتر و لە ٥ کەس زیاتر نەبن، خاوەنی شیاوی یاسایی بن و ئەرکی رێکخستن و بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکە دەگرنە ئەستۆ.

لیژنەی رێکخەر یەکەم ئەرکیان وەرگرتنی مۆڵەت دەبێت لە لایەنی پەیوەندیدار کە بریتیە لە وەزیر یاخود سەرۆکی یەکەی کارگێری.

وەرگرتنی مۆلەت بە داوەیەکی نوسراو دەبێت و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێ ئەمیش لای خۆیەوە دەتوانێ داوەکە رەت بکاتەوە ئەگەر پێی وابوو زیان بە سیستەمی گشتی و ئاکاری گشتی دەگەیەنێ، لێرەدا پێموایە ئەمە پێشێلکردنێکی یاسایی مافە دەستووریەکانە چونکە دەبێتە کۆت لەسەر مافی خۆپیشاندان و لەبنەڕەتدا رێکخستنی خۆپیشاندەران تەنھا بە ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیداردەبێت.

لیژنەی رێکخەر مافی ئەوەی ھەیە کە تانە لە بڕیاری لایەنی پەیوەندیدار بگرێ بۆ لای دادگای تیاھەڵچوونەوە و دادگا دەبێت لە ٤٨ کاتژمێردا تانەکە یەکلای بکاتەوە، خۆ ئەگەر لایەنیی پەیوەندیدار وەڵامی داوەکەی نەداوە، ئەوە داوای رێکخستنی خۆپیشاندان دوای ٤٨ کاتژمێر بە پەسەندکراو دادەنرێت.

داوای خۆپێشاندەران دەبێت ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار( کەسی یەکەمی بەرپرس لەو مەبەستەی کە خۆپیشاندانی بۆ رێکخراوە) بکرێت، وە لایەنی پەیوەندیدار دەبێت لەگەڵ لیژنەی تایبەت کۆببێتەوە و داواکارییەکانیان وەربگرێت و بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو.

ئەرکی ھێزەکانی پۆلیسە کە ئارامی و سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزن، لە حاڵەتێک کە دەزگاکانی پۆلیس لە سنوری خۆیان دەرچوون و ھێزیان بەکارھێنا دژی خۆپیشاندەران ئەوە بە پێی یاسا توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبن و رووبەرووی دادگای تایبەتمەند دەکرێنەوە.

ئەوانەی سەرەوە گرنگترین ئەو ئەحکامانەن کە لە یاسای ژمارە  ١١ ی سالی ٢٠١٠ ی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە تایبەت بە رێکخستنی خۆپیشاندان.

پشت بەست بەو حوکمە یاساییانەی باس کرا رێکخستنی ھەر خۆپیشاندانێک لە ھەرێم دەبێت بگونجێندرێت لەگەڵ مەبەستی خۆپیشاندانەکەدا، بۆنمونە خۆپیشاندانێک کە دژی شارەوانیەک یان پارێزگایەکی دیاری کراو ئەنجام درا دەبێت ئاڕاستەی سەرۆکی شارەوانی یان پارێزگاربکرێت، بەپێچەوانەوە ئەو خۆپیشاندانە کاریگەر و بە بەرھەم نابێت، لێرەوە دەتوانین بلێین خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەمەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە بەرھەم بێت دەبێت چەند رێگا و میکانیزمێکی تێدا بگیرێتەبەر، لەوانە :

یەکەم/ یەکەمین و سەرەکیترین داواکاری رێکخەرانی خۆپیشانەکە بریتیە لە ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئەنجام دانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەم داواکارییە دەبێت بە شێوەیەکی نوسراو ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بکرێت، نەک لەلایەن و جیھەتی تر، چونکە بەرپرسی یەکەم و خاوەن دەسەڵاتی یاسایی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی )یە، ئاشکرایە کە بەرپرسیارێتی سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارێتیەکی ھاوبەشی و کەسییە ( تچامنی و شخێی)، ئەمەش یەکێک لەماناکانی ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) بەرپرسی سەرجەم گەندەڵی و نادادییەکانی ئەم ھەرێمەیە لەڕووی یاساییەوە، زۆرجار گوێبیستی ئەوەدەبین کە سەرۆکی حکومەت لەباسی ھەندێک جۆری گەندەڵیدا ئەڵێ لەسەردەمی کابینەکانی پێشوودا کراون، لەڕاستیدا ئەم قسەیە شەفاعەتی یاسایی بۆ ناکات چونکە ئەوجۆرە لە گەندەڵی بە تاوانی بەردەوام دادەنرێت و خودی ئەم سەرۆکە بەرپرسی سەرەکی دەبێت لەو تاوانانە.

دووەم/ دەبێت ھەولێری پایتەخت بکرێتە چەقی خستنەڕووی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان، ئەمە یاسایەکی کردەییە و دەبێت سەرجەم گۆڕانکارییەکان لە پایتەختەوە سەرچاوەبگرێ، پاشان سەرجەم کۆنسوڵخانەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە پایتەختدا کۆبوونەتەوە، ئەمە ھێز و قورسایی زیاتر بە داواکاری و خواستەکانی خۆپیشاندەران دەبەخشێ، و باشتر و روونتر نادادیەکانی ئەم حکومەتە بە نوێنەرایەتی وڵاتان دەگەیەنرێت.

سێیەم/ بەپێی یاسا دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەراندا کۆبێتەوە، وەک وتمان لایەنی بەرپرس سەرۆکی حکومەتە و بارەگای سەرۆک و ئەنجومەنی وەزیران لە پایتەختدایە، کەوایە ئەنجامدانی خۆپیشاندان یاخود زووم و فشاری زۆری خۆپیشاندەران لە دەرەوی پایتەخت ھیچی لە خۆپیشاندانەکانی تر زیاتر نابێ، چونکە سەرچاوەی دەسەڵات و بڕیاری یاسایی لە ھەولێرە.

چوارەم/ زەمینەخۆشکردن بۆ خۆپیشاندان و ھەوڵدان بۆ بەشداری چین و توێژە جیاوازەکان، منگقی نییە پێمان وابێت سەرۆکی حکومەت ھاوشێوەی سەرۆکی لبنان بەخۆپیشاندانێکی سادە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمان بکات، ئەمە رۆشنبیری دەوێت، رۆشنبیری حکومڕانی و وازھێنان لە دەسەڵات لەم سەرۆکە چاوەڕواننەکراوە، و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەکاتێکدا ئەنجامەکەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دیاربێت ھۆکارە بۆ بێھیواکردنی توێژەکانی پێکھێنەری خۆپیشاندان، نمونەشـمان خۆپیشاندانەکانی رابردوو بوو کە بەبێ ئەنجام و لە کەمترین کاتدا کە زۆرجار یەک رۆژی خایاندووە کۆتایی ھاتووە، ھەربۆیە بەڕای ئێمە ئەگەر کاری جدی و رێکخراو و پێشوەخت بۆ سەرخستنی ئەم خۆپیشاندانە نەکرابێ باشترە دوابخرێ بۆ کاتێکی داھاتوو بۆ ئەوەی چیدی خەڵک لە ممارەسەکردنی مافەکانیدا بێھیوانەبێ چونکە ئەمە بە پلەی یەکەم دەسەڵات لێی سوودمەندە.

پێنجەم/ کاتی خۆپیشاندان و بەردەوامی خاڵێکی گرنگە و نابێ پشتگوێ بخرێ، نابێ تەنھا بە خۆپیشاندانێکی یەک رۆژە و بەرزکردنەوەی ھەندێک دروشم کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە بێت، واتە رێکخەرانی خۆپیشاندان دەبێت بە گرنگیەوە لەم خاڵە بڕوانن کە ئەگەر دەسەڵات یان روونتر بڵێین سەرۆکی حکومەت داوکارییەکانی جێبەجێ نەکرد چی بکرێت؟ ئایا خۆپیشاندان بەردەوامی دەبێت؟، وەڵامی ئەم پرسیارە جێدەھێڵم بۆ رۆژانی داھاتوو.

لەکۆتایدا دەڵێین خۆپیشاندان مافێکی یاسایی و دەستورییە و پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان ممارەسەی ئەم مافەیان بکەن، ممارەسەکردنی مافە یاسایی مەدەنی و سیاسییەکان دەرخەری ئاستی ھۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگایە و ئامڕازێکیشە بۆ پراکتیزەکردن و گەشەی دیموکراسی ھەر وڵاتێک.